بۆ شازدەی سێ و بۆ خەردەل و بۆ سیر و سێو، چی بنووسم؟!


د. بەھات حەسیب قەرەداخی

لە یادی پڕ لە ئازاری، ئازاری ھەشتا و ھەشتدا، ئاخۆ کامیان زووتر دەبینرێن، ڕەنگی ڕەش یان ڕەنگی سوور؟ کامیان زووتر دەبیسرێن، زەنگی شیعر یان ھاواری لەنێو گەروودا تاساوی منداڵێکی پێخاوسی بە جێماوی ئەودیو سنوور؟ لەناو شەپۆل و گێژەنی دەریای بێ بنی شەھیددا، ناسنامەی کامە گیرفانی خوێناویان بخوێنمەوە؟ پرچی ژاکاو لەسەر کام ڕوخساری تۆقیو ھەڵدەمەوە؟ لێوی مەییوی کام ساوا لە سینگی کامە دایکی بە قەقنەزبوو بکەمەوە؟ داستانی داڕمانی کامە دیوار … کامە مینبەر.. کامە ژووری دەرس و دەوری قوتابییان بگێڕمەوە؟ لە خەزانی دارستانی قریشکەدا…کامە لق و پۆپ و گەڵای کامە تەمەنی ھەڵوەریو کۆبکەمەوە؟ لە گێژاوی قینی ڕەشی بەعسیاندا کام ھێلانەی زەڕنەقووتەی بەرەوەبوو، کامە دڵی بچکۆلانەی سەرئاوکەوتوو، بگرمەوە؟ کامە سەرپۆش…کام شەدەی لار… کامە مشکی و جامەدانیی ئاڵۆسکاوی سەر و گەردن شیبکەمەوە؟ ئەڵقەی پەنجەی کامە نەوبووک…کام سەعاتی لەسەر یازدە و چل و پێنجی شازدەی ئازار ڕاوەستاوی، مەچەکی کام بەژن زراڤی ھەژدەساڵ ھەڵگرمەوە؟ چەند تاقانەی دەم بە کەفی ڕۆح تیا نەماو لە باوەشی چەند عومەری ئومێد بڕاو وەرگرمەوە؟ کامە پەنجە، کامە لاق و بازووی قرتاو، کامە قۆڵ و باسکی سووتاو،کامە پێڵاوی بە جێماو بۆ خاوەنیان بگێڕمەوە؟ پێڵووی چاوی کامە چرای بێ ترووسکەی گیان تیا نەماو، بە سۆزەوە دادەمەوە؟ فرمێسکی گەرمی سەرگۆنای کام ئاوێنەی درز تێبووی ناو تاق و دیواری دێرین بسڕمەوە؟ دەسرازەی سەرسینگی کامە کۆرپەی لە بێشکە جێماودا بترازێنم؟ دڵی شکاوی پەنجەرەی کام کەلاوە بنازێنم؟ قەدی کام پیرەداری سەدساڵە ڕاستکەمەوە؟ ھۆرەی پڕ شینی کام دایک، کامە باوکی دەربەدەری نێو چادرگا بسێنمەوە؟
من چی بکەم چی .. چی بنووسم …؟

ڕەنگە بە دڵت بن