چاوپێکەوتن لەگەڵ شڤان پەروەر

شڤان پەروەر
کوردستان بۆ ئێمە لە ھەموو شتێک پیرۆزترە
شڤان پەرەوەر، سەرەتا ئەو بە سەرچۆپی (گۆڤەندا ئازادیخوازان لە ساڵی ١٩٧٥) دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە، بوو بە رووسپی جڤاتی (ھەڤالێ بارگرانم لە ساڵی ١٩٧٦) لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەکانی کوردستان، بوو بە ھەڵگری ئاڵا و خاوەنی فەرمانی (ھەرنە پێش ١٩٧٧)، خەمخۆری جوگرافیای کوردستان و ئازار و خەم و ھاواری ڕووباری (ئەی فەرات ١٩٧٨).
شڤان پەروەر، درێژەپێدەری فەلسەفەی خۆناسیی جگەرخوێن و پرسیاری (کینە ئەم؟ ١٩٧٩) لە ئێمەی پرسی، گلەیی و گازندە و دەربەدەری و کۆچبەریی ئاوارەیی کوردی لە گۆرانیی (ھەی دڵ ١٩٨٠) بەرجەستە کرد.
ئەوە شڤان بوو گوتی: (گەلێ من رابە لە ساڵی ١٩٨١) لە بەردەم با و باھۆز و زریانەوە لە شاخەکانی کوردستاندا لەگەڵ پێشمەرگەکانی شۆڕشی (ئاگری ١٩٨٢) بوو ئاوازی بولبولی قەفەسی تۆمار کرد (بلبیلۆ/ فەرزە ١٩٨٣) شڤان، جوانی و خانەدانیی (دۆتمام ١٩٨٥) پێ ناساندین. جوانی و خۆشەویستیی (لێ دلبەر ١٩٨٦) پێ ئاشنا کردین، ھاواری کۆمەڵکوژییەکانی دێرسیم، زیلان، مەرەش و ئەنفالی بارزان، بەھدینان، بالیسان، گەرمیان و حەڵەبجەی لە شاکارێکی ھونەرییدا لە ساڵی ١٩٨٨ بە گوێی ئێمە و جیھاندا دا.
خەمڕەوێنی خەم و خەفەت و پەژارەی (بولبولێ دڵشادی ١٩٨٨) و سەربەخۆیی کوردستان لە مەھاباد و (خەونی من / قاسملۆ ١٩٩١) پێ گوتین.
لە فەرھەنگی سەرا و کۆشکەکانی فەرقیندا (زەمبیلفرۆش ١٩٩٢)ـی ھێنایە بەرھەم، ھاواری کورد و کوردستانی گەیاندە ئاسمان کاتێک گوتی: (یا سەتار ١٩٩٥)، ئەڤین و جوانی و رەسەنایەتیی کچانی کوردی بە گۆرانیی (نازێ ١٩٩٦) بەیان کرد، خەمی چاوەڕوانیی دایکانی کوردی کردە (ھێڤیا تە ١٩٩٩) و لە گۆرانیی (رۆژ و ھەیڤ لە ساڵی ٢٠٠٠) کوردستان و کولتوور و فەرھەنگی گەشی کوردەواریی ناساند، گۆرانیی (سارێ ٢٠٠١) تۆمار کرد و خاوەنی سەرھەڵدان و (داستانا ڕۆژئاوا ٢٠١١) ھەشبری برینەکانی پێشمەرگەی قارەمان، دەستماڵی فرمێسکی چاوی دایکان و ئومێد و ھیوای زیندانیە سیاسییەکان و گوڵی سووری دەستی خۆشەویستان بووە، بە کورتی و بە کوردی، خۆشی و ناخۆشییەکانی کورد و کوردستانە.

شڤان پەروەر، ھونەرمەندی موزیکزان و سترانبێژی ھەرە ناوداری ھەر چوار پارچەی کوردستان و دەنگی ھەرە دیار و ناسراوی سروود و گۆرانیی نیشتمانی و سۆزداریی کورد لە تاراوگە و وەک کەسایەتیەکی کوردستانپەروەر، بە خۆشحاڵییەوە لە یەکەمین ژمارەیدا، بووە میوانی گۆڤاری (رەوەند) و بە سوپاسەوە کاتێکی شیاوی بۆ تەرخان کردین، تا بە وردی وەڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە.

(رەوەند): ھەڵبەتە ھەموومان شڤان پەروەر و ھونەر و ھەڵوێستەکانی دەناسین و دەزانین وەک ھونەرمەندێکی کورد، لە تاراوگە، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی تۆمار کردووە، چ شتێک ھەیە کە ئێمە نایزانین و پێناسەی شڤان پەروەر دەکات؟ ئەو خەون و ئاواتەی کە زۆر گرنگن بەلاتەوە بێنە دی چین؟

شڤان پەروەر: سەرەتا ئەوەی مێژوو و کۆمەڵگا دەگۆڕێت مێشک و عەقڵی مرۆڤەکانە. ھەموو مرۆڤێک و پێغەمبەرانیش دەمرن و دەبنەوە بە خۆڵ و خاک. ھەموو مرۆڤێکیش مێشک و عەقڵی دانایانەی ھەیە. واتە زانست لەگەڵ مرۆڤەکاندایە، بەڵام ھەموو شتێک پەیوەستە بە بنیاتنانەوە و ئامادەکاری و خوڵقاندنی دەرفەت. کاتێک کۆمەڵگا، یان تاکەکانی کۆمەڵگا یان میللەت تێبگەن کە دەرفەتەکە لەبەردەستدایە، عەقڵ و مێشک بە باشی پەروەردە ببێت، ئەوە ئەو کاتەیە لەگەڵ دەرفەتەکان دەتوانیت بنیات بنێیت و بخوڵقێنیت و پێشکەوتنی گەورە ئەنجام بدەیت.
