ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەمسا، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە مەراسیمێکی تایبەتی رێکخست، کە تێیدا وتاری ناوەند بە زمانی کوردی و ئەڵمانی خوێندرایەوە، هاوکات کورتە فیلمێک و چەند پارچە شیعرێک پێشکەش کران.
لەسەر بانگهێشتی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەمسا، ژنانی کورد لە پایتەختی نەمسا یادی ڕۆژی جیهانی ئافرەتانیان کردەوە و، سەرەتا دوای پێشوازی و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی نیشتمانپەروەرانی کوردستان، گوڵ بەسەر خانمە بەشداربووەکاندا دابەشکرا.
سەرەتای مەراسیمەکە وتاری ناوەند بە زمانی کوردی و ئەڵمانی خوێندرایەوە، پاشان کورتە فیلمێک بڵاوکرایەوە، کە تیایدا لێدوانی هەریەک لە خاتوونی شاعیر وەحیبە عیسا و، نووسەر ئەلجین حەسەن و، بێریڤان ئەسلان سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی نەمسای تێدابوو، کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگا بە گشتی و بە تایبەت ژنانی کورد لە کۆمەڵگای کوردی و ئەوروپی بوو.
هەر لەو مەراسیمەدا، پێشبڕکێی ڕۆشنبیریش هەبوون و هەندێک شیعر لەلایەن مامۆستای ژن واحیدە عیسا خوێندرایەوە.
شایانی باسە، چالاکییەکە بە هەڵپەڕکێ و ئاواز و مۆسیقای کوردی کۆتایی هات.