کاریگەریی جینۆساید لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی

ئاشتی گەرمیانی.. ھۆڵەندا
بەشی یەکەم

دیدیەک بۆ ھونەری شێوەکاری کوردی
زۆرجار گفتوگۆ و وتە و بابەتەکانمان لەگەڵ ھاوڕێ ھونەرمەندەکانمان ئەوەیە؛ ئایا شتێک ھەیە بە ناوی ھونەری شێوەکاری کوردی؟ ئایا تایبەتمەندێتییەکی جیھانی ھەیە کە مۆرکی ھونەری شێوەکاری کوردی بناسێتەوە؟
کاتێک دەڵێن؛ ھونەری عەرەبی یا فارسی یان تورکی یان ھیندی یان ئەفەریقی! ئەی شتێک ھەیە بە ناوی ھونەری شێوەکاری کوردی؟ یان دەبێت بڵێیت؛ ھونەرمەندانی عێراقی و عەرەبی و تورکی و فارسی و ھیندی و کوردی؟
بێگومان پشتبەستن بە بەڵگەکان و دیکۆمێنتەکان و ئەرشیفی کۆمەڵە نووسەر و ھونەرمەندێک لەسەر ھونەری شێوەکاری کوردی، کە نووسینیان ھەیە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە قوتابخانە جیھانییەکان لەو وڵاتانەوە سەریانھەڵداوە کە لە سەدەکانی ڕابردوودا قوتابخانە، ئایدیا، بیروھزر، فەلسەفە و ئەکادیمییەتی ئەو سەردەمەن و لێکەوتەی ڕووداوەکان و پێداویستییەکانی وایکردووە ھونەرمەندانیان گرنگیان پێداوە و لەگەڵ مۆرک و کەلتووری ناوچەکە، کە ڕەنگدانەوەی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیان بووە، لەوانە بەکارھێنانی پۆشاکی ئەو ناوچەیە یان سروشتی ئەو ناوچەیە، ئەمانە دوو جەمسەری جیاوازن، وەکو یەکەم بەکارھێنانی قوتابخانە ھونەرییەکە کە ھاتۆتە کایەوە. فۆرم و ناوەڕۆک، کە ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو ناوچەیە بووە، بۆ نموونە: کاتێک قوتابخانەی ڕیالیستی جیھانی بەکارھاتووە لە یەکێتیی سۆڤیەت یان چینی میللی یان ئەمەریکای لاتینی، ھەر ئەو قوتابخانە ڕیالیستی و ڕیالیزمییەیە وەکو ڕێباز، بەڵام ھەڵگری کەلتووری ناوچەکانی خۆیان بووە، ناتوانین بڵێین ئەو ڕێبازە ھونەرییە موڵکی فەرەنسا یان ئەڵمانیا یان ژاپۆنە! بەڵام، دەتوانیت بە تایبەتمەندێتی بەکارھێنانی فۆرم، بیرۆکەکان، ناوی ھونەرمەندەکە و سیڤی ھونەرمەندەکە، ئەو ھونەرە دەستنیشان بکەیت کە خەڵکی کام کیشوەرە و کارە ھونەرییەکەش بناسیتەوە کە ڕۆژھەڵاتییە یان ڕۆژئاوای ئاسیاییە یان خوارووی ڕۆژئاوای ئەفەریقایییە. تایبەتمەندێتی سروشت و کەلەپووری ناوچەکە دەتباتە نێو دەستنیشانکردنی سنووری ئەو ناوچەیە، ڕاستە ھونەرمەندەکە خەڵکی فەرەنسایە یان ئەسکەندەنافیاییە، بەڵام ئەوە ڕەنگ و گەرمی ڕەنگ و فێنکی باگراوندەکەیە