(د.بوشرا کەس نەزانی) لەدیمانەیەکدا دەڵێ: “لەمەجنون دەپرسن بۆ وا ئاڵاوی لە لەیلاوە، ئەویش دەڵێ:لەیلا بۆمن کاسەیەکە شەرابی عەشقی تێدا نۆش دەکەم،تێدەگەم هەمووان چاویان لە(کاسەکەیە)،بەڵام من تەنها چاوم لە(شەرابەکەیە)،تەنانەت گەر ئەو کاسەیە مسێکی شکاویش بێ،گرنگ شەرابەکەی ناویەتی،کەعیشقێکی ئیلاهییە بۆمن.
مەولاناش خۆی بەراورد دەکات بەمەجنون بەوجۆرە کە شەمس بۆ ئەو کاسەیەکە عیشقی ئیلاهی تێدا نۆش کردووە”.
بێگومان جاران وابوو، هیوا قادری شاعیر وتەنی”خۆشەویستی پێش ئەوەی ببێت بە ترپەو لەرزەکانی دڵ، وەرە لەچاواندا بۆی بگەڕێ”.
بێگومان جیالە جوانبینی شاعیر،دەکرێ بڵێین چاو هێزی جوانی بۆخۆشەویستی لەئێستادا لاواز بووە،بەراورد بەهێزی بینینە نوێکانی نێو دنیای سەرمایەداری.
گەر عەشق دوا سنوری خۆشەویستی بێ،واتە نەبینینی هیچ مەخلوقێکی دیکە،جگەلە ئیمپڕاتۆری یار،بەومانایەی کەیار لەهیچ شارو مەملەکەت و کون و قوژبنێکی ئەم جیهانەدا جێگرەوەی نییە…!؟ بەودەلیلەی کەدڵی دڵدار خۆی پێشکەشی مەعشوقی کردووە.
سەرنج بدەن لەرابردوو عیشق خەڵکی پێدەگەیاند لەبوارەکانی ئەدەبیات و هونەر بەگشتی و داهێنانیان لەدەقەکان و ئاوازەکاندا دەکردو دەگەڕان بۆ جوانترین و دەگمەنترین و ناوازەترین و نوێترین وشە تاجەنابی یاری پێ وەسف بکەن و بارزو گەشاوەتری بکەن،مەگەر نالی چی بۆ حەبیبە نەنوسیوە،چونکە رۆح و دڵی لای دڵبەرەکەی بوو،شاکاریان دەخولقاندو کۆمەڵگەیان بۆ وتووێژی ئاست بەرز لەنێو تاکەکاندا ئاڕاستەدەکرد، نەک بیریان لای خزمەتی ئەکتیڤی پەیج و لایک و ڤیوو بێت.دەقی جوان هەرگیز پێویستی بەرێکلام نییە،کەس نییە هاوار بکاو بڵێ:وەرنەوە بۆ ئەڵماس و ئاڵتون.
جاران هەر کەواو کراسی یار شوێنی مەدح و سەنانەبوو، بگرە عاشقە راستەقینەکان خۆشترین بۆنەکانی ریحانەو گوڵیان تێکەڵ دەکردو لەخۆیان دەدا،بۆئەوەی بەدرێژای رۆژو شەو بۆنی یاریان لێبێت،هەرئەوەش وای کردبوو کە یەک گوڵی جاران لەچەپکە گوڵێکی گەورەی بەمەرامەکانی ئێستا بەویقارتر دەرکەوێ.ئەمە قەناعەت نییە،بەڵکو نرخ دانانەکەی هەست و شعورە کە ناکڕدرێت و نافرۆشرێت.
ئەحمەد هەردی شاعیر وتەنی”گەرچی ئەیشێلێ بەزەبری قۆندەر و پێڵاوەکەت قەت بەدڵ رەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت.
چونکە ئەیزانم تەلاری یارە خوا پێداوەکەت
مەستی کردووی، بۆیە نابینێ لەئاستم چاوەکەت)
چیرۆکی پارەو پول هەبووەو تادنیا بمێنێ هەردەمێنێ کە خەڵکانێ وەک وەسیلە تەماشای ناکاو کردویانەتە ئامانج، لە رابردوودا زۆرینە موحیبەتی راستەقینەو گرینگی پێدان و خۆشەویستی و رێزی دەویست، ئاخر خۆ لە واقعدا کەم نین ئەوانەی خۆش ناویسترێن و ئیهمالیش دەکرێن، لەوانەشە قسەی نابەجێیان پێبوترێ و پێ وترابێ،جیالە تەسکردنەوەی سنوری ئازادیان ئیدی رۆڵی پارە دیارە کە ئامانجەکە بووە، نەک وەسیلە.
بەختیار علی دەڵێ:”سەیرکە خۆشەویستی بەرەو چ دەریایەکی بردین،
عەشق سەختترە لە خەیاڵ،
عەشق سەختترە لە جەنگ”
هەزاران نمونە هەیە هەفتەی جارێ، مانگی جارێ دڵدارەکان لە دوورەوە تەماشای یەکتریان بکردایە سوکناییان دەهات بەدڵ و رۆحیاندا.
