تێڕوانینێک بۆ کارە هونەرییەکانی نوسەر و دەرهێنەری کورد کەی بەهار

ئاشتی گەرمیانی ـ هۆڵەندا

بەشی دووەم..

  • کەرکوك سەردەمی منداڵی و هەرزەکاری ژیان و بیرەوەری و پێگەیشتن .. بەتایبەتی ڕەحیم ئاوا ، پێت وایە لەکەرکوك بناغەیەکی تاڵ و شیرینت هەبووە چ لە خوێندن و ژیان لەو گەڕەك و شارەدا ، چ لە ئەزیەت دروستبوون بۆ دیدەی فلیمەکان کەلە سینما سەلاحەدین و خەیام و حەمراو ئەتلەس و عەلەمێن .. هتد ، خۆمان و هەر خۆمان بووین بە سەرسەختی لە سەرکەوتنمان لە بواری هونەردا *

سەردەمی منداڵی ئەوەی کە زیاتر دێتەوە یادم، لە ١٩٦٥وە، کە تەمەنم پێنج ساڵ بوو، وەکو زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەمە، پڕ لە ئێش وئازار بوو بەهۆی نالەباری توندوتیژی سیستەمی خوێندنگا، ژمارەزۆری خێزان و نەشارەزایی لە پەروەردەکردن، بێبایەخی کۆمەڵگا بۆ منداڵ و ترسی ڕژیمی بەعس و عارەبی شۆڤینی – واتە لە هەموو ڕوویەکەوە بێبەش بووین لە ئاسوودەیی و خۆشی ژیان. جگە لەوەی کە بۆمان هەبوو لە کۆڵان یاری بکەین، و من شانسی ئەوەمبوو کەوا خێزانەکەم زۆر عاشق بوو بە سینەما، و لەپێنج ساڵیەوە ئاشنابووم بە سینەما. بۆیە، زۆر جار لە نمایش و پێشکەشکاریەکانم دەڵێم؛ من بەچکەی سینەمام؛ هەموو پەروەردەگاری و خۆشەویستیم بۆ ژیان، بۆ ئازادی تاکە کەسی، و ئازادی
کوردو کوردستان ، بە هۆی تەماشاکردن فیلیمەوە ، بۆیە ئەگەر لەناو سینەما لەدایك نەبووم ، هیوام وایەو شاد دەبم لەناو سینەمادا کۆچ بکەم .

لەو سەردەمەدا بە گشتی کۆمەڵگای کورد لە بواری هونەریەوە زۆر دواکەوتوو بوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆ، بەتایبەت کاریگەری نەریت و کولتووری ناڕۆشنبیری، و داپچڕاویمان لە جیهان. بەڵام، گەڵانی تریش هەبوون بەهەمان شێوەی ئێمە ژیانیان سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزیان هەردەم زۆر بووە بۆ فەرهەنگ و هونەر، شانۆ، موزیک، فیلم و سینەما، چونکە هەر زوو لەوە گەیشتوون کە کۆمەڵگای هونەر لاواز کۆمەڵگایەکی داماوە. بۆیە دەتوانین بڵێی؛، بەڵێ خۆمان کۆسپ بووینە لە سەرکەوتن لە بواری هونەر، فیلم و سینەما، هەر وەکو کۆسپ بووینە لە سەرکەوتن لە زۆربەی بوارەکانی تری ژین، و زەرەر و زیانێکی زۆر کوشندەمان بەخۆ گەیاندوو، بەتایبەت لە نیشتیمان پەروەری، بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی.

  • ساڵی ١٩٨٧ یەکەمین کورتە فلیمت ئەنجام دا بەناوی (( پاسپۆرت )) ، هزرو لێکدانەوەتان چۆن بوو ، ئایا چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەی هۆلیوتت دەکرد ! بیرۆکەو ئازارەکانی ڕابردوو بێگومان گەلێك زۆر بوون ، ئایا چۆن ئەو هەموو بیرەوەریەت لە کورتە فلیمێکدا جێگە کردەوە ؟ *