من وەک کەسایەتییەکی ھونەری خزمەتم کرد، بێگومان لە چوارچێوەی ئەو خزمەتە ھونەرییەدا، رەوشی مێژوویی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییە ئەدەبیەکان، پەیوەندییە زانستییەکان، گەشەسەندنی زمان و کەلەپوور و کولتووری کوردی ھەبوو، نەک تەنیا گۆرانی گوتن. بەڵام چی لە گۆرانییەکەدا ھەیە؟ گۆرانییەکە جگە لە دەنگخۆشی، دەتوانێت چی پێشکەش بکات؟ تەنھا بە نیشتمانپەروەرییەوە ھەستن خزمەت بکەن، یان زانیاریی مێژوویی، ئەدەب، زمانەوانی، جوانی جوگرافیا و ھاووڵاتیبوون و مافی مرۆڤی مافی کەسایەتی لە کۆمەڵگادا ھەبێت.
کۆمەڵگا ھەن خزمەت دەکەن شۆڕش دەکەن، بەڵام ئایا ھەموو کەسێک سوودی لێ وەردەگرێت؟ ئایا ھەموو کەسێکی لە کۆمەڵگادا سوودی لێ وەردەگرێت؟ ئەوەی من دەیبینم لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ھەموان لەناو زەحمەتی و دەرد و سەختی شۆڕشی کوردستاندا بوون و ئێستاش تێیدا بەشدارن و ٩٠%ـیش خۆشحاڵن.
چەند ساڵێک پێش ئێستا ڕیفراندۆمێکتان لە کوردستان بینی، ڕێژەی ٩٣%ـی دەنگدەران گوتیان: ”بەڵێ بۆ سەربەخۆی“ ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆ بین. میللەتی کورد خوازیاری سەربەخۆیی کوردستانە، خوازیاری ئازادیی خۆییەتی. بەڵام ئایا ئەگەر ببین بە دەوڵەت ھەموو تاکەکانی گەلی کورد مافی خۆی بەدەست دەھێنێت؟ زۆر بیر لەم بابەتە دەکەمەوە! ئێستا ستەم و فاشیزمی تورک و عەرەب و فارس ھەیە، ئەگەر کورد ئازاد بێت، ئایا زوڵم و زۆرداری و دیکتاتۆری و فاشیزمی کوردیش لەسەر میللەت زیاد ناکات؟

.ئێمە رێز لە رێبازی شۆڕش دەگرین و بە گرانبەھای دەزانین، رێزی خزمەتی سەرۆکایەتییش دەگرین، رێزی پارتایەتی و حزبایەتییش دەگرین، دەڵێین میللەتێک بەبێ خزمەت و رێکخستنی سیاسی و دامەزراوەیی ناتوانێت بژی. چونکە دەوڵەت خۆی دامەزراوەیەک و رێکخراوێکی ھاوکارییە. دەوڵەت بوون، ماف و حەقی ھەموو لایەکی رێک خستییە، بەڵام لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ماف و حەق نادرێت. یاسا خزمەتێکی باش ناکات، دیموکراسی نیە.
(رەوەند): ئێوە نەک ھەر مێژووتان بۆ خۆتان بە جوانترین شێوە تۆمار کردووە، بەڵکوو توانیوتانە لە ڕێگەی ستران و موزیکەوە، رووی ھەرە گەشی ھونەری کوردی لە بەرزترین ئاستدا بە جیھان بناسێنن. ئایا ئیستا گەشبینیت بەرامبەر بە ئایندەی ھونەری کوردی؟ پەیامی ئێوە بۆ ھونەرمەندان و موزیکژەنی رەوەندی کوردستانیان لە دیاسپۆرا چیە؟
شڤان پەروەر: دەزانن سەردەمێک رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تا تورکیا و بەڵقان و تا قەوقاز لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتێکدا بوو؟ لە دەسەڵاتی سیستمی (سار) چاری رووسیا ھەبووە. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧، یەکێتیی سۆڤیەت دروست بوو. جاران (چار) بوو، پێش ئەوە عوسمانییەکان ھەبوون، دەوڵەتی عوسمانی تا حیجاز لەژێر دەستی ئەواندا بووە، پاشای عوسمانییەکانیش خەلیفەی مەککە بوو. لە سەردەمی سوڵتان سەلیم لە ساڵی ١٥١٢، سوڵتان سەلیم کلیلی مەککەی بەدەستەوە گرت و گوتی: (ئیتر لەمەودوا خیلافەتی ئیسلامی لە دەستی عوسمانییەکاندایە.) رەوشەکە بەردەوام بوو تا عوسمانیەکان شکستیان ھێنا، پاشان تورکیا لەدایک بوو. زۆر دەوڵەت جیاواز بوون و زۆر دەوڵەتی نوێش دامەزران. ئێران ساسانی بوو، پاشان سەفەویەکان ھاتن، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕووسیا و ئیمپراتۆریەتی سەفەوی ھەبوون.
بەڵام لە ئەورووپا لە رێگەی ڕێنسانس و ریفۆرمەوە (چاکسازیی کارگێڕی) دەوڵەتی نەتەوەیی دروست بوو. لەژێر سایەی ئەمەشدا، بەپێی بارودۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست موزیکی فیۆدالیزم بوو. ئاغاکەم، شێخەکەم، شازادەکەم، میرەکەم، قەشەکەم، فڵان و بێڤانەکەم، ئەمە بوو. ھەر چیرۆکێک کە دەنووسران باسی دەوڵەمەندەکان و خاوەن ماڵ و ئاغا و بەگ و میر و شازادە و پاشا بوون، چیرۆکی مەم و زینیش ھەمان شت بوو. واتە لە سەردەمی فیۆدالیزم و ئیمپراتۆرییەتەکاندا، چونکە سیستمێکی فیۆداڵی و کۆیلەداری ھەبووە، پاشایەتی جۆرێک لە کۆیلایەتی بووە.
دوای ئەوەی لە سەدەکانی (١٤، ١٥، ١٦، ١٧)ـەو تەنانەت ھەژدەیەمیش، سیستەمێک لە ئەورووپا دەستی پێکرد کە بە سیستەمی فیۆداڵی ناسرا، فیۆدالیزم لەدایک بوو. بە واتایەکی تر، پاشایەتی، ئاغایەتی، میریەتی و دەرەبەگی بیانەوێت یان نا، کاریگەرییان لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبووە. بۆ نموونە، عوسمانی، سەفەوی، عەرەب لەلایەن شێخەکانەوە حوکمڕانییان دەکرد، ھەر بەوانیش بەڕێوە دەچوون.
