تێڕوانین و گفتوگۆیەکی بیرەوەریانە
ئاشتی گەرمیانی.. ھۆڵەندا
زۆر لە مێژە چاوەڕوانی ئەوە بووم، کە بگەمە دیداری ھونەرمەندی دەنگخۆش دەشتی خالید، یان لە نزیکەوە گوێم لە دەنگی بێت و شتێک بمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی کۆتایی ھەشتاکان و نەوەتەکانی شاری سلێمانی و کوردستان. ھەروەھا بتوانم ھەندێک دەردەخەم بخەینەڕوو بۆ خۆمان و دۆستان و گوێبیستانی ھونەرمەند دەشتی خالید، بەڵام وادیارە تەمەن ئەو خەونەی ھێنایە دی، کە چ تێڕوانێک بۆ بەرھەمە ھونەرییەکانی بکەم، ھەروەھا چ گفتوگۆیەکی بیرەوەریانەی لەگەڵدا ئەنجام بدەم؟ سەردەمەکانی پایزی سلێمانی بوون بە عەشق و خۆشەویستی و بیرەوەری و داھێنان و تازەگەری لە ئازار و دەنگ و میوزیکدا. ئەو ڕۆژانەی کە لە ژێر ڕووناکی مۆم و فانۆسێکی شاعیرانەی عەشق، ورد ورد نۆتە و ئاواز و ھۆنراوەکانی دەنووسییەوە، تاوەکو دڵی لاوان و کچانی شاری پێ بگەشێنێتەوە، کاتێک گۆھداری لە دەنگ و ئاوازی ئەو گۆرانیانەی ساڵانی ڕابردوو دەگریت لەلایەن ھونەرمەند دەشتی خالیدەوە، بە ڕاستی چەمکێکی زۆری تایبەتمەندییەکانی وەبیر دەھێنێتەوە، پێشبڕکێیەکی زۆر تامەزرۆ لە نێوان تیپ و گرووپ و گۆرانیبێژەکانی ئەو سەردەمە سەریان ھەڵدابوو، بەشێوەیەک مانگ نەبوو، کە کاسێت و چالاکی و بڵاوکراوەیان نەبێت لە ھونەری گۆرانی، کە پڕ بە دڵی گەنجەکان بوو. لەو کاتەدا زۆرجار لە ستۆدیۆکان ناوی خۆت تۆمار دەکرد یان پارەت دەدا تا وەکو لە سێ چارەکدا ئەو کاسێتەت بۆ تۆمار بکەن، لەھەر سەردەمێکدا ھونەرمەندان بە شێوەیەک لە شێوەکان ناڕازی خۆیان دەردەبڕن، کە ڕازی نین بەو ستایلە لە ئاواز و شێوازەی ئەو سەردەمە، بۆیە نموونەی ھەوڵ و ماندوبووەکانی ھونەرمەند دەشتی، ئەو ڕۆژگارەی تری لێ کەوتەوە، زۆرجار لە ھۆتێل و باخچەکانیان لە بۆنە و ئاھەنگەکاندا نمایشی گۆرانییەکانیان دەکرد لەگەڵ ئەو تیپە خنجیلانەیەی، کە ھونەرمەند دەشتی خالید لەگەڵ ھاوڕێکانیدا دایانمەزراند بوو، ھەندێک جاری تریش بە دزی دەسەڵاتەوە کاسێت و بەرھەمەکانیان تۆمار دەکرد. من دەگەڕێمەوە بۆ سیڤی ھونەرمەند دەشتی خالید .
لە گەڕەکی کانێسکان لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و ھەر وەک زۆربەی ھونەرمەندانی دیکە لە تەمەنی منداڵییەوە خولیا و ئارەزووی ھونەری میوزیک بووە، بێگومان ھۆکاری بە ئەنجام گەیاندنی ئارەزووەکانی ھونەری بۆ ھاندانی باوک و براکانی دەگەڕێتەوە، تاوەکو زۆر پشتگیری بکەن و یارمەتی بدەن. ھەروەک خۆی لە کوردپیدیادا دەڵێت: بەشدار بوونم لە ئاھەنگێکی میوزیکی بووە وەچەرخانێک بۆ چوونە جیھانی گۆرانی چڕینەوە و لەدایکبوونی “تیپی مۆسیقای دەشتی”. ئەو تیپەی لە ساڵی ١٩٩٠ـەکانەوە بە چەند گۆرانییەک توانی جێگای خۆی لە ھونەری کوردییدا بکاتەوە.
لە ساڵەکانی ١٩٩٠، ١٩٩٣ و ١٩٩٦ بە ھاوکاری “توانا فەرەج” و “کارزان کامیل” وەک میوزیکژەنان و “دەشتی خالید” و “پەیوەند جاف” و “نەورۆز عەلی” و “دیار محەمەد” وەک گۆرانیبێژان توانرا چەند بەرھەمێکی میوزیکی بە ئەنجام بگەیەنن، گۆرانییەکانی وەک “چاوکاڵ” و “دڵم تەنگە” و “یاری منە” و “ئاخۆ کەی دێ” بەرھەمی ئەو تیپە بوون و جێگای خۆی لە ھونەری کوردیدا جێھێشتووە.
“پاش ھاتنمان بۆ ھاندەران و بڵاوبوونەوەی لانەمان، کەم تا زۆر بە توانای خۆمان ھەوڵی بێوچان بۆ سەرخستن و بەردەوام بوونی کارەکانمان دەدەین، ئەویش تا لەو ڕێگایەوە ھەوڵێکی چاک بۆ پێشخستن و بەردەوامی بە ھونەری کوردی بدەین”. دەشتی خالید وادەڵێت.
