ڤینۆس فایەق
(بازنەی ژیان)
بەرانبەر بە دیمەنی شێواوی ژیان
دەوەستم
بۆ ناوێکیتر بۆ “فڕین”
مانایەکیتر بۆ “مردن” …. دەگەڕێم
دووری نێوان “نامەودا” * کان دەپێوم
هیچ شتێک بۆ زەوی کێشم ناکات
لەناو بازنەکانی نامەوداکاندا گیردەخۆم
هەڵدەوەشێمەوە و
کە گریان ئاوەژوو دەبێتەوە
پێکەنین لە جێگەیەکیترە
کە تاریکی ئابڵوقەم دەدات
رووناکی کاتی بەسەرچووە
(بازنەی بەردەوامیی)
رەنگێکم دۆزیوەتەوە
ناوێکیتر لە “غیاب” دەنێت
پێناسەیەکی تر بە “بەردەوامیی” ** دەدات
رەنگێکە، ژیان لەژێر تاشەبەردێکا
دەشارێتەوە
لە منی دەسەنێتەوە و
دەیداتە مێروولەیەک
غیاب بەبەریئێواراندا دەکات
پێکەوەبوونەکان لەیەکتر دەترازێنێ
لەناو بازنەکانی نامەودادا
ونمان دەکات
(بازنەی گەڕانەوە)
لە سەر رێگەی گەڕانم بۆ
پێناسەیەک بۆ “کات”
“ناکات” قووتم دەدات
بەدەم رێگەی گەڕانەوەم
شوێن قسەم لێ دادەبڕێ و
“ناشوێن” ونم دەکات
لە نێوان دوو هەنگاو و
گەڕانەوەیەک بۆ سەرەتا
پێش چاوکردنەوە، پێش “روانین”
پێش دەنگ، پێش “گوێگرتن”
پێش ژیان، بەر لە “گوتن”
دەگەڕێمەوە
دەفتەری بوون دەدڕێنم
لە ناو بازنە شکاوەکانی
“نامەودا” **
ئاوێنەیەک دەدۆزمەوە
هەموو ئارەزوەکانم و
گشتی باوەڕەکانم و
تەواوی ئاڕاستە دژبەیەکەکان و
هەڵبژاردەکانمی
تێدا دەشارمەوە و
دەگەڕێمەوە ناو “غیاب”
(بازنەی ناوەڵام)
هەموو ئەو رەنگانەی
بەسەر شۆستە و شەقامەکاندا رژاون و
ئەو “رەشی”ەی چاوەڕێی گەیشتنمە
لەژێر عەبای رەشەبایەکدا
“ناوەڵام”ێکی روونە
بۆ پرسیاری
“بوون”ی من لەناو ئەم هەموو هەسارانەدا
(بازنەی منداڵی)
بە منداڵی
“ژیان”، لە چاومدا
چەندین بەشی
فیلمی بێزارکەری “بوون”مان بوو
هەموو جیهانەکان لەبەرچاوم
بەناو “جێگا”کان و
مەودا ناکۆتاکاندا
بڵاو بووبوونەوە
(بازنەی پیاو)
لە جیهانی “باوکەکان”دا
دەم و لێومان دوراون
دامێنی کراسەکەمان
قفڵێکی گەورەی پێوەیە
لە جیهانی “باوکەکان”دا
قسەکردنمان بیردەچێتەوە
لە جیهانی پیاوەکاندا
بازنەکانی نامەودا
هەموو لەیەک ئاڵاون
(بازنەی ژن)
لە جیهانی “دایکەکان”دا
لە چنینی چارشێوێک بۆ شەرم و
پینەکردنی ماڵێک
بە ماڵێ جاڵجاڵۆکە دەچێت
هیچیتر فێرنابین
لە جیهانی “دایکەکان”دا
فێری هونەری گوێگرتن دەبین
لە جیهانی ژنەکاندا
بازنەکانی نامەوداکان
لەیەک ترازاون و
دەرگایەکیش نیە بۆ راکردن
(بازنەی خودا)
بە منداڵی، نەنکم دەیگوت
خودا لە ناو “مزگەوتەکان”دا دەژی
کە گەورەبوون
“خودا”م لە ژێر پێستما دۆزییەوە
“خودا”م لە خەونەکانمدا دەبینی
ئەڵقە ئەڵقەی
بازنەکانی نامەودا دەکردە ملم
(بازنەی ئاشتی)
بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژیت
پێویست ناکات
تفەنگەکەت لە شانت داگری و
هەرچی فیشەک ماوە فڕێیاندەیت
بۆ ئەوەی بە “ئاشتی” بژیت
دەبێت لەگەڵ بیرۆکەی “بەردەوامی” رابێی
دەبێت لە “مردن” رابێت
دەبێت هەموو ئەو جیهانانە بدۆزیتەوە
کە رەنگە لێیان ژیابیت..
دەبێت هەنگاو بەسەر
بازنەکانی ناومەودادا بنێیت
بەبێ ئەوەی
ئازاری رۆحی گوڵێک بدەیت
- “نامەودا”: بەمانای (اللامسافة)
** “بەردەوامی”: بە مانای (صیرورة)