نائومێدی.. تەمی سەر ئیمان و فۆرمێکی گومڕایی فیکریی
بانگەوازێك بۆ ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان
نووسینی ئەبوبەکر کاروانی
ئەگەر لە قورئاندا (ئیمان) و (چاکەکاری) دوو دووانەی لێکدانەبڕاو بن، ئەوا ئیمان و ئومێدیش دیسانەوە واتا بەیەکتر دەدەن و بەیەکداچوون. بەجۆرێک ئیمانی بێ ئومێد زۆر واتای نییە. چونکە ئەگەر ڕیشەی ئیمان لە ئەمنەوە, واتا ئاسایش و تەناهییەوە هاتبێت، ڕوونە هەست بە ئارامی و نائومێدی دژ بەیەکن و لەگەڵ یەکدا کۆ نابنەوە. هەربۆیە، ئەگەر بابەتەکە زۆر بگوشین دەڵێین: دیدی قورئانی نەک هەر جێگەی باوەڕداری نائومێدی تێدا نابێتەوە، بەڵکو ئەم دیدە بوون و نەبوونی ئومێد دەکات بە پێوەری ڕێنمایی وەرگرتن یاخود مانەوە لە دۆخی گومڕاییدا
.
بۆ ئەمە بەسە ئاماژە بە ئایەتی پەنجا و شەشی سوورەتی ئەلحەجەر بکەین کە دەفەرمووێت (جگە لە گومڕاکان هیچ کەس لە سۆز و میهرەبانی خودا نائومێد نابێت). وشەی قنووتیش، کە لە ئایەتەکدا هاتووە، لە فەرهەنگی زمانی عەرەبیدا ئەوپەڕی نائومێدی یاخود نائومێدبوون دوای چاوەڕوانیی شتێک و نەهاتنە دەی ئەو شتە دەگەیەنێت، کە ئاماژەیە بە کۆتایی سەبر و ئارامگری و گەیشتن بە ساتەوەختی داوەریکردن و حوکم دان بە سەر دۆخ و پرس و بابەت و کەسەکاندا. هەڵبەت ئەوە ڕاستە کە مەبەست لەم قنووتە لە هەندێ شوێنی قورئاندا نائومێدبوونە لە سۆز و میهرەبانی خودا بەرامبەر مرۆڤ خۆی وەک ئەوەی بگاتە ئەو قەناعەتەی خودا لێی خۆش نابێت و چاوپۆشی لێناکات و تازە چارەنووسی یەکجاری دیاری کراوە و بواری گەڕانەوە و خۆبیناکردنەوەی لەبەردەمدا نەماوە! بەڵام، ئەمە تەنها ڕوویەکی نائومێدیمان بۆ دەردەبڕێت، ڕووێکی تری نائومێدبوون نەمانی تەماداربوونە بە هاتنە دی هەندێ چاوەڕوانی و خواستی مرۆڤ لە ژیان و دنیادا لە سۆنگەی نامۆیی، نائاساییبوون و ناباوبوون یاخود هەر هۆکار و ڕێکارێکی ترەوە ئەم ئایەتەش دەربارەی ئیبراهیم پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت هاتووەتە خوارەوە و لەسەر زاری ئەویشەوە دەربڕدراوە، کاتێك میوانە فریشتەکانی لە تەمەنی هەڵکشان و پیرۆیدا موژدەی منداڵێکی زانا و پێگەیشتووی پێ دەدەن، ئەویش پرسیاری پیربوونی خۆی و نائاساییبوونی موژدەکە دەورووژێنێت، ئەوانیش وەڵامی دەدەنەوە کە: فریشتەن و لەلایەن خوداوە بۆ لای ئەو نێرداون و هەروا بە هەوانتە موژدەی پێ نادەن. لەبەر ئەوە، پێویستە متمانەی هەبێت و لە نائومێدی بە هۆی جەبرەکانی جەستە و بایۆلۆژیا بێتە دەرەوە. ئایەتەکە بە جۆرێکی وا قووڵ و یەکلاکەرەوە، نائومێدی ڕەتدەکاتەوە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە دڵ و دەروون و بیرکردنەوە و جیهانبینی مرۆڤی باوەڕدارەوە ناهێڵێت و دەیکات بە درەختێکی بەرتاڵ و ژاراوی ئەودیو کێڵگە و قەڵەمڕەوی سەوزەڵانی سەرزەمینی ئیمان و مامەڵەکردن لەگەڵ خوایەکدا، کە ڕەحمانە، واتە هەر خودی خۆی ڕەحمەتە.
