کۆمەڵەی ڕێنسانسی جیهانی کوردستان/ ئەمەریکا: هێرشەکانی ئێران دژی هەولێر، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە
چەندین جارە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕاشکاوانە و بەئاشکرا بەمووشەک و درۆنی بۆمبرێژکراو، بە بیناوی نادروست و ناڕەوا هێرش دەکاتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، یان لەرێگەی هاوکاریی و ڕێنوێنی گروپە توندڕەوە چەکدارەکانی سەربەخۆی کە گروپی لەیاسا دەرچوون هێرش دژی هەولێر ئەنجام بدەن. لەهەموو هێرشەکانیشدا خانەوادە و خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج و شەهید و بریندار دەبن. هیچ گومانی تێدا نییە ئەم هێرشانە کارێکی دوژمنکارانەی زەقە و دژی یاسا و ئەخلاق بنەما و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و پێشێلکارییە.
حکوومەتی بەغدا وەکو دەوڵەت بەرپرسیاریەتی لەسەر شانە، وەکو چۆن بەرانبەر مافە ڕاوەکانی کورد بۆ سەروەری عێراق !! توندڕەوانە هەڵوێست دەردەبرێت، پێویستە بەرانبەر مووشەکباران و تاوانەکانی ئێران و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش بێتە دەنگ. هەرچەندە ئێمە دەزانین یەکگوتاریی و یەکدەنگی کورد لەهەموو شتێک زیاتر دەتوانێت سنوور بۆ ئەم تاوانانە دابنێت، کە بەردەوام دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئێمە لە (کۆمەڵەی ڕێنسانسی جیهانی کوردستان) لە ئەمەریکاوە بەتوندی ئەم هێرشانە ڕیسوا و مەحکووم دەکەین، کە هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی. لەهەمان کاتدا ئەم هێرشانە بەکارێکی دوژمنکارانە دادەنێین ئامانجی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانە.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی ئەمەریکا دەکەین بەجددی پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکەن، کە هەولێر تاکە ناوچەیە بێلایەنە و ئارامە و دژی تیرۆریستان و گروپەکانی جەهلە.
کۆمەڵەی ڕێنسانسی جیهانی کوردستان/ ئەمەریکا
١٦-١-٢٠٢٤