لە ئیسلامدا، دەڵێن پێغەمبەر فەرموویەتی: چوار شت ھەیە تەنیا بۆ یەک کەس نییە، بەڵکوو بۆ ھەموو کەسێکە، ئەوانیش؛ زەوی، ئاو، ھەوا و ئاگرە. بەڵام ئێستا دەبینیت ئاغای چوار گوندی لە کوردستان ھەیە، دەڵێن ئەم مەزرەعە ھی یەک کەسە! لە دین و ئایینیشدا شتی وا قەدەغەیە و حەرامە. وەک کوردێک، دەبێت پارچە زەوییەکت ھەبێت، چونکە مافی خۆتە. ھاوکاریکردن دابەشکاری ئەمەیە.
لێرە سیستەمێکی فیۆداڵی ھەبوو، ھەموو گۆرانییەکان لەسەر سیستەمی فیۆداڵی بوون، شازادەکەم وا رۆیشت، ئاغاکەم وای کرد، شێخم وای کرد، قازیم و موفتیی منیش وای کرد، پێغەمبەرم وای کرد، سوڵتانەکەم وای کرد. واتە ھەمیشە

ھەر ئەمە بووە، لە کوردستانیش ھەبووە و تا ئێستاش ھەیە.
باشە کوا دەوڵەتی نەتەوەیی؟ ئەو دەوڵەتانەی کە کۆنترۆڵی ئابووری و سیاسییان بە دەستە، ھونەرەکەیان دەبەنە ھەموو جیھان. ئەمریکا، مایکل جاکسۆنی خۆی دەباتە ھەموو جیھان. پۆپفۆلک موزیک لە ھەموو جیھاندا ھەیە. ئێلڤیس پرێسلی، رۆک موزیکی بردە ھەموو جیھان. پاڤارۆتی، کلاسیکەکان دەباتە ھەموو جیھان. ئەوان دەرفەتیان ھەیە، باشە ئایا دەرفەتی کورد چیە تاوەکوو ھونەرەکەت ببەی بۆ ھەموو جیھان؟ گرنگی و بەرژەوەندیی ھونەری کوردی لە جیھاندا چیە؟ دەنگەکە چەندە باش بێت، ھونەرمەند چەندە باش بێت، تۆ ھەمیشە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایت!
ئینگلیزەکان، ئەمریکییەکان، کەنەدییەکان، فەرەنسییەکان، زۆر جار پەیوەندییم پێوە دەکەن و دەڵێن: (شڤان یەکێکە لەو ھونەرمەندە کوردانەی کە مۆسیقای جیھانی دروست دەکات، با بانگی بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن گۆرانی دەڵێت؟) من بینیومە ھونەرمەندەکانیان زۆر باش گۆرانی دەڵێن، وەک سۆپرانۆ، تێنۆر، باریتۆن، باس. منیش دەتوانم بیڵێم، بەڵام من نابم بە ھونەرمەندی جیھانی، چونکە ئەو بازاڕەی کە گرنگی بە ھونەرەکەم نادات سەرنجی بازاڕی وڵاتەکەی خۆم ڕاناکێشێت، چونکە میللەتەکەمان دابەش بووە، دەڵێن: (با گوێ لە شڤان بگرین بزانین کێشەی کورد چیە؟ لە گۆرانییەکەیدا ئازاری کوردی ھەیە، با بزانین گەلی کورد چی دەوێت؟) ئەو کەسانەی کێشەیان ھەیە، بۆ نموونە پرسی کەتەلۆنیا، پرسی ئێرلەندا، پرسی باسک، با بڵێین ئۆکسیدەنتاڵ، بریتۆن، لانگۆبارد یان ھەندێک نەتەوەی تر، زیاتر پشتگیریم دەکەن، چونکە ئەوانیش کێشە و ئازاریان ھەیە. لە فەرەنسا، ئۆکسیدیەکان ھەن، فەرەنسییەکان ئاسیمیلەیان کردووە. لە سەردەمی جان جاک روسۆدا، ئاسیمیلە کران. ھەروەھا ئاتاتورک سەرسامی جان جاک ڕوسۆیە، چونکە وتی: (ئەگەر دەخوازن دەوڵەتێکی فەرەنسی بێ کێشە بژی، دەبێ زمانی دەوڵەت تەنیا بە زمانی فەرەنسی بێت.) تورکەکانیش ھەمان شتیان کرد و دەیانگوت: (ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە دەوڵەتێکی بێکێشەدا بژین، پێویستە زمانەکە ھەمووی تورکی بێت، کورد نییە) بە کوردیان گوت یان دەتکوژین و تەواوت دەکەین، یان ئاسیمیلە دەبن، دەبنە تورک. ئەمە لە کاتێکدا کولتووری کوردی، ئەدەبی کوردی زۆر کۆنترە لە ھی تورکەکان، شارستانیەتێکی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ھەر کە بیری لە حاڵی خۆی کردەوە و گوتی: (نەخێر) ستەم و زۆرداریان لە دژ بەکار ھێنا.