هەر لەم دیدەشەوەیە تەبەری و هەندێ ڕاڤەکاری تری قورئان، پرسەکە دەبەنە بازنەی سەرلێتێکچوون و چوون و لێونبوونی ڕاستی. واتە ئەو مرۆڤەی لە سۆنگەی زۆری ئازارەکان، داخرانی ئاسۆکان، درێژبوونەوەی مەینەتییەکان، درەنگ کەوتنی هاتنەدی ئاواتەکان، بەرامبەر خودا دووچاری نائومێدی دەبێت، تووشی شڵەژانی فیکری و دەروونی بووە، ڕێبازی دروستی بریکردنەوەی لێتێکچووە، تەنانەت دووچاری جۆرێك لە پەشۆکاوی لە بواری ناسینی خوداشدا بووە، بۆیە پێویستی بە بەخۆیدا بچوونەوەو دووبارە پێناسەکردنەوەی ئیمان و سروشتی پەیوەندی نێوان ئەو و ئومێد و بەندە و پەروەرگارو تێڕامان لەڕێسا خوداییەکانی ژیان و گەردوون و مێژوو هەیە. چونکە نائومێدی، واتە لەوەی لە دەرەوەی ئەوەی هەست و عەقڵ و خەیاڵی سنووردار و مەحکووم بە کات و شوێن و حەز و چاوەڕووانەکانی پەیپێدەبات، یاسا و ڕێسا و هێز و سۆزێک هەبێت، بە قازانجی گۆڕانکاری و چاکە و خێری مرۆڤ و کۆمەڵگا وەگەڕ بکەوێت و دەستێوەردان بکات، بەگشتیی لەم خاڵانەی خوارەوە تێپەڕ ناکات:
یەکەم: ئەوەی لە ئارادایە ویستی خودای لە سەرەو ئەو سەپاندوویەتی؟! ئەمەش لە دیدی ئیمانی و کەلامیەوە چەندین کێشەی هەیە لەوانەش:
١- بە چی و چۆنا بزانین خودا دۆخێکی دیاریکراوی بە سەرماندا دەسەپاندووە؟ چونکە هیچ کەناڵێکی پەیوەندیکردنمان بەخوداوە لەبەردەستدا نییە بۆ زانینی مەرام و ویستی خودا لە بارودۆخێکی دیاریکراودا، ئەوەی هەیە و لەبەردەستماندایە دەقە، هەرچی دەربارەی دەق و بەڵگەپێهێنانەوەشی بۆ ڕاڤەکردنی واقیعیش لەئارادایە و دەگوترێت، لە لێکدانەوەو بەرئەنجامگیری و تێکە و لێکە و تێگەیشتی سنوورداری مرۆڤ دەرناچێت هیچ پیرۆزی و ڕەهایی و ڕەوایەتییەکی ئاسمانی نییە.
خۆ ئەگەر دەوترێت هیچ شتێک لە دەرەوەی ویستی خوداوە ڕوونادات، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە لەگەڵ ڕەهابوونی زانیاری و دەسەڵات و ویستی خودا، بە گوێرەی کۆمەڵێ سوننەن و ڕێسا و یاسا و پێوەرێک کە خۆی ڕازی بووە پێیان، ئەم بوونەوەرە بەڕێوە دەبات، واتە گەردوون و ژیان قانوونمەندە، لێرەشەوە ویستی خودا لە ڕووداوەکاندا لە میانەی ئەو بەشەی تری هەمان ویست کە ڕێسامەندییە، ڕەنگدەداتەوە، موعجیزەو پرسێکی هەڕەمەکی و نائامانجدار و ڕاڤەنەکراو نییە.
٢-خستنەپاڵی دۆخی بۆلای خودا کە لەگەڵ دادپەروەری و چاکە و حەقیقەت ناسازگەرە، لانی کەم لە ڕوانگەی توانا عەقڵی و ئەخلاقییەکانی ئێمەوە، لەگەڵ ئەلفوبێی یەکتاپەرستیدا ناگونجێت، چونکە خودا ستەم و ناعەدالەتی لە هەموو بەرگەکاندا ڕەتدەکاتەوە.
٣- ئەم دیدە جۆرێ لە جەبریەت و ڕەتکردنەوەی ئیرادەی خودا پێدراو بە مرۆڤ و لێپرسراوبوونی بەرامبەر ڕەفتار و بژاردەکانی لەخۆ دەگرێت کە دیاسانەوە لەگەڵ مەبەستی خودا لە خوڵقاندنی مرۆڤ ناتەبایەو پێچەوانەی جەوهەری دوا پەیامی خودایە کە کێشەی مرۆڤ بە بوونی خواست و ئازادی دانانێت، بەڵکو لە ئەگەری خراپبەکارهێناندا دەیبینێتەوە.
٤- دروستکردنی تەمی نائومێدی بەسەر دڵ و دەروونی مرۆڤدا، یەکسانە بە تێکدانی هاوکێشەی بیرکردنەوەی باوەڕدار لە نێوان (ترس) و (تەما یاخو ڕەجا)دا .سڕینەوەی تەما بەسۆزی خودا و زاڵکردنی ترسە لە دواڕۆژ و تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوەی لە کۆمەڵگە و مرۆڤەکان لەم دنیایەدا. ئەوەش سەردەکێشێ بۆ بیرکردنەوە بە جۆرێکی ناڕاست و باوەڕهێنان بەوەی، ئەوەی چاوەڕوانی ئێمەدەکات، قەدەرە تاڵ و ناخۆشەکانە نەک دەر و لێکردنەوەکان و هاتنە پێشەوەی دەرفەتەکان!