بۆیە نایەتەوە ئەو رۆژانەی کە بەدیار موزیک و ئاوازو گۆرانییەکی کوردی و فارسی و عەرەبییەوە جەنابی دڵ ئیلهامی وەردەگرت،بێ ئەوەی بۆ یەکجار بێزارببێ لە ئاوازێکی هەزاران جار گوێگرتن لێی.
پێموایە لێکۆڵینەوەی دەوێ، نەک قسەی نەخوێندەواری قەبە قەبەو گاڵتەوگەپ، جاران بۆ ساڵی جارێ بەرێکەوت خۆشەویستەکەی نەدەبینی،کەچی بەچرکەش خیانەتی نەبەچاوی، نەبەرۆحی،نە بەهەستی، بگرە هەرگیز بیری نەدەکردەوە تەنیایەو شکۆمەندبوو بەوەی کەیادەوەری و وشەو نیگاکانی ئەو بەشی هەموو تەمەنی دەکا… هەرگیز بە خەیاڵیش ئارەزووی کەسێکیتری نەبوو. چ جای دەرفەتی کەسی دیکەی بدایە ئەوەی هەر لەخۆی حەرام کردبوو، ئاخر ئەو دڵی یەک پارچە یار بوو… یار پێگەکەی بەملیۆنان خەڵکی زەنگین و جوانکیلەو چاوکاڵەکان و گۆنائاڵەکان و هەندێ لەپارەدارە ناسەغ لەمەکان لەق نەدەبوو، بگرە پێکەنینی دەهات بەهەموو دڵدارەکانی زەمەنی خۆشی،چونکە خودا ئەوی بەبڕوایەک گەیاندبوو کەهەرگیز خۆشەویستەکەی نەلەپێشدا هەبووەو نەلەئایندەدا دروست دەبێتەوە بۆی. واتە ئەو ئینسانێکی عالی و باڵای وێناکردبوو ئەو وێنەیە نەدەشێوا بە هەزاران لۆمەو باسە نابەجێکان تاساردی بکەنەوە،بگرە قەناعەتی نەدەگۆڕا تادڵ بداتە کەسی دیکە.
کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر دەڵێ: “لەگەڵ تەنیایی دانیشت بۆ ئەوەی بە تەنها نەبێ لە شەقامەکاندا رۆیشتم جێگە پێکانتم خۆشەئەوێ”.
ئەم عاشقانە نیوەو بگرە زۆرترینیان بۆ یەک نەدەبوون، کەچی منافەسەی وەفاو جوانترین وشەکان بۆیەکتری دەستیان پێ دەکرد، کێ زاتی ئەوەی دەکرد رابردووی هەرگیز نەدرکاویان ناشرین بکا،چ بە وشەیەک، یا بەحەق و ناحەق و خەتابارکردنی بەرامبەر نەبوو، هەمووی دەیوت تەنها خەتا خەتای خۆم بوو.
ئەوەشی کەمێک ئاهی مابوو بۆ دوبارە دەست پێکردنەوەی داستانە جوانەکەیان،ئەوا لەدڵ نەک هەر دەرنەدەکرا، بەڵکو هەزاران بیانویان بۆخۆیان دەهێنایەوە تەنها بۆئەوەی یەکتری ون نەکەن، ئاخر دەیانزانی ئەم ژیانە پڕن لەوانەی کەدڵیان لەلای یەکێکەو جەستەشیان لای یەکێکی تر، دەیانزانی ئەم ژیانە پڕن لەوانەی کە ئازیزێکی تەمەنیان ون کردووە،ئێستا بۆ دیدارو چرپەو بۆنێکی ئامادەن وڵاتان ببڕن،کەچی نییەو نییەو نییە… دڵدار کە ون بوو، هەروەک مازیار فایەقی شاعیر دەڵێ: “گەر لێیان پرسیت
تۆ…خەڵکی کوێی؟
لە بیرت بێ،کە بۆمن کێی؟
لە بیرت بێ، کەچی ئەڵێی؟
باش بزانە
گەرچی لەمن ونی
تۆ بە ئەسڵ…خەڵکی شاری
دڵی منی”
جیابوونەوەکان کەمتر بوون،ئاخر خۆیان نەیان دەهێشت زۆر لەلای یەکتری کاڵببنەوە هەزاران داوای لێبووردن و گوڵ ریز دەکرا بۆدڵ هێنانەوەی یارە تاقەنەکەی کەلەوانەیە دایک و باوکی هەزاران هەزارمان لەوانە بووبین. هیچ شتێ بەبێ قیمەت تەماشانەدەکراو بەهای هەبوو سۆز و دەربڕینەکان.
بۆیە بەداخەوە ناتوانم لەهیچ روویەکەوە باسی ئێستا بکەم.[لەوانەیە]پێچەوانەی ئەم قسانە بۆئێستا راست دەربچێ.
سەروەت تۆفیق