خوێن و نەوت، هۆکارە نەبینراوەکانی پشت ڕووداوە مەزنەکان


د. ھاوڕێ مەنسوربەگ
لەو کاتەی مرۆڤێکی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست)ـی سادە چیرۆکی ئەوە دەخوێنێتەوە، کە پاشای بابلییەکان (نەبوخەزنەسر) جووەکانی خستۆتە ناو چاڵە ئاگرینەکانی باباگوڕگوڕ، بە دیدێکی تایبەت بە خۆی لەو ڕووداوە دەڕوانێت. ھەمان ھاووڵاتی سادە، ھەستی شانازی دای دەگرێت کاتێک دەبیستێ، کە خەڵکی کەرکووک – میسۆپۆتامیا، ڕێگا لە خۆڵ دروستکراوەکانیان بە نەوت سواق دابوو بۆ ڕازاندنەوە و سەرسام کردنی (ئەلێکساندەری مەزن) کاتێک بەوێدا تێپەڕی لە پرۆسەی گەڕان بە دوای سەرکردەی شکستخواردوو، داریووشی سێیەمی فارسەکان.

بەڵام، کاتێک زەویناسە بە ئاگا ئەڵمانییەکان، لە سەرەتای سەدەی بیستەم ئەو ڕووداوانەی (نەبوخەزنەسر) و (ئەلێکساندەری مەزن) شی دەکەنەوە، چێژ و شانازی ساویلکەییانە دایان ناگرێت، بەڵکو ئەوان بە دوای پڕۆژەی سەدەدا دەگەڕێن. سەرباری ئەو چیرۆکە ئەفسانە ئاساییانە، چاوێک بەو ڕاپۆرتانەدا دەخشێننەوە، کە ئەندازیارانی ڕێگەی ئاسنینی ئەڵمانیا ئامادەیان کردبوو بۆ پڕۆژەکانیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ھاوکات زەویناسە ئەڵمانییەکان بە قووڵی چووبوونە ناو بنج و بناوانی بیردۆزەی “چینە بەردە چەماوەکان”، کە وانەیەکی ئەمریکایی بوو بۆ ھەموو جیھان: “نەوت لەو شوێنانە کۆ دەبێتەوە کاتێک چینە بەردەکان لە ژێر زەویدا چەماونەتەوە”. ئەڵمانییەکان بە خێرایی گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی، کە ناوچەکانی خوار چیاکانی زاگرۆس، لێوان لێون لەو شوێنانەی، کە چینە بەردەکان تێیاندا چەماونەتەوە، ھەربۆیە ناوچەکە دەبێت لە سەر دەریای نەوتدا لەنگەری گرتبێت.
ئەڵمانیا پێشنیار دەکات بۆ سوڵتانی عوسمانی، کە ھێڵی ئاسنین بەرە و بەغدا ڕابکێشێت، بەڵام بۆچی بەغدا؟ لەو سەردەمەدا قاتوقڕی بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بوو، دەبێت چی وا لە ئەڵمانیا بکات خۆی بخزێنێتە ناو پڕۆژەیەکی ئاوا ئاڵۆز و زەبەلاح، کە سەرمایەیەکی خەیاڵیشی پێویستە؟
ئەندازیار و زەویناسانی ئەڵمانیا، وانەیان لە خانەوادەی بلیمەتی (نۆبڵ)ـی سویدی پێگەیشتبوو، کە ئەو کات ئەو خانەوادەیە خەریکی ھێنانەئارای پیشەسازی نەوت بوون لە باکۆی ئازەربایجان. وانەکەش ئەوە بوو، کە بۆ ئەو سەردەمە، پێش داھێنانی کەشتی بارھەڵگری نەوت و لە دایکبوونی بەندەرە پێشکەوتووەکان، باشترین ھۆی گواستەنەوەی نەوت، شەمەندەفەرەکانن.
بەریتانیا، بە گومانێکی قووڵەوە دەڕوانێتە ئەو ھەنگاوەی ئەڵمانیا، ڕق و کینە لە ناخیدا بەرامبەر پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینی بەرلین – بەغدا، پەنگی خواردووە. تا دێت ڕقی لەندەن بەرامبەر بەرلین ئەستوورتر دەبێت، بەریتانیا گومانی ھەبوو، پڕۆژەکە زۆر لەوە فراوانترە و ئەڵمانیا بە نیازە تا سەر کەنداوی فارسی\عەرەبی پەل بھاوێژێت.

