لە بیرەوەری ساڵڕۆژی رۆژنامەنووسی کوردی دا ، سڵاو لە نووسەرانی دەروەست!

رەحیم رەشیدی

ئاشکرایه‌ له‌ رێکه‌وتی 2ی بانه‌مه‌ڕ، به‌رانبه‌ر به‌ 22ی ئاوریلی ساڵی 1898ی زایینی به‌ملاوه‌، پاش ئه‌وه‌ی تێکۆشه‌رو سوار چاکی مه‌یدانی ڕۆژنامه‌ نووسی کورد، مێقداد مه‌دحه‌د به‌درخان، به‌ردی بناخه‌ی یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی کوردی له‌ شاری قاهیره‌، له‌ وڵاتی میسر دامه‌زراند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ ره‌نج‌و کوێره‌وه‌ری‌و ماندوو بوونێکی زۆر، له‌و په‌ڕی ده‌ستنه‌ڕۆیشتوویی‌ماڵی‌و که‌م که‌ره‌سته‌یدا، کارێکی ئاوا مه‌زنی ده‌ست دایه‌و به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌‌ی “کوردستان”، وه‌کوو یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی بڵاوکراوه‌ی کوردی، مۆمێکی پر تیرێژی بۆ خه‌باتگێرانی بواری قه‌ڵه‌م‌و نووسین داگیرساند، به‌ چه‌شنێک‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان‌دا، ڕووناکبیرانی به‌په‌رۆش بۆ ئه‌ده‌ب‌، په‌یڤ‌و وێژه‌ی کوردی، ده‌توانن بۆ بڕینی رێگا تاریک‌و تنووکه‌کان، که‌ڵکی شایان‌و شیاوی لێوه‌رگرن.

به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و راستییه،‌‌ ده‌ستپێک‌و سه‌رهه‌ڵدانی وه‌شان‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ڵین ڕۆژنامه‌ی کورد به‌ زمانی کوردی، نه‌ک له‌سه‌ر ئاخی کوردستان، به‌ڵکوو له‌ تاراوگه‌و به‌ دوور له‌ نیشتمانی کورد واته‌ کوردستان هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌م دیارده‌‌ له‌ هه‌ناوی خۆی‌دا ده‌رخه‌رو ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستییه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌یه،‌ بارودۆخی ژیان‌و گوزه‌رانی کورده‌کان به‌ هۆی سیاسه‌تی سه‌رکوت‌و داپڵۆسینی نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردو کوردستانه‌وه‌ مه‌وداو ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕچه‌شکێنێکی وه‌کوو مێقداد به‌درخان نه‌هێشتۆته‌وه‌ تاکوو بکارێ‌ له‌سه‌ر خاکی باوو بایرانی خۆی،‌ به‌ هێزو وزه‌یه‌کی پترو به‌ به‌رچاوڕوونیه‌کی زۆرتره‌وه،‌ شه‌تڵی یه‌که‌مین رۆژنامه‌ نووسی کوردی بنێت.

به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ تاقه‌ت پڕوکێن‌و ئه‌سته‌مه‌یه،‌‌ له‌ حه‌وڵ‌و تێکۆشانی مێقداد به‌ردخان بۆ چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی “کوردستان”، تێده‌گه‌ین‌و باشتر نرخی هه‌نگاوه‌ مه‌زنه‌که‌یمان بۆ ئاشکرا ده‌بێت.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه، ده‌ستدانه‌ کارێکی ئاوا، ده‌ربڕی ئه‌و راستیه‌شه،‌ ڕۆڵه‌کانی‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌ به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی چه‌وسانه‌وه‌و توونا کردن‌دا، چۆکیان دانه‌داوه‌، به‌ڵکوو به‌ ڕوکردنه‌ کاری فه‌رهه‌نگی حه‌ولیان داوه‌ سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی کورد له‌ لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌، بکه‌نه‌ بڵقی سه‌رئاو.

هه‌ر بۆیه‌، حه‌وله‌کانی خه‌باتگێڕانی به‌درخان له‌م بواره‌دا، هیج که‌متر له‌ تێکۆشانی ئه‌و رۆڵه‌ خه‌باتگێرانه‌ نه‌بووه‌ که‌ له‌ چیاو دۆڵه‌کانی کوردستان‌دا، به‌ پشت به‌ستن به‌ خه‌ڵک‌و یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌وان، مان‌و مه‌وجودیه‌تی کوردیان به‌ فیدا کردنی ژیان‌و گوزه‌رانی خۆیان پاراستوه‌و دیپارێزن.

