ئەوها پارێزراوتر دەبین

هێمن مەحمود كاكەیی 

دەتوانین بڵێن كوردستان لانكەی پێكەوەژیانێكی سروشتییانە بووە لە ڕابردوو، هەبوونی ( مەسیحی و ئیسلام و جوو، ئێزدی و كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی و سابیئەی مەندای، وە كورد و توركمان و سریانی و عەرەبیش) لە یەك جوگرافیای بچووكدا، كۆكەرەوە و ڕەگەزێكی گرنگی ئەو پێكەوە ژیانە بووە لە ڕابردوودا. 

ڕەنگە دۆخەكان لە سەرەدەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دیكە گۆڕانكاری گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام دەبێت دەوڵەت ( دەوڵەتی عێراق ) بیری جددی لە چەند ساڵی داهاتووی پێكهاتەكان بكاتەوە وەك هێما و هەبوونی فرەیی و پاراستنی ئەو كولتوورە فرەییەی لە ڕابردوودا بە شێوەیكی خۆڕسكانە هەبووە، وە دەبێت ئەم پێكەوەژیانە خۆڕسكانە بە یاسایی بكرێت و یاساكەش هەمووان بپارێزێت و بەرگری لە مانەوەمان بكات.

ئەمەش لە ڕێگای دەركردنی یاسایەكی تۆكمە و قابیلی جێبەجێ كردن، كە هەم پێكهاتەكان بپارێزێت لە فكری توندڕەوی داهاتوو، كە شەپۆلێكی مەترسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم بەشداری پێكردنی سیاسییان فەراهم بكات، كە هیچ دادگایەك و بابەتێكی سیاسیی نەتوانێت ئەم بابەتە لە كاتی كێشە سیاسییەكان بە كار بهێنێت.

یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2015 تایبەت بە پاراستنی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوێندراوە، دەكرێت بكرێتە بناغەیەكی باش بۆ ئەم بابەتە.

یاساكە چەند جارێك لە لایەن دەستەی مافی مرۆڤ، وەزارەتی ئەوقاف و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان بە ئامادەبوونی بەشێك لە پێكهاتەكان باسی هەمواركردنەوەی كراوە. كەواتە دوای نزیكەی 10 ساڵ لە دەرچوونی یاساكە، دیارە كێشە لە جێبەجێكردنی یاساكە هەیە. لە ڕاستیشدا وایە، یاساكە چەترێك نییە بۆ پێكهاتەكان، بەڵام هەبوونی هەنگاوێكی باش بوو، چونكە دەبێت ئێمە هەمیشە لە ژێر سێبەری یاساكان بڵێن ئەوها پارێزراوتر دەبین، وە ئەو هەستەمان بۆ دروست ببێت، كە یاساكە بۆتە چەترێك بۆ هەمووان، بەڵام یاسای ژمارە (5) ساڵی 2015 ئەو هەستەی بۆ دروست نەكردینە. 

لە هەمواری یاساكە گرنگە ڕەچاوی ڕێکكەوتنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەڵگەنامەكانی تایبەت بە پێكهاتەكان، مافی مرۆڤ بكات، بۆ ئەوەی هەم لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی كۆك بێت و هەم یاسایەكی سەردەمیانە و قابیلی جێبەجێ كردنی هەبێت، تەنانەت لایەنی جێبەجێ كردنی یاساكەش دیاری بكرێت، بۆ نموونە وەزارەتێكە یان ئەنجوومەنی وەزیرانە، یان دەستەیەكە تایبەت بەم یاسایە، وە گرنگە لە هەموارەكە ڕێگە بە پێكهاتەكان بدرێت پێناسەی هەبوونی خۆیان بكەن و یاساكەش بە جۆرێك بێت، كە شانازی بە هەبوونییەوە بكەن، نەك شەرم لە پێكهاتە بوونی خۆیان بكەن، هەروەها زۆرینەش، كە وەك ئایین ئیسلام وەك نەتەوە كوردە شاناز و دڵخۆش بێت بەو فرە ڕەنگی و هەمەچەشنییەی لە وڵاتەكەی یان لە شارەكەی هەیە، ئەوها ئێمە دەتوانین لە دڵەوە یەكترمان خۆش بوێت و بەشداری مەراسیم و یادەكانی یەكدی بین وەك پێكهاتەكان نەك لەبەر كامێرا و شەرمی یەكدی بەشدار بین، واتە دەبێت یاساكە ئەو دۆخە بەرهەم بهێنێت، كە ئێمە شانازی بە ناسنامەی خۆمان بكەین و شەڕی مانەوەش بۆ ناسنامەكانی دیكەی شارەكەمان بكەین.

گرنگە هەموو ئەو لایەنانەی، كە لە سەرەوە باسم كرد، هەوڵەكانیان یەك بخەن و بە گیانێكی نیشتیمانیانە و دوور لە دەمارگیری بۆ ئەوەی لە خولی داهاتووی پەرلەمان ئەو كارە بكرێـت، یاسایەكی تۆكمە و سەردەمیانە دەربچێت و هەمووان لە چواردەوری خۆیدا كۆبكاتەوە.  

ڕەنگە بە دڵت بن