گۆڤارێکی ئەڵمانی: ژمارەیەکی بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخی کورد تەرخان دەکات

لە چەند مانگی رابردوودا، گۆڤاری (د ھۆرن) كە گۆڤارێكی كولتووری و ئەدەبیی ناوداری ئەڵمانییە، لاپەڕەكانی بۆ وەرگێڕان و بڵاوكردنەوەی تێكستی ئەدەبی و شیعری كۆمەڵێك لە شاعیرانی هاوچەرخی كورد بە زمانی ئەڵمانی و بەرهەمی هونەرمەندانی كورد تەرخان كرد.
نووسەر و رۆژنامەوانی كورد، تەنگەزار مارینی، یەكێكە لەو رۆشنبیرانەی كە رۆڵێكی كارای گێڕاوە لەو پرۆسەیەدا، لەم دیمانە تایبەتەی گۆڤاری (رەوەند)ـدا، باس لە وردەكاریی ئەو پرۆسەیە و چۆنیەتیی دەستنیشانكردنی بابەتە كوردییەكان و وەرگێڕانیان بۆ زمانی ئەڵمانی، دەکات.

سازدانی دیمانە: گۆڤاری (رەوەند)
( تەنگەزار ) – زۆر سوپاس، منیش زۆر خۆشحاڵم کە لە رێگای گۆڤاری (رەوەند)ـەوە دەنگی خۆم بگەیێنم بۆ هەواداران و خوێنەرانیی ئازیزتان.

‎(رەوەند) – گۆڤاری (د ھۆڕن) لە چ وڵاتێکی ئەورووپا دەردەچێت؟ ئەگەر بتوانیت پێناسەیەکی کورتی مێژووی دامەزراندنی ئەو گۆڤارە ئەدەبییەمان بۆ بکەیت.

( تەنگەزار ) – گۆڤاری “Die horen” لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە زمانی ئەڵمانی دەردەچێت و لە ئەڵمانیا بڵاو دەکرێتەوە. “Die horen” واتە وەرزەکانی ساڵ، مێژووی ئەم گۆڤارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نووسەری گەورەی ئەڵمانی، (Friedrich Schiller) فریدریش شیلەر، لە ساڵانی ١٧٩٥-١٧٩٧، واتە تەنیا دوو ساڵ دەرچوو، پاشان وەستا. لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هانۆڤەر (Prof. Dr. Maurowitz) پڕۆفیسۆر دكتۆر ماورۆڤیتز و هەندێک لە هاوڕێکانی ئەم گۆڤارەیان زیندووکردەوە و تا ئێستا ٢٩٣ ژمارەی لێ دەرچووە.
“Die horen” گۆڤارێكی ئەدەبی و هونەری و ڕەخنەگرییە. زۆرجار ئەدەبیاتی جیهانی بڵاودەکاتەوە. ئێمەی کوردیش بەختێكمان هەبوو، کە لە ڕێگای (Dr. Herbert Schmalstieg) دكتۆر هێربێرت شمالستیگ، کە ئەو دۆستی گەل و نەتەوەی کوردە و بە یارمەتی ئەو بەڕێزەوە ڕێککەوتین لەسەر بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی تایبەت سەبارەت بە ئەدەبی کوردی.

‎(رەوەند) – ژمارەی ئەمجارەی گۆڤاری دھۆڕن، تەرخان کرابوو بۆ نووسەرانی کورد، دەمەوێت بپرسم شێوازی ھەڵبژاردنەکان چۆن بوو و چەند بەرھەمی نووسەرانی کوردی تێیدا بەشدار بوون؟

