ڤینۆس فایەق
توێخێک لە پێستم دادەماڵم و
خۆم دەشۆم،
وەک ئەوەی ھەزاران ساڵ بێت
خۆم نەشوشتبێ
بە ریشەکانیانەوە
لە ژێر پێستمەوە دەردەچن
دەنگی گڕ و بۆگەنیان
لە سەری پەنجەکانمەوە دەردەچێ و
ئیتر ئازار لە لەشما نامێنێ و
ئەو قەدەرەم دەمرێ و
ترسم دەمرێ و
خودا لە سینگما
دەبێتە جریوەی چۆلەکە و
“سەرسامی” لە دەمارەکانما بێدار دەبێتەوە و
بیرم دەکەوێتەوە
ڕۆژێک حەپسەخانی نەقیب بووم
و ڕۆژێک خانزاد و
و ڕۆژێکیش “خۆم” بووم
وەختێ سێبەرم
لەسەر یەکێ لە شۆستەکانت مرد
ئەی “نیشتمان”
بە بیرم دێ، بەردێکم لە خۆم داکەند و
ڕووبارێکم کرد بە بەرما و
سەرپۆشێکم لە گمەی کۆتر و
قاسپەی کەو بە سەرما دا و
بیرم کەوتەوە
کە من ھەموو جارێ
بیرم دەچێتەوە
ھەموو ئەمەم بیرکەوێتەوە
بیرم دەچێتەوە، بیرم کەوێتەوە
کە من شینیی ئاسمان و
سپێتی لاپەڕەیەک و
خوڕەی ئاو بووم
کە باخێکی بە ناوچەوانتەوە ئاو دەدا
ئەی “نیشتمان”
کەمێک ئاوی “سوێر”ی ئەم رووبارە
دەکەم بە سەرما و
بەو ھەموو حیکمەتە، خۆم دەشۆم
بەو ھەموو تاریکیە
خەیاڵم دەگوشم
بۆ ئەوەی بیرمکەوێتەوە
گەمژەییم بە زیرەکیم یەکسان دەبێتەوە و
تەنھا “خودا” لە خەونمدا دەبینم
بۆ ئەوەی بیرمکەوێتەوە
ئێوارەیەکیان ئەستێرەیەک بووم
و بەیانیەکیان خۆرێک
و شۆستەیەک لە شارێکا
گۆرانی بۆ ھەمووی دەڵێم
لە ژێر بارانا سەما دەکەم و
ھەزاران قەسیدەت بۆ دەنووسم
ئەی “نیشتمان”
بەم ساویلکەییەی خۆم و
دونیانەویستیە و مەزاجێکی خوداوەندانە
تەنگ بە سروشت ھەڵدەچنم و
قژم لەبەر ئاوێنەکەی ھیپاتیا شانە دەکەم و
بە دزیەوە
لە ئاوێنەکە دەچمە دەرەوە و
گومان بە یەقین دەکڕم و
گەمژەیی بە گوناھێکی سپی
ئینجا کەوڵم دەکەن و
پەنجەکانم لێ دەکەنەوە و
بە خوێنم،
ئاوی دارستانێک لە نەگریسیان دەدەن
ئەقڵم لە سەرم ھەڵدێ و
بێ ئاڕاستە
بێ سنوور ھەڵئەفڕێ
خۆشم، لە سەرم دێمە دەرەوە و
دەگەڕێمەوە ناو “خۆ”م و
بیر دەکەوێتەوە
بیرم دەکەوێتەوە
ڕۆژێک پاپۆڕێک بووم
بە چارۆکەیەکی شکاوەوە
ئاوێنەیەکی تاریک تاریک
دەموچاوەکانی تیا ون بووبوو
یان قەنەفەیەک بووم
پیرەژنێکی لەسەر ڕادەکشا
چیرۆکێکی دەنووسیەوە
تۆ پاڵەوانی بووی
ئەی “نیشتمان”
کەچێ ھێشتا
بەو ھەموو حیکمەتە
بەو ھەموو تاریکیە خۆم ئەشۆم و
مێشکم ئەگوشم
بۆ ئەوەی بیرمکەوێتەوە