مۆسکۆ: کچە شەترەنجزانێکی کورد خەڵات دەکرێت

ئێڤا هەڤال نزارکی، کچە شەترەنجزانێکی کوردە و لە میانەی بەشداری کردنی لە پاڵەوانییەتی یاری شەترەنج لە شاری مۆسکۆ، پلەی سێیەمی بە دەستهێنا و خەڵات کرا.

لە پاڵەوانییەتەکەدا 171 شەترەنجزان لە تەمەن و ئاستی جیاواز بەشدارییان کرد و ئێڤا هەڤاڵ تەنیا کچە کورد بوو لە پاڵەوانییەتەکەدا بەشداری کرد و توانی لە بەشی Rapid پلەی سێیەمی پێشبڕکێی کچان بەدەست بهێنێت.

ئێڤا نزارکی لە لێدوانێکی بۆ کوردستان 24 ئەوەی خستەڕوو، شەترەنج یاری دڵخوازی ئەوە و ئەم یارییە گەشە بە لۆژیک و بیرکردنەوە دەدات. ئێڤا دەشڵێت، زۆرجار یاری شەترەنج دەکەم و کاریگەری ئەرێنی بۆ خوێندنەکەم هەیە، شەترەنج یارییەکی تەختەیی زۆر سەرنج راکێشە و پێم وایە باشترینە، چونکە کۆمەڵێک یاسای تێدایە بۆ چۆنییەتی ئەنجام دانی جوڵەکان، ئەمەش وا دەکات ئاڵۆزتر بێت و پەرە بە سەرنجدانی یاریزانەکان بدات، چونکە ئەگەر لانیکەم جارێک بە هەڵەدا بچیت، لەوەیە تەوای یارییەکە بدۆڕێنیت.

باوکی ئێڤا بە سەرکەوتنی کچەکەی دڵخۆشە و دەڵێت، ئێڤا هەر لە منداڵیەوە حەز و خولیای بۆ یاری شەترەنج زۆر بوو، نزیک بە دوو ساڵ دەبێت دەچێتە خولی ئەکادیمی یاری شەترەنج، بۆ ئەوەی لەم یارییە پەرەی زیاتر بە تواناکانی بدات و لە داهاتوودا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداریی پاڵەوانییەتی و پێشبڕکێکان بکات.

ئێڤا هەڤال نزارکی، تەمەنی 9 ساڵە و قوتابی قۆناغی سێیەمی بنەڕەتییە، خۆی و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەژین.

ڕەنگە بە دڵت بن