هەناسە وەریوەکانی ئەنفال

شیعری .. حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 سه‌حه‌ره‌ و

گڤه‌ی با ڕه‌شی خه‌زانی نیسانێكی سه‌فه‌ری

ده‌نگ و ته‌پوتۆزی زیل و ئیڤا شه‌ق و شڕه‌كانی ئه‌نفال

ڕووه‌و ئێره‌ پاڵ ده‌نێ‌ !!

زه‌نگی سه‌عاته‌ قوڕمیشكراوه‌كانی ،..

سه‌ر ڕه‌فه‌ی ماڵه‌ وه‌رزێره‌كانی  ئێره‌ش

ڕۆژژمێری كاره‌ساته‌كان و

زه‌مه‌نێك به‌ر له‌ ئه‌نفال هه‌ڵده‌وێزنێ‌

              ٭٭٭٭  

شه‌وێكی تار و سامناك

ئاوایی كپ و بێده‌نگ

قوتیله‌ی به‌رهه‌یوانی دێ‌ … كز و خامۆش

ده‌شت و چیا و لوتكه ‌و نواڵه‌ش سه‌ر به ‌ته‌م

ئاوایی ….

پێنج په‌نجه‌ زبره‌كانی پیره‌ دار به‌ڕووی به‌رماڵان

بۆ ماڵاوایی كوڕ و كچه‌ شۆخه‌كان هه‌ڵدێنێ‌ و …

دوا ماڵاوایی

له‌ ژوانی شوان و بێری و به‌رغه‌ل ده‌كا و … 

به‌ ئەسپایی سه‌ر ئه‌خاته‌

ئامێزی گه‌رمی ئه‌م وه‌رزه ‌و … 

زه‌نگی ناوه‌ختی ئه‌نفال

به‌ گوێی سه‌مای مه‌رگی دێدا ئه‌چرپێنێ‌ و

له‌ پاشكۆی زیل و

ئیڤا ڕووپۆشكراوه‌كانی ئه‌نفاله‌وه‌ 

پێنج په‌نجه‌ ناسكه‌كان

بۆ خوداحافیزی له‌ نیشتمانی دێ‌

هه‌ڵده‌بڕدرێن !!

ئه‌وده‌مه‌ی كه‌

ده‌سته‌كان بۆ ماڵاوایی به‌رزده‌بنه‌وه‌

كوردستان گه‌وره‌ترین مێژوو

بۆ توحفه‌ی هه‌ناسه‌ وه‌ریوه‌كانی ئه‌نفال

به‌ خوێن ئه‌نووسێته‌وه‌ !!

                                                       *

تۆ

كچه‌ قه‌ره‌ج

من …

       كوڕیژگه‌ خه‌ڕاتێكی بێژنگچنی ،..

        نێو ڕه‌شماڵی به‌رئاوایی  !

 تۆ

    قوتیلكه‌ی به‌رهه‌یوانی ،..

    كوختێكی ده‌شتی گه‌رمێن و …

من….

پێشمه‌رگه‌ی باوه‌شی به‌فرینی چیا

كچێ‌ من ده‌مێكه‌

لەسه‌ر په‌نجه‌ی زاماری توتڕك و

دڕكه‌زی گیرم خواردووه ‌و ..

خوێنی جه‌سته‌م بۆكردوویته ،..

نێو (كوپه‌) پێكی،..شه‌رابی ڕه‌زی سووتاوی

گه‌رمێن و كوێستانی دۆڵی جافه‌تی

شه‌رابی ئه‌و ڕه‌زانه‌ی ،….

لێره‌وه‌ به‌سه‌ر پشتی وشتره‌كانه‌وه‌

له‌ ڕووباری فرمێسكی شه‌وی ئازاری ئه‌نفاله‌وه‌

په‌ڕینه‌وه ‌و ….

په‌ پرچی ئایشه ‌و فاتمه‌دا خۆیان هه‌ڵواسی ! ….

ئه‌و فرمێسكانه‌ی  ،

له‌ ژووانی چۆڵی قوڵفه‌ی ته‌رحیلدا تووانه‌وه ‌و …

له‌ كوانووی عیشقی ئیلاهی

كوڕه‌ شوان و كچه‌ بێریه‌كانی ئاواییدا

هه‌ڵقرچان و بوونه‌ قه‌قنه‌س

ئه‌و عیشقه‌ی ،

له‌ وێستگه‌ی چاوه‌ڕوانی كه‌ژاوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌تا

سۆمای چاوانی ڕۆڕژاو ..

به‌ زۆرداره‌كی

تاسكڵاوی كچه‌ به‌ ڕووی ژوانمی

كرده‌ سه‌ر براله‌ی دارخورماكانی

سه‌ماوه‌ و حه‌زه‌ر و نوگره‌سه‌لمان

                                                    ***

ده‌چیتر مه‌مسوتێنه‌ …بیابان

ده‌ئاخر….

به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ئازار و سووتانه‌ت ناگرم

ئێستا ڕۆحم ،..

چۆله‌كه‌یه‌كی باڵكراوی چۆڵی قوڵفه‌ی 

قفڵبه‌ندی حه‌جاجه‌ و …

تك ..تك …خوێنی،..

جگه‌رم و جگه‌رتی لێ‌ ده‌تكێ‌  

ده‌ چیتر مه‌مسوتێنه‌ ….بیابان !

ڕەنگە بە دڵت بن