بەدەوڵەتبوون لە پەراوێزی زەبروزەنگ دا!


هەڵۆ بەرزنجەیی. ٢٠٢٤/٥/٢٢.

رووداوەکانی ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ پرسی فەلەستینی گەیاندە داوای چارەسەری دوو دەوڵەت. لە ئێستادا چەند دەوڵەتێکی باکوور و خواروو و ناوەراستی ئەوروپا( ئیرلەندە، ئیسپانیا و نەرویج) ڕۆژی ٢٠٢٤/٥/٢٨ بە فەرمی دان بە دەوڵەتی (فەلەستین)دا دەنێن. وا چاوەڕوان دەکرێ (سلۆڤینیا و مالتا) ش هەمان هەنگاو بنێن.(رووسیا و چین) یش بێ دوودڵی لەگەڵن!..
گومانیشی تێدا نییە کەوا زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبیش هەمان هەنگاو دەنێن!.. ڕەنگە گەمەکە وا ساز درا بێت حماس و دەوڵەت و گرووپەکانی تر عەرەبی ئیسلانیش دان بەفەرمی بە ئیسرائیلدا بنێنن. چونکە گرنگە بزانین ئەو وڵاتە ئەوروپاییانە لە بنەڕەتدا هەر لەگەڵ دەوڵەت و ئاسایشی ئیسرائیلدان.
ڕاستە نەخشە و باسی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا مێژووەکەی کۆنە، زۆرێکی ئیسرائیلییەکانیش لەگەڵیدان، لێ گرنگترین وانەی ئەم پێشهاتە ئەوەیە ئایا ئەو زەبروزەگ و کوشتارە دەبێتە مامانی لەدایکبوونی دەوڵەتی فەلەستین؟!..
‎گرنگترین لایەنی ئەم هاوکێشەی ئەوەیە ئیسرائیل هیچ رەزامەندییەکی لەم ڕووەوە دەرنەبڕیووە و دژە.وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە زۆر گرنگن، جارێ لەم ڕووەوە هەڵوێستی فەرمییان ڕانەگەیاندووە… چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین لەسەر ئاستی جیهان دەستکەوتە ژمارەیەک لە کێشەکان کەم دەبێتەوە.. بەڵام واقیع حاڵ پێمان دەڵێ :
‎ ئامانجی عەرەب لەم شەڕەی ئێستادا لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراندنی دەوڵەت نییە! بۆیە گومان و دڵەڕاوکەیەک هەیە کەوا دەوڵەت کاتێک دەبێتە فریادڕەست و دەرمانی دەردەکان، بە مەرجی ئەوەی پێویستە فەلەستینییەکان بە کردەوە دەستبەرداری ستراتیژی قڕکردنی جولەکە بن .. ئەودەم دەوڵەت هیوا و خواستی
‎فەلەستین پڕ دەکاتەوە .. دەنا دەزگەی دەوڵەت وەک ئامڕازێکی نوێ درێژە بە شەڕ دەدات لە ئایندەدا .دەوڵەت دەچێتە خزمەتی شەڕەوە….
‎نەرویج وەک وڵاتێکی سکەندەناڤیا ‘ هیچ نەتەوایەتی نییە و ئیرلەندەش دابەشە و هێشتا خۆی بندەستی ئینگلیزە. بۆیە دەشێ هەڵوێستی ئەم دوو دەوڵەتە مانایەکی مڕۆیی و هەنگاوێکی گرنگ بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر سەکۆی سیاسەتی جیهان.
‎بەڵام دەوڵەتی ئیسپانیا بۆ خۆی وڵاتێکی کۆلۆنیالیستەوە و پڕ لە کێشەی نەتەوایەتی . نەتەوەکانی کاتالۆنی و باسک و گالیزی و چەندانی تر بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت.ئیسپانیا بەهەموو دەستاوێژێک دژی ویستی ئەم نەتەوانە وەستاوەتەوە. ئا لەم دیدەوە وا باشترە ئیسپانیا چارەسەری کێشەی خۆی بکات، ئینجا بە فەرمی دەوڵەتی خەڵکانی تر بناسێ!..
‎ئەم گۆڕانە دەرفەتی ئەرێنی دەخاتە بەردەم دۆزی کورد، بایەخی دەوڵەت و ئامانجی بەدەوڵەتبوون ستراتیژێکی زیندووە و گوڕوتەوژمێکی تر وەردەگرێ و بە هیچ لۆژیک و بەهانە و پێوەرێک ناکرێ دەستبەرداری بین.. پێگومان گەیشتنی هەر گەل و نەتەوەیەک بە بەدەوڵەتبوون، بەردەبازێکە بۆ کوردیش لەو سەرەڕێیەدا.
‎چارەسەربوونی دۆزی فەلەستین، دەرفەتێکی پۆزەتیڤە و کێشەی کورد هەڵکشاوتر دەکات ..بەو مەرجەی کورد باشتر لە هەنووکە لە ستراتیژیدا کار بۆ فۆرمەلەکردنی داواکانی بکات…سیاسەتی بەدەوڵەتبوونی زیاتر بەرجەستە بکات..
‎دیارە سیاسەتی کورد نەک هاوشێوەی فەلەستینییەکان نییە، بگرە هەر بۆ بەراوردکردنیش بەیەکتر ناشێن؟! لە نموونەدا کورد بەسەر چەندین دەوڵەتدا دابەشکراوە و بندەستە. هێز و جەماوەری ئیسلامی و کۆمۆنیزمی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دژی سەربەخۆبوونی کوردن، لە کاتێدا ئەم دوو تەوژمە عەرەب و فارسی و تورکییە هەموو ناوەڕۆک و مانای ئەم ئاین و ئایدۆلۆژیایەیان لەسەر ئاستی ناوچەکە خستۆتە خزمەتی دۆزی فەلەستین و لەسەر ئاستی جیهانیش کردۆتە پاشکۆی خۆیان . هەموو جیهان پشتیوانی فەلەستینە و دژی یەک دەوڵەت وەستاونەتەوە، کورد بەتەنیا دژی چواردەوڵەت و ئاغا کۆلۆنیالیستەکانیانن .
کەواتە با لەبەر ڕۆشنیایی ئەم گۆڕانە نوێیەدا بپرسین
‎ئایا ئەگەر سیاسەتی ئێستای پەیڕەوکراو لە سەر ئاستی کوردستان کە زۆر دوورە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و پتر هاوپێچی ئاشتی و گونجاو و هاڕمۆنییە لەتەک سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەم نەتەوەیە بە ئامانج نەگەیەنێ، کوردیش ناچار دەبێت زەبروزەنگ بکاتە ستراتیژی خۆی ؟! کەیی و چۆن؟؟

ڕەنگە بە دڵت بن