مرۆڤ دەتوانێت دەستنیشانی بکات. مرۆڤ تەماشای نەخشی ئەو وڵاتە بکات لە ھزردا، یان دیدەیی لە سروشتی ڕووداوەکان گرتووە. ھونەرمەندی شێوەکار وەکو ھەر نووسەر و مێژوونووسێک ئەو ڕووداو و بەسەرھاتانەی لە ڕێگەی کەڤاڵ و ڕەنگ و داتاشینەوە خستۆتەڕوو، بۆ نموونە: لە سەدەکانی ڕابردوودا ھونەرمەندان پۆرترێت و سروشت و کەلتووری کوردی و بەشێک لە ئاھەنگ و یادەکان و وێنەی ڕیالیستی شار و سروشت و کەرەستە بەکاربەرەکانی ڕۆژانەیان نەخشاندووە. سنووری ئێمەی ڕۆژھەڵاتیش، کە کەوتووینەتە نێو چەند وڵاتێکەوە کاریگەری و پەیوەندی کەلتووری ھاوبەشمان ھەیە، بۆیە لە بەرھەمێکی ھونەریدا دەتوانیت دەستوپەنجەی ئەو ھونەرمەندە بخوێنیتەوە، کە ڕۆژھەڵاتییە یان ئەوروپییە یان ئاسیاییە.
لێکۆڵەری کورد، بۆی ھەیە بەدواچوون بکات و چەندین تابلۆی کەلتووری و فۆلکلۆری کوردی کۆ پەیوەند بە سروشت و کەلتوور و ڕەنگە جیاوازەکانەوە کۆ بکاتەوە، ناوی ھونەرمەندەکەش کوردی بھێندرێت. بەڵام ھەر ئەوەیە، کە ناتوانین بڵێین ئەمە ھونەرێکی کوردییە، چونکە قوتابخانە ئەکادیمییەکان و قوتابخانە ھونەرییەکان جیھانین و ئێستا ھەموو جیھان بەکاریان دەھێنێن، چ لە ناوەندە ئەکادیمەییەکان بێت یانیش نا ئەکادیمەییەکان.
دەتوانین بڵێن ھونەرمەندانی عەرەب یان عێراقی.. بەڵام لە ھەمان کاتدا بەو مۆرک و فۆرمە جیاوازانەوە دەتوانین بڵێن ئەوە لە ھونەرێکی ھیندی یان ئاسیایی یان ژاپۆنی دەکات! ھونەری شێوەکاری کوردی لە کوردستان بۆ چاوی جیھان نوێیە، ڕاستە ھێڵ کێشان و پەل ھاویشتی ھونەری لە کوردستاندا مێژوویەکی کۆنی ھەیە، بەڵام لە ژێر ناوێکی تر ناسراوە چ بە دەست ڕەنگینی یان بە وەستایی یان بە لێزانینی .
یەک جیاکەرەوە ھەیە کە ئەویش جیاوازی ڕەنگ و فۆڕمە، کاتێک تابلۆیەک دەبینیت مرۆڤێکی کورد بە جلی کوردییەوە کوژراوە، جینوساید کراوە، یان لە گوندێک کار دەکات، یانیش ھەڵپەڕکێیەکی کوردییە، ئەمە جیای دەکاتەوە لە تابلۆیەکی عەرەبی کە بیابان و وشتر و دار خورما و جلوبەرگی عەرەبی دەبینیت. ئەمە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافیاش ڕاستە، بەڵام ڕەنگەکانی لای ئێمە گەرمترن لەوەی ئەوان کە ھی ئەوان ساردن، دەتوانین بڵێین؛ ئەمە جیاکەرەوەی نێوان کیشوەر و ناوچە و وڵاتەکانن، لەگەڵ ئەمەشدا زۆر نموونەی تر ھەن لە سەدەکانی ڕابردوودا وەکو ھونەری ئیسلامی و ئەوروپی و ئەمەریکی و ئاسیایی و ھەتا دوایی .