لە تورکیا دیموکراسی نییە، بۆ نموونە لە ئەورووپا، دەوڵەتێکی بچووک، وەک لیختنشتاین (Liechtenstein) یان لۆکسمبۆرگ کە ھێندەی شارێک دەبێت، دەڵێت: (من کولتوورم ھەیە و پێویستە سەربەخۆ بم.) دەڵێن: دەتوانیت خۆت بەڕێوە ببەیت؟ دەڵێت: (بەڵێ). پاشان دەڵێن: (تکایە بفەرموو سەربەخۆ بە.) بەڵام کورد کە ٦٠ ملیۆنە، کە تەنانەت ١٠ ملیۆن پەنابەری لە جیھاندا ھەیە، بێ وڵاتن. تەنھا لە ئەڵمانیا سێ بۆ چوار ملیۆن کەسی کورد ھەن، ژمارەی کورد لە ئەڵمانیا زیاترە لە ژمارەی تورک، بەڵام تورکەکان قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان ھەیە، دەوڵەت پاڵپشتییان دەکات. ھەموو شتێک، مۆسیقاکەیان، پەروەردەی منداڵەکانیان دەوڵەتی ئەڵمان یارمەتیدەرە بۆیان، بەڵام بۆ یارمەتیی کورد نادات؟ بۆچی؟ چونکە ئەڵمانییەکان، کورد وەک دەوڵەت نابینن. لە لایەکی ترەوە عێراق دەڵێت: کورد ھی خۆمانە، کورد دەبێت عەرەب بێ. تورک دەڵێت: کورد بەشی منە دەبێت تورک بێت. بە ئەڵمانیا دەڵێن: نا، ناتوانی ھاوکاری کوردەکان بکەیت، چونکە وڵاتەکەم خەریکە لەیەک دەکەوێت و دابەش دەبێت. ئێوە ناتوانن ھاوکاری کورد بکەن. کوردیش ھیچ دەسەڵاتێکی نییە، کورد ھێشتا فیۆداڵییە، ئێزدییە، نەینەوامانە، عەلەویە، سوننەیە، شیعەیە، زەردەشتییە، کاکەییە، شەبەکییە، کورد، تارومارە و پەرتوبڵاوە، ھێشتا لەژێر دەستی شێخەکان، میرەکان، پیرەکان، تائیفە، مەزھەبەکاندایە. کورد، پارچە پارچەیە رۆحەکەم. جاربەجار سیاسەتی کوردی دژ بە یەکتری بەکار دەھێنن، نایانەوێت کورد بەئاگا بێتەوە، دەڵێن: ئێمە نەبووینەتە نەتەوەیی، ئێمە ھێشتا فیۆداڵیین، سیاسەتی کوردیش پڕە لە فیۆدالیزم. دەبێت راستیەکان بڵێم، راستە وانیە؟ زۆر خوێندمەوە، دەزانی؟ راستیەکە ئەوەیە، بۆ ئەوەی میللەتی کورد ببێتە دەوڵەت، بۆ ئەوەی ھونەری کوردی جێگەی خۆی بگرێت، بۆ ئەوەی جیھان بە شانازییەوە گوێ لە شڤان پەروەر بگرێت وەک ھونەرمەندێکی بەڕێز، پێویستە

سەرەتا کوردستان دامەزرێت. بۆ ئەوەی خەڵکی تر زیاتر رێزمان لێ بگرن، دەبێت قوتابخانەی کوردی لە ئەڵمانیا بکرێتەوە، لە ئەڵمانیا زمانی کوردی بخوێنن و لەژێر کاریگەریی تورک و عەرەب نەبن. کوردیش، سەربەخۆ دەبێت بەھۆی ئەوەوە ھونەریش سەربەخۆ دەبێت. زۆر ھونەری کلاسیکیی کوردیی کۆن و فیۆداڵی ھەیە، بەڵام تا ئێستا ھونەری نەتەوەیی زۆر بە باشی پەرەی پێ نەدراوە. مەبەستم ئەوەیە ناتوانم بڵێم، ھونەرمەندانی کورد دە فەرموون بیکەن، نەخێر. دەرفەتەکان زۆر کەمن، لە کوردستان بۆ نموونە فیدراسیۆنێکمان ھەیە لە عێراق، بەڵام بەداخەوە قوتابخانەی مۆسیقا و کۆنسێرڤاتۆرێک بە دڵمان نییە. کۆنسێرڤاتۆرییەک کە بەشێک لە مامۆستایان کۆ دەکاتەوە و مووچەیەکی باشیان پێدەبەخشێت، پێیان بڵێین: تەواوی کەلەپوری ھونەری کوردی کۆ بکەنەوە، نەک تەنھا لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لە باکووری کوردستان، لە رۆژاڤای کوردستان، لە ئەنادۆڵ، لە رووسیا، لە قەوقاز، لە کازاخستان، کورد لە ھەر شوێنێکی جیھان بێت، ھونەرێکی زۆر دەوڵەمەندی کوردی ھەیە. بەڵام ئەگەر ھەموو شتێک ئامادە نەکرێت و پاک نەکرێتەوە و نوێ نەکرێتەوە، ناتوانیت وەڵامی ژیانی نوێژەن و نوێیەکە بداتەوە. ئێستا پێویستە ھونەری کوردی بە شتێکی کلاسیکی بگۆڕدرێت، واتە پێش ئەوەی ئەورووپییەکان دەست پێبکەن، سەردەمی بارۆک، واتە قۆناغێک دژی دەسەڵاتی کەنیسە و تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت، دژی کەنیسە و پاشایەتی و فیۆدالیزمە.
(رەوەند): بیرەوەریی زۆرتان ھەیە، ھەم وەک سترانبێژ و موزیکژەنێک و سترانسازیش، لە مەیدانی خەباتی ھونەرییدا پانتاییەکی فراوانت بۆ پرس و دۆزی نەتەوەیی کورد تەرخان کردووە، ئەوە ئێوەن کە ھەمیشە دەڵێن (ئەرکی کوردبوون قورسە) چونکە نەتەوەیەکی زیاتر لە ٥٠ ملیۆنیی بێدەوڵەتین، بۆ خۆت کوردبوون و نەتەوەییبوون و سیاسەت بۆ کورد، چۆن وەسفی دەکەیت؟

شڤان پەروەر: ئێستا دەبینین سۆشیال میدیا چۆن گەشە دەکات. سەردەم بووە بە سەردەمی دیجیتاڵی، ئێستا جیھانگیری ھەموومانی کۆ کردۆتەوە، تۆ لە ئەڵمانیادا دەڕۆیت، ھیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەڵمانییەک و کوردێکدا نابینیت، گەنجەکان ھەموویان وەک یەکن، مۆدەی گەنج، واتە مۆدە فەیشین ھەمووی وەک یەک دەردەکەون. سۆشیال میدیا، زۆر گەشەی کردووە، کوردەکانیش دەتوانن سوودی لێ ببینن. چەند ساڵێک پێش ئێستا پێیان گوتبای واتسئەپ، ڤایبەر، تویتەر و ھتد… کەس باوەڕی نەدەکرد کە مرۆڤەکان دەتوانن قسە لەگەڵ یەکتریدا بکەن. ئەمڕۆ تەلەفۆن بووەتە تەلەفزیۆن، ھەموو شتێکی ھەیە، دەتوانیت لەگەڵ ھەموو جیھان قسە بکەی. ھەموو شتێک بە جۆرێک پەرەی سەندووە کە کوردەکانیش دەبێ ئەو پێشکەوتنە قبووڵ بکەن. پێویستە کورد دەستبەرداری فیۆدالیزم بێت، ئەگەر کورد دەستبەرداری فیۆدالیزم نەبێت، نابێت