زیاتریش دەڵێت: “پاش دابڕانم لە کوردستان و ھاتنم بۆ ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا، بە بڵاوکردنەوەی سیدییەک توانیم دووبارە بگەڕێمەوە بۆ لای گوێگرانم”.
گۆرانییەکی ھونەرمەند دەشتی خالید بە ناوی ئێواران، کە گوێبیستێکی زۆری ھەیە، پرسیارێک ھەردەم لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دەکرێت، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەم گۆرانییە چ یادگارییەکی کۆنت وە بیر دەخاتەوە؟
وەڵام و کۆمێنتی ھەندێک لە بینەران لە تۆڕی فەیسبووک بەمشێوەیەیە :
- یادی بەخێر ئەو کات مۆبایلی مواسەفات تازە ھاتبوو بەردەوام گوێم لەم گۆرانییە دەگرت.
- ئەو بەرھەمە یەکێکە لە ھۆنراوەکانی حەمە شوان، گۆرانییەکی پڕ لە یادگارییە بۆ زۆرێک لەو سەردەمەدا. * دەشتی خالید ھونەرمەندێکی دەنگخۆش و جوانی شارە.
پاش پەیوەندی کردنم بە ھونەرمەند دەشتی خالیدەوە بۆ سازدانی گفتوگۆیەک یان چەند وتەیەک سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی، زۆر بە خۆشحاڵییەوە سوپاسی دەکەم، کە ئەو وتانەم لە زاری خۆیەوە وەرگرتووە و تێیدا دەڵێت :”من ناوم دەشتی خالیدە، لەدایکبووی شاری سلێمانیم، دەتوانم بڵێم ھەر لە منداڵییەوە بەھرەیەک ھەبووە لە مندا، زیاتر لە ماڵەوە من بەھرەکانی خۆم تاقی دەکردەوە و گۆرانیم دەوت”.
ئەو سەرسام بووە بە ھونەرمەند حەمەجەزا و دەڵێت: “لە ماڵەوە گوێم لە گۆرانییەکانی خوالێخۆشبوو ھونەرمەندی گەورە، کاک محەمەد جەزا دەگرت، کە کاریگەری لەسەرم ھەبوو، وەک مەقام و گۆرانییەکانی، گۆرانییەکانم دەوتەوە مەقامەکانیم دەوتەوە، لەگەڵ ئەوەدا سایزەرێکی بچووکم ھەبوو ھەستم دەکرد لەگەڵیدا میوزیکیش بژەنم. کاتێک لەو تەمەنە منداڵییەمدا میوزیکم دەژەن، بە کیبۆرد وەک سەرەتایەک چ گۆرانییەک ھەبوایە من لەگەڵیدا دەڕۆشتم، ئیتر وردە وردە وای لێکردم و بەوە ڕۆیشتین کە گرووپێک لەگەڵ چەند خۆشەویستێکی وەک کاکە توانا فەرەج، کاک کارزان کامیل، خودا عەفوی بکات ئێستا لە ژیاندا نەماوە، کاک ناھی برام بەگیتار و کاک پێشڕەوی برام بە درامس و کاکە کارزان و کاکە توانا بە کیبۆرد، تیپێکی میوزیکیمان پێک ھێنا”.
ئەوەش دەخاتەڕوو، کە وەکو گۆرانیبێژ، پەیوەند جاف لەگەڵیاندا بووە وەکو سەرەتایەک، کە تیپەکەیان دروستکردووە و چەند بەرھەمێکیان پێکەوە دروستکردووە، “منیش ئەو گۆرانییەی کە پێی ناسرام لە ساڵی ١٩٩٣ کاسێتێکمان دەرکرد بە گۆرانی چاوکاڵ گۆنا ئاڵ، ھەر لەو ساڵانەدا گۆرانی ئێوارانم، کە گۆرانییەکی خاو بوو دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو لەگەڵ گۆرانی یاری منا، ئەویش دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو لەھەمان ساڵدا، ساڵی ١٩٩٣، ھەر کاکە پەیوەند گۆرانییەکی بڵاو کردەوە بە ناوی جێم مەھێڵە”.
تیپەکەیان ناوبانگێکی باشی دەرکرد، ئیتر بەردەوام بووین تاوەکو ساڵی ١٩٩٦، تا ئەو کاتەی رۆشتووەتە دەرەوە بۆ ھەندارەن، کە ژیان و بارودۆخی کوردستان ناخۆش بووە لای، “من؛ وام بە باش زانی ڕێگای ھەندەران ھەڵبژێرم. لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا، گۆرانییەکم تۆمار کرد لە کەناڵە کوردییەکاندا بە ناوی کچە مەلیک، ئەویش دەتوانم بڵێم دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو، کە ئەوەیان لە ھەندەران بڵاوم کردەوە، ئیتر لەو کاتەوە من بەردەوام لە کاری ھونەری و ئاھەنگەکان و بۆنە کوردییەکان و کۆنسێرتەکان، چالاکی ھونەریم بەردەوامە”.
ئەو کلیپی گۆرانییەکی نوێی ئامادەیە، وەک خۆی وتی: “ئێستاش دەتوانم بڵێم کلیپی گۆرانییەکی تازەم ھەیە و ھەموو کارێکی تەواوبووە، ئاوازەکەی ھی خۆمە و ھۆنراوەکەی ھی یاسین حسێنە، ھیوادارم بتوانم لە داھاتوودا تۆماری بکەم و بڵاوی بکەمەوە، ئەو بەرھەمە تازەیەم ھەیە لە دەرفەتێکدا حەزدەکەم بۆ تۆمارکردنی، سروشتی کوردستانم پێ خۆشترە وەک لێرە، بەو ھیوایەم کلیپێک بۆ ئەو بەرھەمە تازەیەم دروست بکەین”.