شفا بارزانی لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی ناشفێل کۆبوویەوە

لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ شاری ناشڤیلی ولایەتی تێنێسی ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ جەماوەری شاری ناشڤیل کۆبوویەوە کە بە کوردستانی بچووک ناسراوە.
دەسپێکی بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، بەخێرهاتنی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی و ئامادەبووانی کرد و، بایەخی سەردانی کاک شفا بارزانی بۆ ناشڤیل شیکردەوە.
دواتر ئیپەک ئیسماعیل جێگری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ناشڤیل، سەبارەت بە بەرنامە و ئەرکەکانی ناوەند قسەی کرد.
پاشان نزار شێرانشی بەرپرسی ناوەند و دەستەی کارگێڕی وەکوو رێزلێنان لە سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی چوونەسەر سەکۆ و بەخێرهاتنیان کرد.

ئەوجار بەرێزەوە داوا لە شفا بارزانی کرا کە وتارەکەی پێشکەش بکات.
سەرپەڕشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە دەستپێکی وتارەکەی دا سڵاو و رێزی جەنابی سەرۆک بارزانی گەیاندە جەماوەر و ئەو پەیامەش لە نێو خۆشی و شادی ئامادەبوواندا بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا.
سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە ناوەڕۆکی وتارەکەیدا بە وردی باسی لە پڕۆژەی ڕەوەندی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە هەنگاوێکی نەتەوەییە بۆ رێکخستن و یەکخستنی کوردستانیان و لەم پێوەندییەشدا هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و مافی سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەیە، دەتوانن لەو پڕۆژە نەتەوەییەدا خۆیان ببیننەوە.
شفا بارزانی لە وتارەکەی دا بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی گەنجانی دەرەوەی وڵات و پێویستی چاندنی بیر و هۆشی نەتەوەیی کرد و، لەم بازنەدا بە پێداگرییەوە ئەوەی راگەیاند کە رەوەند هەرچی لەدەست بێ بۆ پێشخستنی ئەو رەوتە ئەنجامی دەدات، هەروەها داوای کرد کە کوردستانیان لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی و وەکوو هاوڵاتی ئەمریکایی-کوردستانی هێز و تواناکانیان یەکبخەن.
سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی هەروەها باسی پڕۆژەکانی خولی زمانی کوردی کرد و لەم بارەوە داوای لە دایک و بابەکان کرد هەوڵ بدەن منداڵەکانیان زمانی زگماکی خۆیان فێر بن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان، پرسیار، پێشنیار و رەخنەکانیان بە شێوەیەکی ئازاد هێنایە ئاراوە و، هەمووان سەردانی شفا بارزانیان بۆ ناشڤیل بە هەنگاوێکی باش و دڵسۆزانە لێکدایەوە و پێیان وابوو دەبا زووتر ئەو سەردانە کرابایە. دواتر سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
شیاوی باسە، لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا، کوردستانیانی هەر چواربەشی کوردستان، پێکهاتەکان و نوێنەری سازو دامەزراوەی مەدەنی و، هەروەها چەند کەس لە رێگای دوورەوە بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەدا ئامادە بوون.

ڕەنگە بە دڵت بن