بە ھیچ. بەھۆی فیۆدالیزمی ئاغا و بەگ و شێخەوە، کورد ھەر کۆیلە دەمێنێت. کورد، گەشە بە مێشکی نادات، واتە ئەو کەسەی دونیا دروست دەکات، کرێکاران و جووتیارانی زەوییە، نان و دانەوێڵەکە ئەوان دەیھێنن. ئەوانەی، شەڕ دەکەن منداڵی گەلەکەمانن، پێشمەرگە منداڵی گەلە، ئەوانەی کە حوکمڕانی دەکەن و ئەخلاق دەدەن ئەوانەی سەرەوەن، ئەوان دەبێت زۆر ھاوکار و بە پایکار بن و راستگۆ و باش بن. ئەگەر ئەوان ئەمە نەکەن دروست نابێت. ئەگەر میللەتی کورد لە خەو ھەڵنەستێت وەک کۆیلە دەمێنێتەوە، کۆیلە تەنھا دەتوانێت کار بکات، بەڵام ناتوانێ رزگاری بەدەست بھێنێت. ئەگەر وەک نەتەوە لەخەو ھەستن رزگاری دەبێت. خەبات بەھێزتر و بەھێزتر دەبێت و ھونەریش لەگەڵیدا گەشە دەکات

بە ھەموو شتێک دەدەن، چونکە ئامێرەکانی مۆسیقای کوردی زۆرن، زۆر فراوانن، بلوور ھەیە، شمشاڵ ھەیە، زوڕنا ھەیە، تەمبوور ھەیە، دەف ھەیە، گرووپێک ئامێری مۆسیقای کوردی ھەیە. مەقاماتی کوردی زۆرن، دەنگی کورد زۆر جوانە، کوردستان رەنگاوڕەنگە، کوردستان کەوناریەکە لە میزۆپۆتامیا و ئەناتۆڵیا، کوردستان شارستانیەتێکە کە سەرھەڵدانی شارەزایی و لێھاتوویی جیھانە، کوردستان بچووک نیە. لێرەدا ئەگەر گوێ لە کوردستان بگرین ھەموو شتێک دروست دەبێت.
بەڵام مرۆڤ چۆن دەتوانێت چالاک بێت، خەباتکار بێت، بە مێشکی خۆی کار بکات، خۆشەویست بێت، دەوروبەری ماڵەکەی پڕ بکات لە گوڵ و رەنگاوڕەنگی بکات، نەمام بچێنێت و گوندێک دروست بکەن، نەک ھەر خانوو دروست بکەن، با باخچە دروست بکەن، باخ دروست بکەن، دار و درەختی بڕوێنن بۆ ئەوەی دەوروبەرت جوان بێت. کاتێک سەفەر بۆ کوردستان دەکەیت دەبینیت کوردستان زۆر بە بەرەکەتە، بەڵام عەقڵی کورد بە بەرەکەت نییە، ئاوی رووبارە پاکەکان بۆ ھەموو شوێنێک دەڕوات، دەچێتە دەریا، دەریا پڕە لە ئاو، دەریا پێویستی بە ئاو نییە، زەوی پێویستی بە ئاوە و میللەت پێویستی بە ئاوە. دەتوانن لە ھەموو شوێنە پێویستەکاندا بەنداوی دروست بکەن، کارەبا بەرھەم بھێنن، با کشتوکاڵی زیاد بکات، ھەوا پاکتر دەبێتەوە، ئاژەڵەکان زۆرتر دەبن، کەشوھەوا باشتر خاوێنتر دەبێت. بەڵام ھەموان ھەر خانوو و شوقە دروست دەکەن، تەنھا دەیانەوێت پارە پەیدا بکەن. ھونەریش پەیوەستە بە ئەمانەی باسم کرد. ھونەر ھیچ نییە لە دەرەوەی میللەت. ھونەرمەند پەیوەستە بە میللەتەکەیەوە. شڤان پەروەر، بەبێ نەتەوەی کورد شڤان پەروەر نییە. میللەتی کورد، شڤان پەروەر دروست دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ میللەتی کورد بەرز ببێت، واتە شڤان پەروەر، ھونەری نەتەوەی کوردە، دەنگی نەتەوەی کوردە.
واتە ھەموو شتێک پەیوەستە بە میللەتەوە. میللەت وەک ئاو وایە، بەڵام سیاسەتمەدار و ھونەرمەند و رۆشنبیر و نووسەران ھەموویان وەک ماسیین لەو ئاوەدا. میللەت ئاوە، پێویستە ھەموان رێز لە میللەت بگرن، ئەگەر ئاو نەمێنێت ھەموان دەمرن، بەڵام ئەگەر ئاو ھەبێت ھەموان سەرلەنوێ شین دەبن و دروست دەبن.
دەیانەوێت ھونەر بکەن، بنووسن، سیاسەت بکەن، رۆشنبیر بن، دیپلۆماسی بکەن، پێویستە باش فێر بن، باش بزانن، ھەر مرۆڤێک خزمەت بە بەشەکەی خۆی بکات، شڤان پەروەریش ناو و دەنگێک دەبێت لەم میللەتەدا. بەڵێ، زۆر شت لێم داوا دەکرێت و ھەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم، ئەمە ئەرکی منە، پێویستە لەبارەی مۆسیقای جیھانییەوە بزانم، دەربارەی مۆسیقای کلاسیکیی کۆنی کوردی، تەنانەت لە سەردەمی فیۆداڵیشدا، ئێستاشی بزانم بۆ میللەتەکەم چ جۆرە مۆسیقایەک پێویستە. نەک تەنھا حەیران و خۆشەویستی و ھتد، گەورەترین خۆشەویستیی مرۆڤ ئەو خاکەیە کە ژیان لەسەری کۆتایی دێت، پێویستە بەھای ئەو خاکە بزانیت. دایک و باوک و باپیرانمان لەو خاکەدان، ئازادیی میللەت لەسەر ئەو خاکەیە. ئێستاش دەسەڵاتی گەورە و قودرەت لە خاکدایە، خاکی کوردستان لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە. گۆرانی و سروودەکانمان زیاتر بەو شێوەیە بن، جوانیی کوردستان بن، مۆڕاڵ بە میللەتەکەمان بدەن، خۆشەویستیی خاک، خۆشەویستیی نیشتمانمانە، خۆشەویستیی دایک و باوکە، خێزانە، مرۆڤایەتیە و دراوسێیەتییە. با ھونەرەکەمان وا بێت، ھەندێک دەڵێن با شڤان گۆرانیەکەی بڵێت، بۆچی سیاسەت دەکات؟ بەڵام نازانن من لەوان باشتر سیاسەت دەزانم، چونکە من دەخوێنمەوە، پێم سەیرە، ئەگەر سیاسەت باش نەزانم، ناتوانم بە باشی ھونەرەکەم ئەنجام بدەم. ئەگەر مێژوو باش نەزانم چۆن بتوانم مێژوو لە ھونەردا بە شێوەیەکی باش دەرببڕم، ئەدەب ھونەرە، مێژووە، سیاسەتە، دیپلۆماسییەتە، دۆخی جیھانە، خاکە، ئازادیە، دنیایەک شت ھەیە. بەس عاشقی ژنێک بم و چاوڕەش و چاوجوان، ئەمە چیە… لەمە گرنگتر ئازادیی مرۆڤە، ئازادیەکی باش ھەبێت، ژن و پیاویش ئازاد دەبن، بە ئاسانی دەتوانن یەکتریان خۆش بوێت و پێکەوە بەختەوەر بن.

