گۆڤاری ڕەوەند
زیرەک میرە، یەکێکە لە پەیکەرسازە ناودارەکانی کورد و جیهان، خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەتە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، تا ئێستا ٢٠ خەڵاتی بەدەستهێناوە. دوا کاری دروستکردنی پەیکەری چاوەڕوانی بوو لە هۆڵەندا کە پەیکەرێکی قەبارە گەورە بوو. زیرەک میرە، لە ڕێگەی هونەرکەی توانیوەیەتی بۆچوونەکانی بگەیەنێتە ڕای گشتی، لەم دەرفەتەدا وەک گۆڤاری (ڕەوەند) دەمانەوێت لە دوا کاری هونەری خۆیەوە بیدوێنین و پاشان قسە و باسی تر لەسەر کارە هونەرییەکانی بکەین.
ڕەوەند: پەیکەری ڤیولین وومان لە وڵاتی هۆڵەندا دانرا، بیرۆکەی ئەم شاکارە هونەرییە چۆن لاتان گەڵاڵە بوو! بۆچی ئەم ناوەتان هەڵبژارد؟
زیرەک میرە: پەیکەری (ڤیولین وومان) ساڵی ٢٠١٩ لە شاری سنێكی هەرێمی فریسلاندی وڵاتی هۆڵەندا، بە ئەنجامم گەیاندووە. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن شارەوانییەوە بانگەشەی بۆ کرا، زیاتر لە ٢١ هونەرمەندی پەیکەرساز بەشداربوون. ئەوەی ڕاستی بێت، من لە ڕێگەی هونەرمەندێکی هاوڕێمەوە،کە بە ڕەگەز ئەڵمانییە و مامۆستای زانکۆیە لە هەرێمی فریسلاند، بەشداری ئەو پێشبڕکێیە بووم. پڕۆژەکە چەند مەرجێکی تێدابوو، یاخود لایەنی پەیوەندیدار دەیویست چەند مەرجێك لە کارە هونەرییەکەیدا هەبێت، ئەویش ئەوەیە لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەکێك لە ئەکادیمییە هونەرییەکان دادەنرێت، کە سەمای بالێ و میوزیک، بەشی شێوەکاری، لقی پەیکەرسازی و دیزاینی تێدابوو،لە هەمانکاتدا بەشی کەلتوور و فۆلکلۆری بۆ دیزاین کردنی جلوبەرگی کۆنی هۆڵەندی تێدابوو، بۆیە دەبوو من هەوڵ بدەم لە ماکێتەکەدا تەواوی ئەمانە جێگا بکەمەوە.
ئەگەر تەماشای پەیکەرەکە بکەیت بە گشتیی لە شێوەی ڤیولینی دەکات، ئەمە وەکو بەشی میوزیک، بەڵام پێڵاوەکانی، پێڵاوی کڵۆم پێڵد کە تایبەتە بە کەلتووری هۆڵەندی و لە دار دادەتاشرێت خۆی بۆ خۆی فیگەرە، فیگەرێکی مێینەیشیە، ئەویش زۆر گرنگ بوو بۆیان، چونکە سێ لەسەر چواری خوێندکاران یان بەشداربووانی ئەو کۆرسانە ژن بوون. بە شێوەیەکی گشتیی لەگەڵ ئەوەی لە بناغەکەدا بەمشێوەیە تەکنیکی دروستکردنی بناغەکەی لە زۆربەی پردەکان و خانووە کۆنەکانی فریسلاند، ئەو شێواز و تەکنیکە نەرمە بەکار دەهێنرێت، هەوڵمدا هەموو ئەمانە لە پڕۆژەکەدا جێگا بکەمەوە. بە خۆشحاڵییەوە پاش مانگێك و دە ڕۆژ وەڵامیان دامەوە، کە پڕۆژەکە بۆ من دەرچووە. تەواوی کارکردنم لە پڕۆژەکە نزیکەی شەش بۆ حەوت مانگی خایاند. پڕۆژەکە دوو مەتر بەرزییەتی وە کێشی نزیکەی هەزار کیلۆگرامە، کەرەستەی بەکارهاتوو ستیل و ئیلۆکسی لەگەڵ پاودەر بڕۆنزنن. لەو کات و ساتەی پڕۆژەکەم جێبەجێکرد و نمایشم کرد، بە خۆشحاڵییەوە بەشێك لە ڕەخنەگرانی هەرێمی فریسلاند زۆر بە جوانی لەسەر پڕۆژەکەیاننووسی، بە تایبەتی لە بەشی کەلتووری ڕۆژنامەی سنێك کرانت .
ڕەوەند: تازەترین كاری هونەرییتان ههر له وڵاتی هۆڵهندا بوو، پهیكهری (چاوهڕوانی) کە ئەویش لەبهردهمی كهمپی پهنابهران دانراوه. ئهمەیان لهسهر داوا و ئهركی شارهوانیی بوو یان پڕۆژهیهكی تایبهتی خۆتان بوو؟ پاشانیش دهپرسم بۆچی ناوتان لێ نا پهیكهری (چاوهڕوانی)؟
زیرەک میرە: پەیکەری چاوەڕوانی ساڵی ٢٠٢٢ نمایشم کرد. ئەم پەیکەرە لە بەردەم یەکێك لە کەمپە گەورەکانی هۆڵەندا دانراوە و لەم پەیکەرەدا کەرەستەکانی پێكهاتوون لە بەردی مەڕمەڕ لەگەڵ فایبەرگڵاس، بە هەمان شێوە ستارچەرەکەی لە کەرەستەی ستیل دروست کراوە، کە بەرگەی ساڵانێکی زۆری کەشوهەوا دەگرێت. ئەم پەیکەرە کێشەکەی دوو هەزار کیلۆگرامە و بەرزیەکەی چوار مەترە، ماوەی کار کردن تێیدا هەشت مانگ بوو.
ئەم پەیکەرە بە ناوی چاوەڕوانییە، کە دەربڕین لەوانە دەکات چاوەڕوانن لە کەمپەکاندا، هەر بۆیە لەبەردەم یەکێك لە کەمپەکان داماننا، سپۆنسەری ئەم پڕۆژە هونەرییەش، ڕێکخراوی کوایە بوو، کەتەنها ڕێکخراوە سەرپەرشتی تەواوی کەمپەکانی هۆڵەندا دەکات بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ شارەوانی فریسلاندا، ھەروەھا لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیری هەرێمی فریسلاند و سەرۆکی شارەوانی هەرێمی فریسلاند و شاری سنێکەوە، پەردەی لەسەر لادرا.
ئەگەر بە وردی تەماشای پەیکەرەکە بکەیت، ئەوا زۆر دەربڕین لە چاوەڕوانی دەکات کە پەنابەرەکان لە کەمپەکاندا چاوەڕێن. واتە پەنابەرگەلێکی زۆر ھەن زیاتر لە ١٠ بۆ ١٢ ساڵ، بگرە تا ١٥ ساڵە لە چاوەڕوانیدان بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتی وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەم دوو فۆرمەم هێنا وەکو ئەوەی یەکێکیان ئەوەی خوارەوە و ئەوەی سەرەوە جێگیر بکات و بە شێوازێك بێت لە شێوازەکان،کە دەیبینیت دوو (فەیسە)، واتا دوو ڕووخسار، شێوەی ئەوەیە، کە لە کاتژمێرێکی لمین دەچێت، بەبەردەوام کات دەڕوات، هیوادارم ببێتە جێگا ڕەزامەندی ئێوەو هەموو هەرێمی فریسلاند، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.