لێرەوە.. ئیمان و هۆشیاری ئیمانی و ئاگاداربوون لە ڕێسا خوایی و گەردوونی و مێژووییەکان، لێمان دەخوازن، لە هیچ هەلومەرجێکدا. هەرچەندە تاڵ و سەخت و نائومێدکەر بێت، ئومێد بە سۆز و میهرەبانی خودا و گۆڕانکاری و دەروونلێکرانەوە و هاتنە پێشەوەی دەرفەتی پشوودان و هەڵسانەوە لەدەستنەدەین، ئازایانە بەرەو ڕووی قەدەری خۆمان بووەستینەوە.
لەسایەی ئەوەی لەپێشەوە ئاماژەمان پێکرد پێمان وایەو بانگەواز لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان دەکەین، تایبەتمەندی و پێشەنگیی خۆیان لەم ڕووەوە لەیاد نەکەن و باوەڕدارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکاری و ڕەگەزەکانی نائومێدی ئێستای هەرێم بکەن. بە هەڵەو فۆرمێك لە گومڕایی فیکری و لێڵی دیدی ئیسلامیان بزانن، لەژێر فشاری کارێکی سیاسی ناسیاسی و شکستی فۆرمێکی حوکمڕانی و هەلومەرجێکی ساختەو و جەنگی دەروونی دەرەکی و گەڕەلاوژەی سیاسی، ئاسایی ببنەوە و وەک هەر کەس و هێزێکی تر لە کۆمەڵگەدا نائومێدی و ڕەشبینی دەربارەی ئاییندەی کۆمەڵگە زۆرینە موسوڵمانەکەیان پەخش و بڵاو بکەنەوە، یاخود خوانەخواستە، لەگەڵ خۆ بە دەستەوەداندا بن بۆ قەدەر و چارەنووسێکی نادیار. نابێت و ناکرێت ئەوان پێوەری هەندێ لە بەرامبەرەکان قبوڵ بکەن کە وڵات و خاکی خۆیان وەک وێرانە و بێ ئاییندە ببینن و نیشان بدەن و خۆیان بۆ ئاستی بیرکردنەوەی ژیانی ڕۆژانە بە تەنها بچووک بکەنەوە و ئەمانەتی چارەنووسی میللەتێکی ڕەسەن و زۆرینە موسوڵمان و ستەملێکراو لەئەستۆنەگرن. چونکە ئەوە پێش هەر شتێک هەر وەک باسمان کرد، ئاماژەیە بە گومڕاییەکی فیکری، پێچەوانەی ئەو نوور و ڕووناکی و هیوا و وزە و دووربینی و داوەرییە ئەخلاقی و گەردوونییە هاوسەنگی و گەشبینی و بڕوابەخۆبوون و ئومێدەیە، ئیمان و جیهانبینیی یەکتاپەرستانەی ڕەسەن و هاوسەنگ و دەروونساز، بە مرۆڤ و گرووپەکانی دەبەخشێت. باوەڕدار لە کۆمەڵگەکەیدا، کە لەم سەردەمەدا، مەیدانی سەرەتا و کۆتایی ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و بیر و باوەڕ و بەهاکانیەتی، نەك هەرنابێت، دروشمی پووچگەرانەی ڕووخان و ئاشبەتاڵ و دەستبەردان لە مافە ڕەواکان بەرزبکاتەوە، نائومێدبوون لە هەندێ هێز و سیاسەت و فۆرمی حوکومڕانی نەگۆڕێت بۆ نائومێدی لە کورد و گەلی کوردستان وەك نەتەوە، یاخود خوانەخواستە لە ساتەوەختێکی بێهیوایی کوشندەدا بگاتە پاساوهێنانەوە بۆ ڕەفتاری ستەمکار و جەلادەکانی دوێنێ و ئەوەی بەرامبەر نەتەوەکەی کردوویانە، یاخود خۆی بەرامبەر هیوا و چارەنووس و ئاواتی میللەتەکەی دەستکەوتەکانی، بە لێپڕسراو نەزانێت، بەڵکو دەبێت ببێتە سەرچاوەی ئومێد و نەڕووخان و باوەڕبوون بە دەستگرتن بە مافێکی پیرۆز و ستراتیژی خۆبەدەستەوەنەدان و هەڵسانەوە چونکە تەنها ئەو درووشمە بەس نییە کە دەڵێت؛ مادام من دەستم لە ڕووخانی ئەوەدا نییە کە هەیەو بەدەستهاتووە، دەبێت زاریشمی تێدا نەبێت، وابزانێت هەر ئەوەندەی بەشداری ڕووخان نییە لێپرسراویش نییە لەکاتێکدا خودی نائومێدی و کارنەکردن بۆ نەڕووخان و بێ باکی بەرامبەر چارەنووسی گەلی خۆت، دەتکا بە هاوبەشی تاوانی ئەوانەی بوون و دەبنە هۆکاری لاوازبوون و ڕووخان و دەرگاکردنەوە بۆ میراتگری جەللادەکانی دوێنێ بە سیماو بەرگ و دروشمی نوێوە.