بەریتانیا: بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو


بە سەرپەرشتی شفا بارزانی و لەسەر پێشنیاری نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی، لەلایەن چەند زانکۆیەکی کوردستان و بەریتانیا و ڤییەنا و یابان، کۆنفڕانسێکی زانستی بۆ دانانی بناغەیەکی زانستی و دروست بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرای کوردستانی لە زانکۆی میدلسیکسی بەریتانی بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژانی ٣٠ی ١١ و ١ی ١٢ی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی شفا بارزانی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی و لەسەر پێشنیاری نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی، لە زانکۆی میدلسیکسی لەندەن و بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو، کۆنفڕانسەکە لەلایەن چوار زانکۆی وەک (زانکۆی کوردستان لە هەولێر، میدلسیکسی بەریتانی، ڤییەنا و ناکازاکی ژاپۆنی) ڕێکخرابوو، ئەوەش بۆ دانانی بناغەیەکی زانستی و دروست بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرای کوردستانی.
لە کۆنفڕانسەکەدا شارەزایان و پسپۆرانی بواری دیاسپۆرا و بەرپرس و سەرپەرشتیکارانی دیاسپۆرای وڵاتان و گەلانی بێ دەوڵەت و ئەندامێکی پەرلەمانی بەریتانیا بەشدار بوون، لەوانە (وەزیری دیاسپۆرای ئەرمەنی، نوێنەری دیاسپۆرای یۆنانی و هیندی، تامیلی و بەرپرسی دیاسپۆرای کەتەلۆنی، سکۆتلەندی و باسکی و مامۆستایانی زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و میدلسیکسی بەریتانی).
کۆنفڕانسەکە لە ئاستێکی بەرزی زانستیدا بوو، سەرەڕای پێدانی پێشنیار و باسکردنی ئەزموونییان، سەرجەمییان ئامادەیی خۆیان بۆ سەرخستنی بەرنامەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرایێکی کوردستانی یەکگرتوو دەربڕی.
هەروەها لەلایەن بەڕێز کاک شفا بارزانی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، ڕوانگەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە بارەی ڕێکخستنەوەی دیاسپۆرای کوردستانی خرایە ڕوو و، لەلایەن بەشداربووان گفتوگۆی لەسەر کرا و تاوتوێ کرا.
لە لێداوانێکدا بەرپرسی نووسینگەی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە گرنگی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە کرد و گوتی: “سازدانی کۆڕبەندی زانستی لەبارەی دیاسپۆرا گرینگە بۆ پەیداکردنی شارەزایی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی دیکە و، دروستکردنی لۆبییەکی کوردستانیی بەهێز لەگەڵ گەلان و ناوەندە زانستییە جیهانییەکاندا”.
لە کۆنفرانسەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان دکتۆر هێمن هەورامی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وە کاک سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ کاک کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و، کاک کارۆخ خۆشناو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەشداری بوون.

ڕەنگە بە دڵت بن