کاریگەری جینۆساید لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی

هەروەك باسمکرد لە سەدەکانی ڕابردوودا هونەری شێوەکاری کوردی بە زۆر قۆناغدا گوزەری کردووە، چ لە ناوەڕۆك، چ لە ڕواڵەت و چ لە تێگەیشتن و جیاکردنەوەی ناوەکان، واتە لە کاری دەستییەوە بۆ کاری پیشەیی و دواتر بۆ جوانکاری، پاشان بۆ خزمەتگوزاری. ئینجا بۆ تێگەیشتن لە هونەر وەکو کەلەپوورێك، بێگومان ئایین و ئەفسانە و چیرۆك و سەرگوزشتەکان بەشێکی کاریگەری ئەو پرۆسەیەن، بەڵام وەک زانراوە لە سەردەمێك قوتابخانەی ڕیالیزمی بەربڵاو بووە بۆ وێنەکیشانی سروشت و پۆرترێت و جلوبەرگ و سروشت و وێنە کەلتوورییەکان.

بەڵام لەگەڵ هاتنی شەڕ و کاولکاری و ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کورد،ئیدی هونەر سیما و دەموچاوی خۆی گۆڕی بۆ ئەو شێوەیەی کە هونەرمەندان وێنەی ئەو ئازار و مەینەتیانە بە شێوەیەکی تر بکێشن. لەگەڵ زیادبوونی ئازارەکان و دەسەڵاتی حوکمڕانی هەروەك باسمان لە خەباتی نهێنی کرد، ڕێڕەوی هونەریش لە قوتابخانەیەکەوە بازی دا بۆ قوتابخانەیەکی تر، شەڕ و کاولکاری و کۆمەڵکوژی کاریگەری نەك تەنها لەسەر هونەری شێوەکاری داناوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەسەر دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگاکە، هەروەهالەسەر گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکەش داناوە، بۆیە سروشتییە لەهەر جێگایەك شەڕ هەبێت، هونەر و کەلتوور و ڕۆشنبیری ڕوو لە پاشەکشە دەکەن.

زیندانییەکان و ڕاگواستنەوە و وێرانکردنی ماڵەکان و کۆمەڵگاکان و ستەمی ئازاردان، بە هەموو شێوەیەکی تاکە کەسی و گشتی و سووتاندنی ماڵەکان و خاپوور کردنی گوندەکانی کوردستان و بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان و زیندە بەچاڵکردن و ئەنفالەکان و دوورخستنەوە بۆ بیابانەکان و بەکارهێنانی  چەکی کیمیایی، لەگەڵ ساڵانی شەڕ، یەك بەدوای یەک، کۆمەڵگای کوردستان و عێراقی بە گشتیی بەرەو ڕووخان و بێهوودەیی و لەناوبردن برد.

ئەگەر دیدەیەك لە دەموچاوی تاکەکان بکەیت لەو سەردەمەدا هیچ هیوایەکی تێدا نەبوو تاوەکو منداڵێکی کوردیش، چ لە پیاو ژن و پیر و پەكکەوتە وگەنجان و کۆمەڵگای کوردستانی،  بۆیە فۆرمەکان وە ناوەڕۆکی تابلۆکان پتر باسیان لە شەڕ و کاولکاری دەکرد، بەشێوەیەك قوتابخانەی ڕیالیزمی هەنگاوی نا بۆ ئابستراك واتە تەجرید، زۆر کەم لە هونەرمەندان دەیانتوانی لەو سەردەمەدا وێنەی سروشت و خۆشی و جوانی کوردستان بکێشن، ئەمە بووە دیاردەیەك، کە هەموو بابەتەکان لەناو فۆرم و ناوەڕۆکێکی پڕ لە ئازار و مەینەتیدا بن.

کاریگەری شەڕ و کۆمەڵکوژی، ڕەنگدانەوەی لە ڕەنگ و فۆرم و قەبارەی کارەکاندا بەدیار کەوتن، بە تایبەتی کاتێك لە بەرچاوی خەڵکەوە گەنج و لاوی کوردستان بگریت و گولـلەبارانیان بکەیت، ئەوە بابەتێکی زیندووی ئەو سەردەمە بوو. ئەو ڕووداوانە، یان کاریگەری شەڕە جیهانییەکان پاشماوەی لەناو هونەری جیهانیدا ماوە و کاریگەری لەسەر ئەدەب و هونەر و کەلتوور و ڕۆشنبیرانی جیهانیش کردووە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی تووشی جینۆساید بوون یان یان تێوەگڵاون لە شەڕەکانی جیهانی، ئەمانە لەناو هونەر و کارە دەستییەکانی هونەمەندانی جیهانیدا بەرچاو دەکەون، بەتایبەتیش لەناو مۆزەخانە جیهانییەکاندا. بەشێکی تر کاریگەری بە شێوەیەك بووە، کە پەیکەری ئەو کەسایەتیانەیان دروست کردوون، کە خیانەتیان لە وڵاتەکەی خۆیان کردووە، بە تایبەتی لە هەرێمی زەیلاندی وڵاتی هۆڵەندا.