ئه‌م هه‌ستی ده‌روه‌ستی‌و به‌رپرسیه‌ بوو، ساڵانێک پاش حه‌وله‌ به‌پێزه‌کانی به‌درخان، ڕۆڵه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان‌، وێرای دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌ ساڵی 1324ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به‌ 1946ی زایینی، وێرای ده‌ستبه‌رکردنی سه‌روه‌ری سیاسیی، به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ بۆ په‌ره‌ پێدان به‌ زانست‌و پێشکه‌وتنی فره‌ لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان، به‌ ئامانجی چاندنی تۆوی هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی‌و چاوکراوه‌یی خه‌ڵک، په‌ره‌یان به‌ بواری ڕۆشنبیری به‌ گشتیی‌و ڕۆژنامه‌ نووسی به‌ تایبه‌تی دا. بڵاوکرانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گۆڤارو نامیلکه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتی ده‌سه‌ڵاتی کۆماردا که‌ که‌متر له‌ 12 مانگ ته‌مه‌نی هه‌بوو، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ئه‌و راستییه‌.

گومانی تێدا نیه‌،‌ ئه‌زموون‌و خزمه‌ته‌ به‌رچاوه‌کانی کۆماری کوردستان، که شانازی‌ دامه‌زراندن‌و پێکهێنانی وه‌کوو ڕووداوێکی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌یی کورد، بۆ هه‌موو نیشتمان په‌روه‌رانی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌م به‌ستێنه‌دا حیزبی دێموکرات وه‌کوو دامه‌زرێنه‌ری سه‌ره‌کی کۆمار، دوو جار شانازی پێده‌بڕێ.
باندۆری لاینه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی کۆمار، له‌ ڕاپه‌رین‌‌و ڕابوونه‌کانی پاش کۆماردا، که‌ ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد لێره‌وه‌ له‌وێ، پێکیان ‌هێناوه‌و ده‌یهێنن، به‌ باشی دیارو به‌رچاون.

په‌ره‌سه‌ندنی بواری رۆژنامه‌ نووسی کوردی، پاش شۆڕشی ئه‌یلوول‌و ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌و قۆناغه‌دا له‌ باشوری کوردستان، به‌ باشی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن.

حاشا له‌وه‌ ناکرێ،‌ تاکوو ڕاپه‌رینی گه‌لانی ئێران‌، دواتر راپه‌رینی مه‌زنی به‌هاری 1991ی زایینی، له‌ باشوری کوردستان، ئه‌وه‌ خه‌باتگێڕانی کوردو پێشمه‌رگه‌ ڕۆژنامه‌ نووسه‌کان بوون، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌کی گونجاو له‌ تاراوگه‌، له‌ چیاو دۆڵ‌و له‌ دڵی ئه‌شکه‌وته‌کان‌دا؛ هه‌وڵی پاراستنی زمان‌و په‌یڤی کوردیان داوه‌‌و مێژووی ڕۆژنامه‌ نووسی کورد، سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌م‌و کوڕیه‌کان له‌م پێوه‌ندیه‌دا، ئه‌م حه‌وله‌ شوێندانه‌رانه‌ هه‌رگیز له‌بیر ناباته‌وه‌‌و به‌ چاوی رێزه‌وه‌ سه‌یری ده‌کات‌.

هه‌رچه‌ند به‌شێکی به‌رچاو له‌ خه‌ڵکی کوردستان خوێنده‌وار نه‌بوون‌، به‌ڵام نووسین‌و نووسراوه‌ی جۆراوجۆری رێکخراوه‌ شۆرشگێڕو ئازادی خوازه‌کانی کورد، ته‌نانه‌ت له‌ ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تی ترس‌و تۆقاندنی رژیمه‌ سه‌ره‌رۆکان‌دا، ئه‌م ده‌ست‌و ئه‌و ده‌ستی کردووه‌‌و ده‌یکات.
له‌ خۆڕا نیه‌‌ تاکوو ئێستاش گیرانی نووسراوه‌یه‌کی رێکخراوه‌ دێموکرات‌و شۆڕشگێره‌کان به‌ ده‌ست خه‌ڵکه‌وه‌، له‌و وڵاتانه‌ی رووی ئازادی به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌، باسی سه‌ره‌.

ئێستا له‌ هه‌لومه‌رجێک‌دا باسی ساڵرۆژی ڕۆژنامه‌ نووسی کورد ده‌که‌ین، به‌ خۆشیه‌وه‌ له باشوری‌ کوردستان، به‌ هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی‌، یاسایی‌‌‌و خه‌ڵکی حکومه‌تی هه‌رێمی کورستان، که‌ ده‌ستکه‌وتی خه‌باتی پڕ له‌ قوربانیدانی کورده‌کانه‌، رۆژنامه‌ نووسی کوردی هه‌نگاوی به‌رچاوی ناوه‌و پێشکه‌وتنی دیاری به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌ڕاده‌یه‌ک‌ ده‌کرێ جێگای هیوا پێبه‌ستن بێ.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش، نابێ ئه‌و راستیه‌ له‌به‌ر چاو نه‌گرین،‌ به‌ هۆی نه‌بوونی کیانی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی‌، تاکوو ئێستا بواری له‌بار بۆ پێکهاتنی رۆژنامه‌ نووسی سه‌ربه‌خۆ‌و ئاکادمیک وه‌کوو ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی دێموکرات‌‌داو پێشکه‌وتوودا باوه‌و رۆژنامه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی چوارم ده‌ژمێردرێت، به‌رچاو ناکه‌وێت‌و تاکوو گه‌یشتن به‌و قۆناغه‌، رۆژنامه‌ نووسانی کورد، ڕیگایه‌کی دوورو ئاسته‌میان له‌ پێشه‌.

