لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی، لە شاری دیترۆیتی ولایەتی میشیگان، لەگەڵ رەوەندی کوردستانی کۆبوویەوە.
لە دەسپێکی ئەو دیدارەدا، ئومێد جاف چالاکڤان و کەسایەتی دیاری شارەکە، بە ناوی ئامادەبووانەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی شفا بارزانی و شاندی هاوڕێی کرد.
دواتر شفا بارزانی سڵاو و رێزی سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان، هەروەها بە وردی لەسەر کار و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی قسەی کرد و، لەم بارەوە دوورە دیمەنی کار و ئامانجەکانی رێکخستن و یەکخستنی کوردستانیانی لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی شیکردەوە.
سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی داوای لە ئامادەبووان کرد وێڕای هەوڵدان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکادا، هاوکات پێویستە ئەوان بایەخ بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی بدەن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا شفا بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لەوە کرد چاویان لەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە هاوکاری بکەن کە باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان و مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان هەیە.
لە بڕگەی کۆتایی ئەو دیدارەدا، دەرگای دیالۆگێکی کراوە بۆ ئامادەبووان کرایەوە و پاش قسەو باسێکی تێروتەسەل و وڵامەکانی وتاربێژ، کۆبوونەوەکە لە کەشوهەوایەکی دۆستانەو پڕ لە هیواداریدا کۆتایی هات.