ئازادبوون، مرۆڤ ئاسوودەتر دەکات، ئەڵمانەكان ئازادن، ئاسوودەن، سویدی ئازادن، ئاسوودەن. کەس دەستێوەردان لە شەرەفی کەسێکی تر ناکات. ئەڵمانییەک، بە ژنێک ناڵێت تو بێنامووسیت دەتکوژم، نازانم چی.. بڕۆ شەرەفی خۆت لە خۆت بپرسە، شەرەفی من ئیش و کاری منە. ئەگەر کارێکم هەبێت، خزمەت دەکەم، شەرەف ئەمەیە، شەرەف خزمەتە. کەس دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی کەسێکی تر ناکات. یاسا هەیە، ئەگەر کەسێک شتێکی لە دەرەوەی یاسا بكات، یاسا دەڕوات، دەوڵەت دەچێت چارەسەری دەکات. دەوڵەتی ئەڵمان، دەوڵەتی شێخ و میر و ئاغا و بەگ نیە، هەروەها دەوڵەتی مەزهەب و ئایینیش نییە. دەوڵەتی مرۆیی و مرۆڤدۆستی و دیموکراسییە، بە هەمان شێوە هونەرەکەشی دەپارێزێت و پاڵپشتی دەکات.
وڵاتانی ئەڵمانیا و سوێد و فەرەنسا، زۆرترین حەزیان لە هونەرە، ئەگەر ئەوان هونەرمەندێكیان هەبێت هەموو دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێنن، دەڵێن بۆ ئەوەی هونەری باش بکەی بۆ زمانەکەمان، بۆ کولتوورەکەمان، بۆ مێژوومان، با نەوەی نوێ خۆشی بوێت، با مۆڕاڵ بەرز بێتەوە. بەڵام کاتێک سیاسەتمەداران لە دەسەڵاتدا بن، فیۆدالیزم هەیە. ئاغایەک، ئەگەر ستاییشی نەکەیت قەدرت نازانێت، پێویستە ستاییشی بکەیت و بڵێیت: بژی، بژی، بژی. ناتوانیت پلان و بەرنامە ئامادە بکەیت و بچیت بڵێیت: من پلانێکی وام هەیە، پڕۆژەیەکی وام هەیە، فیلمێکم هەیە، مۆسیقایەکم هەیە، فێستیڤاڵێکم هەیە، خزمەتێكم هەیە، گوێم لێ بگرن. گەورەی وڵات دەبێ گوێم لێ بگریت. من دەنگی ئەم میللەتەم، پێم بڵێ تۆ چ جۆرە پڕۆژەیەکت هەیە قوربان، پڕۆژەکەم هەیە ئەمەیە، ئایا دەتوانیت یارمەتییم بدەی یان نا؟ مەبەستم ئەوەیە چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، چۆن بەسەریدا زاڵ دەبین، کەس تەلەفۆن بۆ کەس نەکات. هونەرمەندان وەکوو پاشماوە لەپێی خۆیانن، چەند سەنتێکیان پێ بدەن، بڕۆنەوە… فیۆدالیزم بەم شێوەیەیە، لە دەرگای ئاغا دەنگبێژ بە، لە دەرگای شێخ شێخلەگ بە، لەبەر دەرگای كەسانی تر بە، ئەمە هونەر نییە، ئەمە هونەری ئاغاتییە، هونەری نەتەوەیی گرنگە.
(رەوەند): واتە ئەم ھونەری ئاغایەتییەش كە باسی دەكەیت، تا ئێستا لەناو ھونەرمەندانی تاراوگەشدا ماوە؟
شڤان پەروەر: لەناو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بەڵام ئەوانەی بوونەتە دەوڵەت هەندێکیان سوود لە هونەرەکەیان وەردەگرن. هەموو هونەرمەندێک سوود لە هونەرەکەی وەردەگیردرێت، چونکە دەوڵەتن. هەروەها ئەوانیش كێشەی فیوداڵی و ئاغایەتی و دەرەبەگیان هەیە، لەبەر ئەوەی دەوڵەت سیستەمێکی پاشایەتی و ئۆلیگارشی و تیۆکراتیکی تاکڕەوییان هەیە، داگیرکاری بەسەر هونەر و هونەرمەنداندا هەیە. دەڵێت: (ناتوانی رەخنەم لێ بگریت، تەنها دەتوانیت ستاییشم بکەیت.) کاتێک هونەرمەندێک رەخنە دەگرێت، ئۆهۆۆو… رادەکات و ماڵەکەی دەسووتێت، وەک من 50 ساڵ پێش ئێستا تورکیام بەجێ هێشت، هۆکارەکەی چیە؟ رەخنەم لێیان گرت و گوتم: (ئێوە مرۆڤانە و دیموکراسییانە مامەڵە ناکەن، بۆ ناتوانم بە زمانی دایک گۆرانی بڵێم، بۆچی کوردستانی وڵاتی من بێ خزمەتگوزارە؟) لەپای ئەمە ئەوان دەیانویست بمکوژن یان زیندانیم بکەن، دیموکراسی نیە، دیموکراسی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە. بەهۆی ئەوەوە، جا لە ئێران بێت، لە عەرەبستان، یان تورکیا، ناتوانیت رەخنە لە دەوڵەت بگریت، چونکە دیموکراسی بوونی نییە. واتە ناتوانیت لەوێ هونەرمەندێکی باش و سەرکەوتوو بیت، دەتەوێت چێژیان لێ وەربگریت، پارەکەت بەدەست بهێنیت و زۆرترین چێژ لە خۆت وەربگریت، واتە، دیسان ئێمەی کورد باشترین، چونکە دەوڵەت نین، دەوڵەتمان نیە، داوای لێپرسینەوەمان لێ بکات و پێمان بڵێن، رەخنە مەگرن، ئێمە لە دەوڵەتەکەمان ناترسین، چونکە دەوڵەتمان نیە.
