کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان، پەیامێکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ئەو راپەڕینە مەزنەیە، هاوکات ئەوەشیان خستووەتەڕوو وێڕای دژایەتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە، بەڵام خۆڕاگری گەلی کورد و حکوومەت بەرامبەر ئەو تەحەدییانە، تواندراوە حکوومەتی هەرێم بپارێزرێت.
دەقی پەیامەکە:
یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی 5ی ئاداری 1991ی گەلی کوردستانی باشوور دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس، کە لە شاری ڕانیەوە بەرپا بوو و سەرکەوتنی بە دەستهێنا، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دوژمنانی گەلی کورد و کوردستان بە گشتی، هەمیشە بە جۆرەها شێواز دژایەتی بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەیان کردووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام خۆڕاگری گەلی کورد و حکومەتی هەرێم بەرامبەر هەموو ئەو دژایەتی و تەحەدییانە توانیویانە ھەرێمی کوردستان بپارێزن.
بە بۆنەی33مین ساڵیادی ڕاپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم گەلی کورد دەکەین لەھەر شوێنێکی دنیادا بن، بە تایبەت لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەکەین، لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد دادەنەوێنین، چونکە قوربانی و خەبات و ڕاپەڕینی ئەوان بوو، کە کوردی لە ژێر دەستەیی و زوڵم و زۆری بەعسدا ڕزگارکرد، بەو ھیوایەی ئەم یاد و بۆنانە، وەک ھێمایەک بۆ ئازادی و بەرخودان و مانەوە، بەرز و پیرۆز ڕابگیرێن و، ببنە ھەوێنی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزی و یەک دەنگی گەلی کورد، تا لە ئاکامدا خەونی گەورەی نەتەوەییمان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی کوردیدا بەدی بێت.
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
05.03.2024