من و هیچ کوردێک بۆمان نەبوو بڕۆین بۆ خوێندن لە تاراوگە، ئەگەر سیخوڕی سەدام نەبوینایە. بەڵام وەکو گەشتیارێک بۆم هەبوو بۆ دوو هەفتە بڕۆم بۆ یەک لە ووڵاتە ئەوروپیەکانی ڕۆژئاوا، بەمەرجێک باوکم یان یەک لە براکان ببن بە گەرانتی من بە بیست هەزار دۆلار. ئەگەر نەگەڕامەوە ئەوا دەبێت ئەو پارە بدەن بە ڕژێمی سەدام. ماڵەوە دەیانزانی ناگەڕێمەوە چونکە ژیانم لە مەترسیدا بوو، بەتایبەت کە بەتەمەن چواردە ساڵی گیرام بەدەستی ئەمن و ئیستیخباراتی عیراق، دوای ئازاردانێکی زۆر، نیازیان بوو لە سێدارەم بدەن، بەڵام براگەورەکەم و ماڵەوە منیان بە پارە کڕیەوە. واتە ماڵەوە زۆر شادبوون کە بڕۆم، و باک و دایکم، هەرچەند نەخۆێندەوار بوون، دەیانزانی بێوچە عاشق بووم بە فیلم و سینەما و زۆر خواستم بوو بڕۆم بۆ ئیتاڵیا بەهۆی دەوڵەمەندی و سەرکەوتن فیلم و سینەمای ئیتاڵی لەو سەردەمەدا. ئەوەبوو لە ١٩٨٠ گەیشتمە ئیتاڵیا، و دوای شەش مانگ چومە سەر شانۆ و لە ئاهەنگی نەورۆز شانۆگەری (خەبات)-م نمایش کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی باڵوێزی عێراقی هەڕەشە و ڕێگریم بکات لە نوێکردنەوەی پاسەپۆرتەکەم، و چیتر ماوەنەدات بە خێزانەکەم پارەم بۆ ڕەوانبکەن بە ڕێگای بانک. ئیتاڵیا ئەو سەردەمە شارەزایی نەبوو لە پەناهەندە، داوای لێکردم بڕۆم یاخود بگەڕێمەوە بۆ عێراق. نە دەمتوانی ئیتاڵیا بەجێ بێڵم چونکە پاسەپۆرتم نەبوو و نە بگەڕێمەوە چونکە بە دڵنیایەوە جارێکی تر خۆرم باچوی خۆم نەدەبینی. ئەم بوارەی ژیانم بیرۆکەیەکی زۆر جیهانی بوو بۆ دروستکردن یەکەم کورتە فیلمم بە ناونیشان “پاسەپۆڕت”، بە زمانی ئیتاڵی، و لەوێ جوان حاجۆ-ش بەژداری کرد و یەکەم جاری بوو لە فیلمی کوردێک بەدەرکەوێت. لەو سەردەمە وەکو ئەکتەر کارم دەکرد بە زمانی ئیتاڵی لەگەڵ تیپی میللی شانۆی ڤینیسیا، و هەروەها بۆ خۆشی دایک و باوکم، بەکالۆریۆسم خوێند لە تەلارسازی، بەڵام فیلمی پاسەپۆڕت سەرەتایەکی ڕەنگین بوو بۆ هەگاونان لە کارکردن لە پشت کامیراش. ئەم فیلمە، هەرچەند بۆ من زیاتر ئەزموونی خۆ-پێگەیاندن بوو، مێژووەیەکی زۆر گرنگە، چونکە لەو سەردەمەدا، بەهۆی ئەوەی سینەماکان لە ووڵات هەموو ڕوخاو و وەستاوبوون، بەدەگمەن کورد نەبوو نە لەناو وڵات و نە لە دەرەوە کاری فیلمکاری بگات .

*بەڕێز کەی بەهار لە پاش ئەو هەموو ئەزموونانە لە ئەوروپا و جیهان کە پێشوازی لێ دەکرێت وە ڕێز لە کارەکانت دەگرن وە لە ئاستێکی بەرزدا دەینرخێنن ، لە کوردستانیش هەمان دیدەو ئاسانکاری بۆ دەکرێت لە بەرهەم و کارەکانی داهاتوودا ؟ *

