دیداری شفا بارزانی لەگەڵ کلدانییەکانی شاری دیترۆیت

لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی، لە شاری دیترۆیتی ولایەتی میشیگان، لەگەڵ رەوەندی کلدانی کۆبوویەوە و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لە دەسپێکی ئەو دیدارەدا، بەرپرسانی رەوەندی کلدانی، بە ناوی ئامادەبووان و رەوەندی کلدانییەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی شفا بارزانی و شاندی هاوڕێیان کرد و پێگەی کوردستانیان بەرز نرخاند.

دواتر شفا بارزانی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد و هەروەها سڵاو و رێزی سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان، وە دووپاتی کردەوە کە وەکوو جەنابی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێکردووە، ”یان هەمووان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین”.

هەروەها لە درێژەدا شفا بارزانی باسێکی هەمەلایەنەی لەسەر دیرۆک و کولتووری پێکەوە ژیان لە کوردستان پێشکەش کرد و لەم بەستێنەدا رایگەیاند، کە کوردستان وەکوو هەمیشە لانکەی پێکەوە ژیان دەبێ و ئێمە هەرگیز تەسلیمی هەڕەشە و گوشار و موشەک و درۆنەکانی دوژمنانی کوردستان نابین.
هاوکات بە وردی لەسەر کار و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی قسەی کرد و، لەم بارەوە دوورە دیمەنی کار و ئامانجەکانی رێکخستن و یەکخستنی کوردستانیانی لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی شیکردەوە.

سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی داوای لە رەوەندی کلدانی کرد وێڕای هەوڵدان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکادا، هاوکات پێویستە ئەوان بایەخ بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی کوردستانی بدەن و رەوەند چاوی لەوەیە کە پێکەوە بۆ کوردستان تێبکۆشین.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا، شفا بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لەوە کرد رەوەندی كوردستانی لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە هاوکاری دەكەن كە باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان و مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان هەیە.

لە بڕگەی کۆتایی ئەو دیدارەدا، دەرگای دیالۆگێکی کراوە بۆ ئامادەبووان کرایەوە و پاش قسەو باسێکی تێروتەسەل و وڵامەکانی وتاربێژ، کۆبوونەوەکە لە کەشوهەوایەکی دۆستانەو پڕ لە هیواداریدا کۆتایی هات.

هەروەها ڕۆژی دواتر مارتەن مەنا سەرۆكی ناوەندی كلدانییەكانی ئەمریكا و كەسایەتی دیاری كلدانی رەعد ئەیار و تیمی هاوڕێیان، لەگەڵ شاندی رەوەندی كوردستانی كۆبوونەوە و پشتیوانی قوڵی خۆیان بۆ كوردستان دووپات كردەوە و، لەسەر چەند بەرنامە و پڕۆژەی هاوبەش قسەیان كرد، وە بریاردرا پێكەوە كاریان لەسەر بكرێ و چەند خوانێك بۆ بیروڕاگۆڕینەوە و ئاشنابوونی پتر سازدرا.

ڕەنگە بە دڵت بن