لەم دیمانە تایبەتەدا بۆ یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (رەوەند)، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، لە وەڵامی چەند پرسیارێكماندا، باس لە بایەخ و ئامانجە باڵاكانی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و گرنگترین چالاكی و هەنگاوەكان دەکات، بە كورتییش رۆشنایی دەخاتە سەر نەخشەڕێگای کارکردنیان لە کۆنفیدراسیۆن، زۆر بە راشكاوییش رایدەگەیەنێت كە کۆنفیدراسیۆن، ماڵی سەرجەم کوردستانیانە بەبێ جیاوازی.
دیمانە: گۆڤاری (رەوەند)
( ڕەوەند ): بۆچی بوونی (كۆنفدراسیۆنی ڕهوهندی كوردستانی له تاراوگه) گرنگه؟ ئایا هەستتان بە بۆشاییەك كردبوو؟ ئهگهر ئهم ڕێكخراوه نهبێت كێشه چی دهبێت و چ كەموكوڕییەك لە ئارادا دەبێ؟
شفا بارزانی: لە سەرەتادا پیرۆزبایی دەرچوونی ژمارەی یەکەمی گۆڤاری (ڕەوەند) لە ستافی سەرپەرشتی و سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە دەکەم، هیوادارم ببێتە دەنگ و ڕەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچە.
سەبارەت بە پرسیارەکەتان، دامەزراندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پێویستییەکی حەتمی بوو، چونکە نەبوونی ڕێکخراوێکی کولتووری و ڕۆشنبیری کە گرنگی بە چاند و زمان و ڕەسەنایەتی کوردستانییان بدات، بۆشاییەکی لەنێوان کوردستانییانی دیاسپۆرا و شوناسی نەتەوەییان دروست کردبوو، هەست دەکرا ئەگەر ئەم بۆشاییە بەردەوام بێت نەوەی سێیەمی کوردستانییان بەر شاڵاوی ئەیسیمیلەیشن بکەون و لەناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا بە تەواوەتی بتوێنەوە و لە نەتەوە و شوناسی خۆیان دابڕێن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە نەدەکرا هێزێکی گرنگی وەک دیاسپۆرا، کە بێ گومان پێگەیەکی گرنگی هەیە لە لۆبی کردن و پەیدا کردنی دۆست و وڵات فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت، بۆیە ڕیزدار جەنابی سەرۆک بارزانی لە ساڵی ٢٠٢٠ بابەتی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەی خستەڕوو.
(ڕەوەند ): لهوهتەی جهنابتان وهك سهرپهرشتیاری گشتیی كۆنفدراسیۆن دهستبەكار بوون، له كۆنفدراسیۆن كارهكان له چ ئاستێكدا بەرەوپێش چوون؟ ئایا توانراوه متمانه و باوهڕی ژمارهیهكی بهرچاو له كوردستانییانی تاراوگه بهدهست بهێنرێت، كە ئەم ڕێكخراوە بۆ خزمەت كردنی ئەوانە؟
شفا بارزانی: سەبارەت بە وڵامی ئەو پرسیارەتان، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی درێژخایەن دەستم بە کارەکانم کردووە. کاتبەندی بەرنامەکەمان بۆ (کورت مەودا، ناوەند مەودا و درێژ مەودا) دابەش کردووە، تا ئێستا لە چوارچێوەی زەمەنبەندی جێبەجێکردنی قۆناغی کورت مەودا داین، کە خۆی لە سازدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراو و کەسایەتی و کۆمەڵگای کوردستانی لە دیاسپۆرا دەبینێتەوە. هەوڵمانداوە لەم قۆناغەدا دید و بۆچوونی کوردستانیان وەربگرین سەبارەت بە چۆنییەتی بەرفراوانکردنی کۆنفدراسیۆن و وەرگرتنی ڕایان لەسەر شیوازی کارکردن لە داهاتوودا. بە گشتیی بەرەوپێشچوون و پێشوازییەکی باش هەیە و هاوکارییەکی باشیان کردووین بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی کۆنفدراسیۆن.
هەرچەندە کارەکەمان پرۆسەیە و پێویستی بە کاتە، بەڵام گەشبینم و لەو باوەڕەدام لە داهاتوودا دیاسپۆرای کوردستانی بگاتە ئاست دیاسپۆرا جیهانییەکان، کە بوونەتە دەنگ و ڕەنگ و پاڵپشتی وڵاتانیان.
( رەوەند ): حهز دەكەین له زاری خۆتانهوه ببیستین و بە وردی تێبگهین ئامانجە سەرەكییەكانی ئهم كۆنفدراسیۆنه چین؟ چاوهڕوانی چی لێ دهكەن و چ خەونێكتان بۆی هەیە؟
شفا بارزانی: وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەم باسمکرد، ئامانجی کۆنفدراسیۆن کولتووری و ڕۆشنبیری و پاراستنی ڕەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەییمانە. کۆنفدراسیۆن کار دەکات بۆ گەیاندنی زمانی کوردی بە سەرجەم کوردستانییان بە شێوەزار و دیالێکتە جیاوازەکانییەوە و زیندووکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. هەروەها کار دەکات بۆ یەکخستنی کوردستانییان لە ژێر چەترێکی نیشتمانی و پاڵپشتی لە دیاسپۆرای کوردستانی دەکات لە بواریسیاسی، کولتووری، وەرزشی، هونەری و کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە جگە لەوەی دەمانەوێت کۆنفدراسیۆن نێردەیەکی کوردستانی کاریگەر بێت بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومییەتی نەتەوەی کورد بە ڕایەدارە جیهانییەکان و هەوڵدەدات و تێدەکۆشێت لە پێناو دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردستانی لەسەر خاکی کوردستان.
