نوێنەری کۆنفدراسیۆن لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئۆکراینا کۆبوویەوە

نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، دیدارێکی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئۆکراینا ئەنجامدا، هاوکات پیرۆزبایی خۆیشی ئاڕاستەی ناوبراو کرد لەهەمبەر وەرگرتنی خەڵاتی بووش-تاچێر.

مستەر كورد نوێنەری كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لە ئەمریكا و كەنەدا، پیرۆزبایی لە پیترۆ پرۆشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكڕاینا کرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ”بووش-تاچێر لە پێناوی ئازادی” کە لەلایەن کۆڕبەندی دیموکراتەکانی جیهانەوە پێشکەشی کرا.

لە میانەی دیدارێکیدا مستەر کورد لەگەڵ پیترۆ پرۆشینکۆ، باسیان لە شەڕی رووسیا_ئۆکراینا کرد و، دەربارەی پشتیوانییە چەکداریییەکانی ئێران لە رووسیا دژی ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کرد.

نوێنەری کۆنفدراسیۆن داوای لە پیترۆ کرد پێگەی نێودەوڵەتی خۆی و شەپۆلی پشتیوانی جیهانی لە وڵاتەکەی بۆ لە قاودانی سیاسەتەکانی تاران بەکار بهێنێت. لەم بوارەدا وێڕای باس لە شۆڕشی ژینا، هەروەها باسی لەوەش کرد یەکەمین کۆماری کوردستان بە خیانەتی رووسیا رووخاوە و، کوردستانیان هەرگیز ئەو چاوچنۆکییەی مۆسکۆ دژی ئامانجەکانیان لە بیر ناکەن.

سەرۆکی پێشووی ئۆکراینا وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی لە دیدارەکە، هاوکات سڵاوی بۆ خۆراگری خەڵکی کوردستان هەبوو. بڕیاردرا لە بواری جۆراوجۆردا دیدار و کۆبوونەوە بۆ ئاڵوگۆری بیروڕا بەردەوام بن.

ڕەنگە بە دڵت بن