( تەنگەزار ) – بەڵێ ئەم ژمارەیە تایبەت بوو بۆ ئەدەبیات و نووسەرانی کورد. شێوازی هەڵبژاردنەکە بەمشێوەیە بوو، لە سەرەتاوە هەوڵمدا ئەو نووسەرانەی كە دەمناسی و بەرهەمەکانیانم خوێندبووەوە و كە پێموابوو ئاستی ئەدەبییان باشە، پەیوەندیم ڵەگەل ئەوانەوە كرد. لە ھەندێك لە زاراواكاندا پێویستیم بە یارمەتی ئەوان ھەبوو، بۆ نموونه کرمانجی خواروو (سۆرانی)، برای ئازیزم، زانا خەلیل، وەک نووسەر و شاعیر، یارمەتیییەکی زۆری دام و کۆمەڵێک بەرهەمی بۆم نارد. هەندێکیان وەک بەرهەمەکانی قوباد جەلیلزادە، کەژاڵ ئەحمەد و خوالێخۆشبوو شێرکۆ بێکەس، ئەوانم دەناسی. بۆ زازاکی، نووسەر، سەیدخان کورژی، بۆی دابین کردم و وەرگێڕانی بۆ کردم. لە کۆتاییدا ئەو بەرهەمانە لەلایەن من و هەندێک برادەرانەوە وەرگێڕدران.
بەرهەمەکان زۆر بوون، کاری ڕاستکردنەوەی زمانەوانی زۆر بوو، دواجار لەگەڵ (Prof. Hamann, Erb û . M.Eggers) پڕۆفیسۆر هامان، ئێرب و م. ئیگەرز، کارمان لەسەر دەقە ئەڵمانییەکە کرد و لەکاتی پەسەندكردنی بابەتەکان و ئاستی هونەر و جوانی دا، لیژنەیەک لەگەڵم بوون و 49 بەرهەم پەسەندکران و تابلۆکانی هونەرمەند بەهرام حاجۆ وەک گەپ و بەرگ و ناو گۆڤارەکە بەكارھات.

‎(رەوەند) – بەڕێزتان ئەرکە قورسەکەتان لەئەستۆ گرتبوو، ئەویش کاری وەرگێرانی سەرجەم بەرھەمە شیعری و ئەدەبییەکان بوو، لە کوردی بۆ ئەڵمانی و لە ھەمان کاتیشدا کاری ھەڵسەنگاندن و پەیوەندیەکانتان لەئەستۆ بووە، ئاخۆ ئەو ئاستەنگیانە چی بوون کە دەھاتە پێشتان؟

( تەنگەزار ) – سوپاس بۆ ئەم پرسە جوانە. یەکەم بەربەست پەیوەندی و كۆكردنەوەی نووسەران بوو، دووەم ئاستی ئەدەبی ئەو كەسانەی کە ھەڵەچنی گۆڤارەكەیان دەكرد، سێیەم وەرگێڕانەکە بوو کە کاریگەری لەسەر جوانی و كەمبوونەوە دەقەکە نەکات، چوارەم راستكردنەوەی كۆتایی كە پێی ئەلێن (Lektorate) و پێجەمیش، لە کوردستان زۆر ناوی گەورە ھەبوون کە بەرهەمیان نارد بوو، بەڵام پەسەند نەكران، بەراستی ئەوە بۆ من كەمەك خەجالەت و شەرمەزاری بوو.

‎(رەوەند) – ئەم پرۆژەیە بەردەوامیی دەبێت؟ ئاخۆ ئەو نووسەرانەی کە چانسی بڵاوبوونەوەی بەرھەمەکانیان لەم وەرزەدا نەبوو، لە وەرزێکی تردا ھەر تەرخانی دەکەن بۆ نووسەرانی کورد، یاخود بابەتی تری گەلانی تری تێدا بەسەر دەکەنەوە؟

( تەنگەزار ) – نەخێر، بەلام ئەمە یەکەم دەرگایە کە دەزگای چاپ و بڵاوکەرەوەی ئەڵمانی بزانن کە نووسەری کورد هەن و بە شێوەیەکی جوان بەرهەمەکانیان بەرھەمدەھێنن. هەندێك نووسەری کورد هەن، وەک بەختیار عەلی، فاتیما ئایدەمیر، کارۆش تەها، حەلیم یوسف و ڕۆنیا عۆسمان، کە بەرهەمەکانیان بە زمانی ئەڵمانیش بڵاودەکەنەوە. بەڵام دەمانەوێت لە ڕێگای ئەدەبی کوردییەوە دۆزی کورد و نەتەوەی کورد و کوردستان بناسێنین. دووبارە سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

ڕەنگە بە دڵت بن