یەکێکی تر لە ئامانجەکانی کۆنفدراسیۆن کارکردنە لەسەر ئینتیگراسیۆن و تێکەڵبوونی کوردستانیان بە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا، خەبات دەکات بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە بیری ڕادیکاڵی توندئاژۆ و پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێساکانی ڕۆژئاوا و پێگەیاندنی تاکێکی سوودبەخش بۆ کوردستان و وڵاتانی ڕۆژئاواش.
(ڕەوەند ): گریمان ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێژەی زیاتر لە سەدا هەشتای ٨٠٪ی كوردستانییانی تاراوگه له ژێر چهتری ئهم ڕێكخراوهدا كۆ بوونەوە، ئهو كات ئهم ڕێكخراوه چی پێ دهكرێت بۆ كوردان و كوردستانییانی تاراوگه، به تایبهت (له كاتی ڕووداوه گرنگهكان، كه دێته ئاراوه بۆ ههرێمی كوردستان، بایەخدان بە توانا مرۆییەكانی كوردستانییانی تاراوگە، پابەندبوونی نەوەی تازەی كوردانی تاراوگە بە كوردستان و زمان و فەرهەنگی كوردی و..هتد)؟
شفا بارزانی: پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت؛ هێز لە یەکگرتن دایە. هەمیشە ئەوە لە وتارەکانمدا دووبارە دەکەمەوە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی پشت ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، نەبوونی یەکێتیی نێوخۆییمان بووە، بۆیە دڵنیام ئەگەر لە دەرەوە یەکگرتوو بین دەتوانین کاری زۆر باش بۆ کوردستان و بۆ کوردستانییانی دیاسپۆراش ئەنجامبدەین. ئومێد دەکەم لێرە نموونەیەکی یەکگرتووی سەرکەوتوو پیشکەش بە وڵات و تەواوی هێزە سیاسییەکان بکەین و لە ڕێگەی سەرکەوتنەکانمان ئەوە بسەلمێنێ، کە هێز لە یەکبوون دایە.
بێگومان نموونەی زۆر باشمان هەن، کە دەیسەلمێنن یەکگرتوویی سەرکەوتنە، ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـی باشوور، کە بەرەی کوردستانی سەرپەرشتی دەکرد، توانی ئەو پارچەی وڵات ئازاد بکات و پەرلەمان و حکومەت و ئەزموونی سیاسیی باشوور بەرهەمی ئەو یەکێتییە بوو. هەروەها دوای ٢٠٠٥ کاتێک نێوماڵی کورد یەکخرا، کورد توانی دەستکەوتی باش لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و دواتر لە ئاوەدانی و پێشکەوتنی کوردستان بە دەست بێنێت. بۆیە ئومێدێکی زۆرمان هەیە و بڕوامان بەوەیە، کە یەکێتیی کلیلی سەرکەوتنە.
( رەوەند ): زۆرینهمان تا ڕادهیهكی باش لهوه تێگهیشتووین، كه كۆنفدراسیۆن بۆ ههموو كوردستانییانی تاراوگه و كوردانی پارچهكانی تری كوردستانیشە، ههروهك ئاشكرایه (حزبەكان، ئایدلۆژیا، ئایین و ڕهوته جیاوازهكان) كاریان لهسهر دابەشكردنی ڕەوەندی كوردستانی بۆ چەند ئامانج و ئاڕاستەیەكی جیاواز كردووە، ئایا ستراتیژی (كۆنفدراسیۆنی ڕهوهندی كوردستانی له تاراوگه) چییە بۆ تێپهڕاندنی ئەو پێناسە بچووكانە و دروستكردنی ئامانجی هاوبەشی كوردستانییانە لای ڕەوەندی كوردستانی؟
شفا بارزانی: ئێمە لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سێ پرنسیپی سەرەکیمان هەن، کە بریتین لە: (ئاڵای ڕەنگینی کوردستان، پێشمەرگە وەک سیمبولی بەرخودان و پاراستنی کوردستان و بڕوابوون بە سەربەخۆیی کوردستان). هەر کوردستانییەک بە جیاوازی سیاسیی و کولتووری و ڕۆشنبیری و نەتەوەیی ئایینی و مەزهەبی، بڕوای بەم پرنسیپانە هەبێت، دەتوانێت بێتە ناو کۆنفدراسیۆن و کۆنفدراسیۆن ماڵی سەرجەم کوردستانییانە بەبێ جیاوازی. ئامانجی کۆنفدراسیۆن ئەوەیە، کە ئەو دووبەرەکی و ململانێ سیاسییەی لە نێوخۆی کوردستان هەیە نەپەڕێتەوە دەرەوە و دەمانەوێت نموونەیەک بین بۆ ناوخۆش و بۆیان بسەلمێنین هێز لە یەکگرتوویی دایە.