(رەوەند): گرنگیی بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو كوردستانیان، بەلای شڤان پەروەرەوە چیە؟

شڤان پەروەر: ھەرێمی کوردستان، ئێستا ئەگەر بڵێم ھەموو شتێک باشە، ئەوە راست نیە. بۆچی؟ مەبەستم ئەوەیە خزمەتێک ھەیە، ئیدارەی ناو پەرلەمانی کوردستان لە ھی تورک و عەرەب و فارس باشترە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی کەسایەتیەکان، چونکە مرۆڤی زەحمەتکێشی تێدایە، سەختیەکانی ژیانی بینیوە و ئازار و مەینەتیەکانی میللەتیان بینیوە، دەربەدەرییان بینیوە. بۆ نموونە؛ سەرۆک مەسعود بارزانی دەیەوێت ھەموان رازی و دڵخۆش بن، بۆ ئەوەی رێزداری و قەدرگرتن و خۆشەویستیی وڵات باڵا دەست بێت. بەڵام ھەموو کەسێک ئەمە نابینێت و نایزانێت، تەنانەت ئەوانەی دەیانەوێت دەرفەتیان ھەبێت، چونکە پەیوەندیی بە بەغداوە ھەیە، سیاسەتیش لە ئێران، ئەمریکا، تورکیاوە دێت، بەداخەوە سیاسەتێک نیە کە کورد بە تەنھا بتوانێت بڕیاری لەسەر بدات بۆ ئەوەی بیەوێت ھەموو بەرھەمە کۆمەڵایەتیەکانی خۆی دەربێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا پەرلەمانی کوردستان و شێوازی حوکمڕانیەکەی باشترە لە ھی تورک و عەرەب و فارس، ئێستا باشترە، نازانم داھاتوو چۆن دەبێت. بەڵام شتێکی زۆر گرنگ ھەیە، چونکە ئێمە ھێشتا نەبووینەتە دەوڵەت، ئەو نەریتە کۆنانە ھێشتا بوونیان ھەیە، بەڵام داوا لە ھەموو ھونەرمەندانی کورد دەکەم مۆسیقای کلاسیک لەبیر نەکەن، با ھەر حەسەن جزیری، محەمەد عارفی جزیری، حەسەن زیرەک، عەلی ئەسغەری کوردستانی، تاھیر تۆفیق، سەعید ئاغای جزیری، مەریەم خان، قەویس ئاغا، شاکرۆ، محەمەد ماملێ، ھێشتا گوێیان لێ دەگرین، ناتوانن لێیان تێر ببین. زۆر باشیان گوتووە، بەڵام ھونەرێکی ھاوچەرخ نییە. ناوبەناو کوردستان لە گۆرانیەکاندا جێگیر بووە، بەڵام لەجیاتی شێخایەتی، ئاغایەتی، میرایەتی، بەگایەتی… پێویستە کوردستان لەسەر زمان و لێوی ھەموو ھونەرمەندێکی کوردستان بێت.
(رەوەند): ئەم وشانە لە لای شڤان پەروەر چی دەگەینێت: (کورد، کوردستان، ھونەر، ریفراندۆم، ئازادی، خۆشەویستی؟
شڤان پەروەر: ٥٠ ساڵە کورد گوێم لێ دەگرێت، کورد لە ھەموو جیھان دەمناسێت. دەزانن مەبەستم چیە و چی دەڵێم؟ ئەوانەی گوێیان لە من گرتووە و زۆر شت لێم فێر بوونە، بەڵام ھەندێکیان لەژێر کاریگەریی کەسانی دیکەدان. چونکە کەسانی بەرژەوەندخواز نایانەوێت مرۆڤ راستیەکان بڵێت، ناھێڵن میللەت لە حەقیقەتدا بڕوات، ئەوان دەیانەوێت بە گوێرەی بەرژەوەندیی ئەوان بێت، پرسێکی ئابوورییش ھەیە، ھەندێک کەس مرۆڤی تەماحکارن، ھەموان گرنگی بە چۆنیەتیی پەیداکردنی پارە دەدەن، چۆن پارە پەیدا بکەن بەبێ کار و رەنج، زۆر کەسێک ھەن دەکەونە ناو ئەو گەمژەییە: چۆن پارە بەدەست بھێنم؟ چۆن دەوڵەمەند بم؟ بەم شێوەیە تووشی سیستەمی ئیگۆیست دەبن. سیستەمی ئەز ئەزی یان من منی، ئەوان خۆیان گرێدایی ئەو سیستەمە دەکەن. ئەوان بەو سیستەمەوە گرێدراون. من پارەم ھەیە بە ھەندێک کەس بڵێم وەرن بیکەن. من دەڵێم ماف و ماف و یاسا پەیڕەو بکرێت. دەبێت ھاوکاری ھەبێت، پایکاری ھەبێت. ئەگەر ھاوکاری و پایکاری نەبێت سیستەمەکە تێکدەچێت و شکست دەھێنێت. کەس باوەڕی نەدەکرد قەزافی دەشکێت، کەس باوەڕی نەدەکرد سەدام دەشکێت، شای ئێران لە ھەموو شوێنێک ھەبوو، بە گوێرەی ئەو، ئێران بە تەواوی ھی خۆی بوو… بەڵام لەبەر ئەوەی رێز و بەھای میللەتیان نەگرت، کۆتاییان ھات. بۆ ئەوەی وڵاتێک بژی، دەبێت ڕێز لە خەڵک بگیرێت. ئەگەر مۆراڵ باش بێت، ھونەری باش بەرھەم دێت، ژیانی باش دروست دەبێت و ئافراندنی باش دروست دەبێت. ھیچ ڕێگایەکی تر نییە با راستی بڵێین، ئێستا لەسەر ھونەرەکەم بوەستە، نازانم چەند ساڵی