ئەو کارە هونەریانەی کە لە سەدەکانی ناوەڕاست و بیستەمدا کێشراون،کاتێك تەمەشای مێژوو دەکەیت ئەو وێنانەت بەرچاو دەکەوێت کە باس لە کۆمەڵکوژی ئەو وڵاتە و ئەو کیشوەرە دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش بە قەوارەی زۆر بەرز و گەورە دیواربەندی یان پەیکەری بە سومبڵیان بۆ ئەو کارەساتە داتاشیووە .

هونەرمەندانی کوردیش، لە پێش کارەساتی کۆمەڵکوژی ساڵانی هەشتاکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەو کارە هونەریانەیان دروست کردووە وە نمایشیان کردوون، بەڵام زۆرترین کار لەسەر کەلتوور و ئاشتی دروستکراون، کەچی لە ساڵانی هەشتاکان لەبەر ئەوەی ڕژێمێکی داپڵۆسێنەر و دیکتاتۆرمان هەبوو کە زۆرترین کارەساتی مرۆیی لە کوردستانی عێراق ئەنجامدا، وەک شاڵاوی ئەنفال، کۆمەڵکوژی بە کۆمەڵ و خاپوورکردنی گوندەکانی کوردستان و گواستنەوەی بارزانییەکان و ئەنفالی گەرمیان و ڕووداوەکانی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە و بالیسیان و بادینان، ئەمانە وەکو بابەت ڕەنگدانەوەی لەناو کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی کوردا هەبوون، بە تایبەتی ئەوکات لە ساڵانی ١٩٨٢ بەدواوە بەشێوازێکی ئەبستراك یان  هێماخوازی یان ڕیالیستی دەربڕینخوازی لە پێشانگا گشتییەکان کارەکانیان نمایش دەکرد یان بەشێوەی پێشانگای تایبەتی لە کوردستان و لە بەغداد .

من؛ ساڵی ١٩٨٩ پێشانگایەکم لە هۆڵی ڕەشید نمایشکرد بە ناونیشانی (الاشجار المحروقە) واتە دارە سووتاوەکان یان پەیکەرە سووتاوەکان،جارێکی دیکە لە هۆڵی ئاری لە قەڵای هەولێر هەر هەمان ساڵ نمایشم کردەوە. کارەکە بریتی بوو لە پۆستاڵێکی عەسکەری عێراقی لەسەر دار بەڕوویەك و سوتاندنی گوندەکان بە شێوەی ڕیلیف، لە پشت هەر کارێکی هونەری یان نووسین و چیرۆکێك، مانا و دەربڕێنێکی قووڵی تێدا بوو. بۆیە کاریگەری شەڕ بە شێوەیەك کاری لەسەر هونەرمەندان دروستکردبوو کە هەموو بابەتەکان دەربڕینخوازی بوون بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕ، یانیش خستنەڕووی ڕووداوەکانی کە ڕوویانداوە. زۆر لە هونەرمەندان ئەوانەی لە شاخ بوون یان لە دەرەوەی کوردستان بوون چالاکییان زیاتر و ئازاد تر بوون، بەڵام ئەوانەی لەژێر دەستی حکومەتی عێراق بوون، جۆری دەربڕینیان سنووردارتر بوون، بە شێوەیکی ئەکادیمی دەتوانین بڵێین شێوازی ئەبستراك و هێماخوازی و دەربڕینخوازی ئەو قوتابخانە هونەریانە بوون، کە هونەرمەندان دەیانتوانی کاری لەسەر بکەن، بۆ ئەوەی ئازارنەکێشن یان تووشی گرتن و زیندانی نەبن. هونەرمەند بە هۆی کاریگەری شەڕ و کاولکاری زۆربەیان نەیاندەتوانی کاری سروشت و جوانی و خۆشی و ئاهەنگ بکەن، یان کاری هونەری بکێشن، چونکە ئەو ڕۆژگارانە کاریگەری دەروونی لەسەر هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە دروستکردبوو، هەندێك تووشی دڵەڕاوکێ یان کەئابە ببوون، کە پێی دەڵێن سترێس، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو جۆرە نەخۆشییەیە کە لەسەر هونەرەکەی بەدەر دەکەوت، ئەمە بۆ ڕۆماننووس یان شاعیر یان ڕۆشنبیریش ڕاستە.

ڕەنگە بە دڵت بن