نوێنەری کۆنفیدراسیۆن لەگەڵ ئەندامێکی پاڕلەمانی کەنەدا کۆبوویەوە

مستەر کورد نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا، لە شاری ئەدمۆنتۆن لە باژێری ئەلبرتای کەنەدا، چاوی کەوت بە پارڵمانتار زیاد عەبوڵتایف
لە دەسپێکدا رەحیم رەشیدی، سپاسی ئەو پێشوازەییە گەرمەی کرد کە ئەو ئەندامەی پاڕڵمانی کەنەدا سەرەرای ئەوەی رۆژی شەممە پشووی فەرمییە بەڵام ناوبراو لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە شاری ئەدمۆنتۆن پێشوازی لە نوێنەری کۆنفیدراسیۆن کردوە.
پاشان مستەر کورد لەسەر پێکهێنانی ناوەندەکانی کەنەداو دواتر دامەزراندنی فێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ئاخافت و لەم پێوەندییەدا بەرنامەو دوورەدیمەنی هەنگاوەکانی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا شیکردوەوو داوای لەو پاڕڵمانتارە کرد کە پێکەوە چەند بەرنامەو پرۆژەی هاوبەش لە ئاستی باژێری ئەلبەرتا بە گشتیی و پاڕڵمانی فیدراڵ لە ئوتاوای پێتەخت بەرێوەبەرن.
هەروەها مستەر کورد باسی لە بایەخی وەرگرتنی کوردەکانی رۆژهەڵات لە لایەن کەنەداوە وەکوو پەنابەر کردو لەم بازنەدا داوای کرد پێکەوە کار بکەن بۆ هەڵگرتنی بەربەستە یاساییەکان و بەم هەنگاوەش خزمەت بەو مرۆڤانە بکرێ کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆیان بۆ خزمەت بە ئازادی و دێموکراسی تەرخان کردوە…
پاشان پاڕڵمانتار زیاد عەبوڵتایف خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە دەربڕی و سپاسی سەردانی نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی کردو هەنگاوەکانی یەکخستن و رێکخستنی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا بە پێویست و گرینگ لێکدایەوەو لەم بارەوە چەند پێشنیاری زانستی هێنایەبەرباس و بەڵێنی هەموو هاوکاریەکی پێویست و یاسایی بە نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانیدا.
زیاد لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لە سەفەری ئەمدوایانەی شاندنی پاڕڵمانی کەنەدا بۆ کوردستان کردو زۆر ستایشی ئارامی و کولتووری پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی لە کوردستان کردو دووپاتی کردەوە کە بە هەموو تواناوە لەگەڵ رەوەندی کوردستانی بۆ پتەوترکردنی پێوەندییەکانی نێوان کەنەداو کوردستان تێدەکۆشن.
شیاوی باسە لەو دیدارەدا، موحەممەد ئەتروشی و هاشم سندی ئەندامانی ناوەندی رەوەندی کوردستانی ئەدمۆنتۆن هاورێیەتی نوێنەری کۆنفیدراسیۆنیان دەکرد.

ڕەنگە بە دڵت بن