تر دەژیم، بەڵام من مرۆڤم وەک ھەموو کەسێک رۆژێک دەمرم. ئەگەر بەھۆی نەخۆشی یان پیریەوە بێت، ئەگەر بەھۆی رووداوێک یان کوشتنێکەوە بێت، گرنگ نیە چی روو بدات، رۆژێک دەمرم. بەڵام کۆمەڵگا تا دونیا بوونی ھەیە ئەگەر زیانی گەورەی نەبێت ئەوا ھەر دەژی، بۆیە پێویستە ژیانێک بۆ داھاتوو ئامادە بکەیت، ئەگەر ئەمساڵ نەمامێک بچێنیت لەوانەیە ئەمساڵ لەو دارە خێرت دەست نەکەوێت، بەڵام ئەوانەی دێن باشی لێ دەبینن. رەنگە لەژێر سێبەری ئەو دارە دانەنیشیت، یان میوەکە نەخۆیت، بەڵام ئەوانەی لە دوای تۆ دێن و نەوەی داھاتوون سوودی لێ وەردەگرن، سوپاستان دەکەن، دەڵێن باوکمان یان باپیرەمان ئەم باخچەی چاندووە و نەمامی چاندووە، ئەوانیش سوودی لێ وەردەگرن، دەوڵەتبوون ھەمان شتە. کۆمەڵناسی و ئازادییش ئەمەیە، بۆ ئەوە ھەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەم، بەڵام بەڕاستی دەمەوێت دوای تەمەنی ٧٠ ساڵیم کۆنسێرڤاتۆرییەکی زۆر باش ھەبێت کەلەپووری کوردی کۆ بکاتەوە.

رەوەند): لای شڤان پەروەر (کوردستان) چ واتەیەکی ھەیە؟
شڤان پەروەر: کوردستان خاکی بوونی ئێمەیە. کوردستان پیرۆزیی ئێمەیە، مێژوومانە، داھاتوومانە، ژیانی نەتەوەکەمانە. ھەر بۆیە کوردستان بۆ ئێمە لە ھەموو شتێک پیرۆزترە. دایک و باوکمان، باپیر و داپیرانمان، لە ژێر ئەم خاکەدان، خاکێکی پیرۆزە بۆ ئێمە، ھەر بۆیە پێویستە لەسەرووی ھەموو شتێکەوە پیرۆز بیبینین.
(رەوەند): چۆن پرۆسەی ( ریفراندۆمی ) کوردستان ھەڵدەسەنگێنیت؟
شڤان پەروەر: ریفراندۆم، رێگایەکی دیموکراسییە، ھەڵبژاردنی ئیرادەی خەڵکە. پێویستە ریفراندۆم بکرێت، تەنھا فۆرمێکی سیاسی نییە، فۆرمێکی ھەڵبژاردنە، دیموکراتیکە، واتە ئیرادەیە و گەل ئیرادەی خۆی دەدات، کەس مافی ئەوەی نیە دژایەتی ریفراندۆم بکات. بەداخەوە کوردستان پارچە و پارچەیە دوژمنانی کورد ناھێڵن.
میللەتی کورد ریفراندۆمێکی زۆر باشی کرد و لە ھەموو ریفراندۆمەکانی جیھان باشتر بوو، رێژەی ٩٣ بۆ ٩٤%ـی خەڵک دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، لە ھەموو جیھاندا ئەنجامەکەی لەسەدا ٤٥ یان لەسەدا ٥٠ یان لەسەدا ٥٢ە، بەڵام دوژمنانی کورد زۆر غەدارن نایانەوێت و ناھێڵن ئیرادەی نەتەوەی کورد گەشە بکات.
(رەوەند): دوا پەیامتان بۆ خوێنەرانی گۆڤاری (رەوەند) چیە؟
شڤان پەروەر: سەرەتا ھەمووی پەیوەستە بە خزمەتەکەتانەوە، تا چەند چالاکن، ئەو کەسانەی کار بۆ گۆڤارەکە دەکەن تا چ رادەیەک باوەڕییان ھەیە، ئایا زانستیین، ئایا پەیوەندییان باشە. چ جۆرە پەیوەندییەکتان لەگەڵ خەڵکدا ھەیە؟ چۆن دەتوانیت نەخشەیەکی باش و دیزاینێکی باش بۆ ئەو شتانە ئامادە بکەیت کە کۆیان دەکەیتەوە؟ ھەندێک جار لەو کۆمەڵە نووسینەدا یەک پەیام ھەیە کە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر مێشک مرۆڤەکان دروست دەکات، ھەر بۆیە پێویستت بە خزمەتگوزارییەکی باش و گشتگیرییە. پێویستە باوەڕی و یارمەتییەکی باش بۆ گۆڤارێکی لەو شێوەیە ھەبێت، ئەوەندەی گرینگ بێت، پێویستە ئەوەندەش پاڵپشتی و ھاوکاریی گۆڤارەکە بکرێت. ئەگەر یارمەتی نەما ھەندێک کەس بڵێن بیکە و بیکە دووبارە نابێتەوە، پێویستە خەڵک ھاوکاری بکەن و خزمەتی بەو کەسانە بکەن کە کارێکی باش بۆ گۆڤارەکە دەکەن، بەم شێوەیە دەکرێت. ئێمە رەخنەیەکی کەممان لەو بارەیەوە بیستووە، بەڵام شانازیی پێوە دەکەین، ھیوادارم لە بواری ھونەر و رۆشنبیری و ئەدەب و کۆمەڵایەتییدا لەناو میللەتەکەمان لە دەرەوەی وڵات خزمەتێکی باش بکات. بەڕاستی خزمەتێکی لەم شێوەیە پیرۆزە. لەلای خۆمەوە ئامادەم بە ھەر شێوەیەک لە توانامدا بێت خزمەتتان بکەم، زۆر دڵخۆش بووم بە ناسینی جەنابیشت، بەخێر بێیت سەرچاوان.

ڕەنگە بە دڵت بن