ساڵی ١٩١٢، یەکێک لە گرینگترین ڕووداوە زانستییەکانی سەدەی بیستەم ڕوویدا، ئەویش ئەوە بوو کەشتییەکانی بەریتانیا بە تەکنەلۆجیایەکی نوێوە ھاتنە مەیدان، لە بری خەڵووز، وزەی نەوتیان بەکار ھێنا. بەو ھۆیەوە کەشتییەکان چوست و چالاکتر و کاریگەرتر دەرکەوتن، ھەژموونی خۆیان بەسەر دەریای باکووردا سەپاند. بەڵام ئەو ھەژموونە پێویستی بە نەوت ھەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت. بەریتانیا، وڵاتێکە دەوڵەمەند بە خەڵووز نەوەک نەوت، بۆیە پێویستە دەستی بگات بە نەوت و ھیچ شوێنێکیش ھێندەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گونجاو نییە، کە ئەو نەوتە بە بەریتانیا ببەخشێت بۆ مانەوەی ھەژموونەکەی لە جیھاندا.

ساڵی ١٩١٢، بە پلانی سەرمایەدارە زەبەلاحەکەی ئمپراتۆرییەتی عوسمانی و جیھان، (گوڵبەنکیان)ـی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی، کۆمپانیای نەوتی تورکی دادەمەزرێت.

مەبەستی سەرەکی گوڵبەنکیان لە دامەزراندنی کۆمپانیاکە دۆزینەوەی نەوت بوو لە میسۆپۆتامیا و ویلایەتی موسڵ، کە (کەرکووک)یش لە خۆیدا دەگرێت.
ئەو ڕاستییە تاڵەی بەریتانیای تووشی ھیستیریا کرد ئەوە بوو، کە پشکێکی گەورەی کۆمپانیا تورکییە نوێیەکە لە لایەن (دۆیچە بانک)ی ئەڵمانییەوە خاوەندارێتی دەکرا.

لەلایەک ئەڵمانیا بە نیازی ھێڵی ئاسنینە بۆ گواستنەوەی نەوتی میسۆپۆتامیا، لە لایەک کۆمپانیای تورکی بە پارەی ئەڵمانیا دامەزراوە و ئامادەیە نەوت بدۆزێتەوە. لەھەمان کاتیشدا کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا تینووی وزە نوێیەکەیانن، کە ئەویش نەوتە. ھەژموونی سەربازی و دەریایی بەریتانیا و فەرەنسا کەوتۆتە مەترسییەکی گەورە، بەریتانیا و فەرەنسا ئۆقرەیان لێ بڕا بوو و لە ھەنجەتێک دەگەڕێن جەنگ لە دژی ئەڵمانیا ھەڵبگیرسێنن.
(فرانز فێردینان) شازادەی ئیمپراتۆریەتی نەمسا – ھەنگاریا، لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٤ لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە شاری سەرایڤۆی بۆسنە (ئەوکات بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی نەمسا – ھەنگاریا) لەلایەن ناسیۆنالیستێکی سربی تیرۆرکران.
ئەم ڕووداوە توڕەیی زۆری لە ئیمپراتۆرییەتی نەمسا – ھەنگاریا دروستکرد، لە ٢٨ـی تەمموزی ١٩١٤ شەڕیان لەگەڵ سربیا ڕاگەیاند.

ئەم جەنگە “کاریگەری دۆمینۆی” لێکەوتەوە بە ھۆی تۆڕێکی ئاڵۆزی ھاوپەیمانییەکان، کە لەنێوان زلھێزە گەورەکانی ئەوروپادا دامەزرابوو. ڕووسیا، بۆ پشتیوانی لە سربیا ھاتە ناو جەنگەوە، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ئەڵمانیا شەڕ لە دژی ڕووسیا ڕابگەیەنێت. پاشان فەرەنسا لە دژی ئەڵمانیا و نەمسا – ھەنگاریا ھاتە ناو جەنگ. ئەڵمانیا، ھێرشی کردە سەر بەلجیکای بێلایەن بۆ ئەوەی دواتر بگاتە فەرەنسا. دواجار بەریتانیا پاساوی دەستکەوت و جەنگی لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند.
بەم شێوەیە تیرۆرکردنی (فرانز فێردیناند) ئەو پریشکە ئاگرە بوو، کە بۆمبی گرژییە کەڵەکەبووەکانی تەقاندەوە و بووە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانی.
لە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگ و سەرکەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا، وەک ئاماژەدانێک بە چوستی و چالاکی کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا بە ھۆی بەکارھێنای وزەی نەوت لە بری خەڵووز، (لۆرد کورزۆن) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: “ھاوپەیمانان لەسەر شەپۆلی نەوتدا گەیشتنە ئامانجی سەرکەوتن”.

ڕەنگە بە دڵت بن