ئەم پرسیارە زۆر شیرینە لای من چونکە ڕێک لە زەبری مەحەک دەدات. ئەگەر من بەچکەی هەر میللەتێکی تر بومایە، ئەوروپی، ئەمەریکی، و وڵاتانی تری پێشکەوتو ،و شارستانی، ئەوا بە دڵنیایەوە تاکو ئێستا دەیان فیلمی سینەمایی فیکشن درێژم دەبوو، و دوور نیە خاوەن خەڵاتی هەرە بەرزی وەکو کان و ئۆسکار بومایە. بەڵام، چونکە کوردم و بێلایەنم، دوای ٤٣ ساڵ لە هەندەران و خۆپەروەردەکردن و ئەزموونێکی بێهاوتا، خاوەن یەک فیلمی درێژی سینەمایی فیکشن نیم و خاوەن هیچ لەو خەڵاتانە نیم و تاکو ئیمڕۆش نەمتوانیوە یەک دانە فیلم درێژی سینەمایی بەرهەمبێنم بەهۆی ئەوەی، چی وەکو حکومەتی هەرێم، و چی وەکو دەوڵەمەندانی کەرتی تایبەت، پشتگیری و پاڵپشتیان نەکردووم بەگوێرەی شایەستەی کارەکانم. بۆ نموونە پانزە ساڵە هەوڵدەدەم دیداری سەرۆک وەزیران بکەم – و ئەوا چەند سەرۆک وەزیران گۆڕا و یەکیان ماوەی یەک دانە کاژێری بە من نەبەخشی. تەنانەت بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیرانی ئێستاش، ئەوا دوو ساڵە نامەی بۆ ڕەوان دەکەم، ڕەنگە دە جار نامەم ناردبێت بۆ ئەوەی دیداری بکەم، و باسێک بکەم لە گرنگی ئەو کارانەی بە من دەکرێن بۆ خزمەت گەیاندن بە کورد و کوردستان و هاوکاری کردن لە زیاتر بوژانەوەی بواری ئابووری لە هەرێم. بەڵام دووبارە، هیچ وەڵامم نیە – جا ئایا لە ئۆفیس نامەکانم ناگەێنن بە سەرۆک وەزیران، یاخود سەرۆک وەزیرن بایەخی نیە بۆ فیلم و سینەما بە ئاستی ستانداردی جیهانی و گرنگی بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و ئازادی بە کۆمەڵگای جیهان؟
ئەمە کردارێکی زۆر زیانبەخشە چونکە من تاکو ئێستا بەکالۆریۆسم هەیە لە تەلارسازی، دیپلۆمم هەیە لە نواندن، بەکالۆریۆسم هەیە لە زانکۆی لەندەن لە فیلم و میدیا و ماستەر لە فیلمی سینەمایی لە بەڕیتانیا. هەروەها، تاکە کوردم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کە فیلمەکانم پەخشکراون لەسەر کەناڵە ناودارەکانی جیهان، وەکو، بی بی سی، پی بی ئێس، جەزیرە ئینگلیزی، ئارتێ، ڕای ئیتاڵی و دەیان کەناڵی تر لە کەنەداوە تاکو ئاوسترالیا و یابان. و یەکەم کوردم کە ڕۆمانی “نامە لە کوردێکەوە”-م نووسی وەکو یەکەم ڕۆمان کوردێک بینووسێتەوە بە زمانی ئینگلیزی و لە بەڕیتانیا بڵاوبێتەوە بە ستانداردی بازاری جیهانی. یەکەم کوردم کە لە کوردستان، هەولێر یەکەم ۆرکشاپی فیلمم گێڕا لە ١٩٩٦، و یەکەم کوردم لە مێژوو کە لە هەرێم، لە هۆڵی تەندروستی لە ٢٠٠١ یەکەم سێمینارم گێڕا بۆ فیلم نووسینەوە. خاوەن بیست و دوو فیلم کورت و درێژم و زیاتر لە حەفتا خەڵاتی نێودەوڵەتیم، و پێنج سکریپت فیلمی سینەمایی ئامادەم هەیە بۆ بەرهەمهێنان. دوان لەوانە (پێڵاو چاوبەست) و ( ئەمەریکان گامبیت) لە ٢٠٢١ خەڵاتی پێناسی ‘نازدارترین سکریپت”-یان وەرگرت لەلایەن فیلم مارکیت هەب لەسەر ئاستی سکریپتنووسانی ئەوروپی و ئەمەریکی. ئەمە جگە لە سەدان کۆڕ و پێشکەشکاری لە خوارووی ئەمەریکا، لە ئەمەریکا، لە ئەوروپا، هیندستان و ووڵاتانی تری ئاسیا. کەچی تاکو ئیمڕۆ، جگە لە ڕێز و پشتگیری چەند هاوڕێیەکی دڵسۆز نەبێت، حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگای کورد بەگشتی زۆر کەمتەرخەم بوونە بەرانبەر بەمن – ئەمە دەڵێم چونکە ڕاستیەکی تاڵە، نەوەی هەر ووڵاتێکی تر بومایە، ئیمڕۆ لە ژیان پێناس و ڕێزیان پێدەدام، نەک وەکو کورد چاوەڕوان بن تاکو دەمڕم. ئێستاش من بێ هیوا نیم و ئەم ڕاستیانە بەشێوازێ

