ئیران بۆ ناوێرێ بە مووشەکە منداڵکوژەکانی وەڵامی پاکستان بداتەوە؟

نەجمەدین محەمەد قەراجی

دوو شەو بەر لە ئێستا، سوپای پاسدرانی ئێران بە مووشەکی بالیستی، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی بۆردومان کرد، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەولێرەوە هیچ هەڕەشە و كێشەیەك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە و نیە. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو مووشەكبارانەی سوپای پاسدارانی ئێراندا كە ماڵی سەرمایەداری ناسراوی شاری هەولێر (پێشرەو دزەیی) كردە ئامانج، كاك پێشڕەو شەهید بوو و لەگەڵ ژینای كچی كە تەمەنی تەنیا یەك ساڵ دەبوو، وێڕای گیانلەدەستانی خانمێكی كارگوزار و بە سەختی برینداربوونی هاوسەر و كوڕەكانی شەهید پێشڕەویش.

لە هەموو ئەمانە ناخۆشتر ئەوە بوو كە لەو دەمەی میدیاكان تەرمی سووتاوی ژینای تەمەن یەك ساڵیان پیشان دا و گوتیان ژن و منداڵیش هەموو بریندارن و باوكی ژیناش شەهید بووە، ئا لەو كاتەدا فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران بە شانازییەوە مووشەكەكانیان پیشان دەدا و دەیانگوت: ”مووشەكە زیرەك و وردەكانمان بنكەی سیخووڕیی مۆسادیان لە هەولێر كردووەتە ئامانج!“ ئەرێ تۆ بڵێی ژینای یەك ساڵان ئەندامی مۆساد بووبێت؟

ئەی دەسەڵاتدارانی كۆماری منداڵكوژ و سوپای پاسدارانی خاوەن مووشەكی منداڵكوژ، پێم بڵێن، ئەو ژن و منداڵانە دەزانن مۆساد چییە، تا ئەندامی مۆساد بن؟ یان ئێوە لە بناغەوە ئێوە باوەڕتان بە تیرۆرە؟ ئاخر ئەوەی دژی هەولێر خۆتان و میلیشیاكانی كلكتان كردووتانە و دەیكەن، بە هەموو پێناسەیەك تیرۆرە، كەچی كۆمیدیا ئەوەیە وەزیری دەرەوەتان دەڵێ: ”ئێمە لە بنكەی تیرۆریستیمان داوە!“

ئێوەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا بە گەلانی ئاشتیخواز و ئارامی وەكوو كورد دەوێرن كە دەوڵەتیان نیە، هەرگیز بوێریی ئەوەتان تیا نەبووە و نیە، راستەوخۆ لە ئیسرائیل و لە ئەمریكا بدەن. ئێوە یەك مووشەكتان نا بە پاكستانەوە، ئەوەتا لە پێرێوە تا ئەم بەیانیە، پاكستان چەندین جار لەنێو خاكی ئێراندا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی كرد لە دژتان، فەرموون ئەگەر یەك تۆزقاڵ شەهامەت و مەردایەتییتان تیایە بوێرن وەڵامێكی سوپای پاكستان بدەنەوە تەنانەت ئەگەر بە قسەش بێت، ئەی كوا مووشەكە زیرەكەكانتان؟

بەڵام ئێوە ڕق و كینە و بوغز و تیرۆری خۆتان تەنیا بەسەر گەلی كورردا دەڕێژن، رۆژانە دەیان كچ و كوڕی گەنجی خۆتان لەسێدارە دەدەن، بەڵام ناوێرن راستەوخۆ تەقە لە یەك سەربازی ئیسرائیلی بكەن، ئێوە چاوتان بە ئارامی و پێشكەوتنی هەولێر هەڵنایەت چونكە گەلانی خۆتان لەبرسا كوشتووە و داهاتەكەیان دەدەن بە مووشەك و بەسەر حەماس و حزبوڵا و حووسییەكاندا دابەشی دەكەن.

ڕەنگە بە دڵت بن