له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا، به‌ هۆی تۆڕی جیهانی ئینترنێت‌و په‌ره‌ گرتنی هه‌رچی زۆرتری ڕایه‌ڵه‌کانی پێوه‌ندی‌و سازبوونی ئامێره‌ پێشکه‌وتوه‌کانی چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌، به‌ هاتنه‌ ئارای ئه‌و هه‌موو ماڵپه‌ڕو وێبلاگ‌و بڵاڤۆکه‌ جۆربه‌جۆرانه‌، ده‌بێ دڵخۆش بین به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دژبه‌ره‌کانی ئازادی‌ به‌یان، به‌ به‌ره‌ێوه‌ بردنی سیاسه‌تی تیرۆر، گیران‌، بێ سه‌روشوێن کردنی ڕۆژنامه‌ نووسانی ده‌روه‌ست‌و به‌رپرس، به‌ فیلتێر کردنی وێبلاگه‌کان‌و مالپه‌ڕه‌کانی ئینترنێت، حه‌ولی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن خه‌ڵک ده‌ستیان به‌ زانیاری پێویست ڕانه‌گات، که‌چی په‌ره‌ سه‌ندنی رۆژبه‌رۆژی ئه‌م بوارانه‌و حه‌وله‌کانی خه‌ڵک بۆ تێگه‌یشتنی دوروست له‌ کێشه‌کان، ده‌توانێ دوژمنان‌و دژبه‌رانی ئازادی‌و دێموکراسی له‌ گه‌یشتن به‌م ئاواته‌یان‌دا، ڕه‌نچ به‌خه‌سار بکات.

ئه‌گه‌ر”جۆهان کالۆس” له‌ شاری ستارسبۆرگ، له‌سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌دا‌، نزیک به‌ 300 ساڵ پێش مێقداد مه‌دحه‌د به‌درخان، به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌ نووسی جیهانی دامه‌زراند‌، ده‌بینین کورده‌کان سه‌ره‌رای نه‌بوونی ده‌سه‌لاتی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی‌و که‌ره‌سته‌و ده‌رفه‌تی پێوسیت له‌م بواره‌دا، هه‌نگاوی باشیان هاویشتوه‌و ده‌هاوێژن‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شانازی ده‌که‌ن به‌وه‌ی هه‌یانه،‌ به‌ڵام رازی نیین‌و بۆ پێشکه‌وتن‌و ستاندارد کردنی رۆژنامه‌ نووسی کوردی، وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌ کۆمه‌ڵگدا، به‌رپرسانه‌و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی‌دا، به‌ له‌ قاودانی پرۆژه‌ ده‌سته‌مۆ‌و سڕبووه‌کانی نه‌یارانی کورد له‌م به‌‌ستێنه‌دا، به‌ ئاشکرا کردنی قه‌ڵه‌مه‌ چاوچنۆکه‌کانی عه‌وداڵی پوڵ‌و پاره‌، به‌ شێنه‌یی، به‌ڵام به‌رچاو ڕوونانه‌و شایی به‌خۆ،‌ بۆ پێشه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌هاوێژن.

له‌ بیره‌وه‌ری سالڕۆژی رۆژنامه‌ نووسی کوردی‌دا، وێرای به‌رز نرخاندنی هه‌موو ئه‌و تێکۆشانانه‌‌ی‌ له‌م بواره‌دا کاریان کردوه‌و قه‌ڵه‌مه‌که‌یان‌‌و ماندوو بوونیان له‌ خزمه‌تی په‌ره‌ پێدانی ڕاستی‌و ئازادی به‌یان‌دا بووه‌، بۆ پێشکه‌وتن‌و تێگه‌یشنی خه‌ڵک له‌ راستیه‌کان هه‌نگاویان ناوه‌‌و ده‌ینێن، پیرۆزبایان پێده‌ڵێن‌و له‌و رێگا پیرۆزه‌دا، هاورێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌ ته‌نیشت ئه‌وان‌دا ده‌بینینه‌وه‌؛ له‌ کانگای دڵمانه‌وه‌ هیوای سه‌رکه‌وتن‌و پێشکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین.

به‌رزو به‌رێز بێ یادو بیره‌وه‌ری ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی ڕۆژنامه‌ نووسی کورد.
سڵاو له‌ گیانی مێقداد مه‌دحه‌د به‌درخان، بناغه‌دانه‌ری ڕۆژنامه‌ نووسی کورد.
سڵاو له‌ قه‌ڵه‌مه‌ ده‌روه‌ست‌، ئازاو بوێره‌کان.
سڵاو له‌ هه‌موو ئه‌و گیانانه‌ی له‌ پێناوی ئازادی‌دا، سه‌ربه‌رزانه‌ سه‌ریان دانا.

ڕەنگە بە دڵت بن