نەگەتیڤ باس ناکەم، بەڵکو بە هیوای ئەوەی سوودمەند بێت بۆ هەموومان، و وەزارەتی ڕۆشنبیری، فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، ئەنجومەنی وەزیران، کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی، و کەرتی تایبەت لە کوردستان، و لە سەرووی هەمووەوە سەرۆک وەزیران، بایەخ بە من و کارەکانم بدەن و سوودم لێوەرگرن چونکە خەزینەیەکی ئۆقیانووسیم لە ئەزموون لە سەر ئاستی جیهانی و خۆشەویستیم بۆ کورد و کوردستان و بۆ سەربەخۆیی بورکانێکی هەردەم کڵپەدارە وەکو بابەگوڕگوڕ. گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە کەوا پشتگیری بکرێم لە دوو پڕۆژە کەوا دوو ساڵە خەریکم لەگەڵ حکومەتی هەریم؛ (بەجیهانی کردن کەرکوک) و فیلمی سینەمایی ( ڕۆمیۆ و جولێت کوردستان) – کە هەردووکیان بە نووسراو گەیشتوون بە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئەنجومەنی وەزیران، و بە نامە ڕەوانم کردوون بۆ سەرۆک وەزیران. ئەم دوو پڕۆژەیە زۆر گرنگن کەوا لە ٢٠٢٤ بە ئەنجام بدرێن و پێشوەخت بە ساڵی ٢٠٢٥، و یادی بیست ساڵەی واژووکردن دەستووری نوێی عیراق. ئەم دوو پڕۆژەیە مەبەستی سەرەکیان لۆبی کردنە لەناو کۆمەڵگای جیهان بۆ پەیداکردن پاڵپشتی بۆ جەخت کردن لە حکومەتی حێراق کە پبەدن بێت بە دەستوور و ڕێزبگریت لە مافی گەلی کورد. هەردوو پڕۆژەکان تەنها لەپێناوی بەرزکردنەوەی ناوی کورد و ناساندنی مافی کوردە بەجیهان بۆ گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و بۆ ڕێزگرتن و پێناسی جیهانی بۆ ڕێفراندومی سەربەخۆیی ١٩١٧ بۆ بە دەوڵەتبوونمان
ئەم پڕۆژانە زۆر پێوستە لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران بێت چونکە؛ یەکەم، بۆ لۆبی (بەجیهانیکردن کەرکوک)، کە لەڕێگای هەر چواردە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە ڕۆژێک لە پایتەختەکانی ئەو ووڵاتانەسازدەکرێت و دەبەخشرێت بە کەرکوک، کۆڕ و لێکۆڵینەوە دەکرێت، بە ئامادەبوون نووێنەری حکومەت، پسپۆڕ ، پەرلەمانتار، پرێس و میدیا و دانیشتوانی ئەو وڵاتانە.گرنگ دەبێت کەوا یەکەم ڕۆژی بە جیهانی کردن کەرکوک، بە ئەمادەبوونی سەرۆک وەزیران بێت. و بۆ فیلمی سینەمایی (ڕۆمیۆ و جولیت کوردستان)، کە نیازمان هەیە ئەکتەری هۆلیود بانگێش بکەین بۆ بەژداریکردن و کارکردن لە هەرێمی کوردستان، کە هەنگاوێکی بێهاوتا و مێژوویی دەبێت، بێگومان ئەگەر پشتگیری سەرۆک وەزیرانمان هەبێت، هۆڵیود و ئەکتەر و کۆمپانیای بەڕیتانی و ئەمەریکیەکان باوەڕیان دەبێت بەو پڕۆژەیە و بێترس و بێ شک دێنە کوردستان بۆ ئەم کارە. ئەمە دەبێتە یەکەم فیلمی کورد کە دیواری فێستیڤاڵ بڕوخێنیت و بگاتە بازاری سینەما، و هەروەها ببێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی دەیان کۆمپانیای فیلمکاری جیهانی کە بێنە کوردستان و لە هەرێم پڕۆژەکانیان بکەن، هەروەکو ئەوانەی کە دەڕۆنە ووڵاتی مەغریب، یان ڕۆمانیا و دەبن بەهۆی داهاتێکی زۆر بەرز بۆ ئەو وولاتە، ئەمە جگە لەوەی ناوەڕۆک فیلمەکە کە ڕاستەوخۆ سەبارەت بە شەڕ و ناکۆکی دێڕینی نێوان کورد و عارەبی عێڕاقە

ڕەنگە بە دڵت بن