ناساندنی عەشیرەی تورکاشوەند
فەڕشاد فەیزی
تورکاشوەند ناوی یەکێک لە عەشیرەکانی لەک و دانیشتووی پارێزگاکانی لوڕستان، هەمەدان، کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایانەن. هەندێک سەرچاوە تورکاشوەندەکان بە لقێکی لۆرەکان دەزانن. سەرچاوەی تورکاشوندەکان دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئەلەشتەر و لوڕستان. ئەگەری ئەوە هەیە تورکاشوەندەکان سەر بە عەشیرەکانی لەک بن (لە باشوورترین خێڵە کوردەکانەوە) یان (لە خێڵەکانی لۆڕ لە باکوورەوە). پارێزگای لوڕستان یەکێکە لە عەشیرە خانەدانەکان.
لەئێستادا تورکاشوەندەکان لە نێوان شارەکانی نەهاوەند، تویسارکان و مەلایەر و ئەسەدئاوا لە پارێزگای هەمەدان، مێهران، دێهلوڕان و شاری دێرەشار لە پارێزگای ئیلام، کەنگاوەر و سەحنە لە پارێزگای کرماشان و شارەکانی خوزستان و پارێزگای لوڕستان لە ئەلەشتەر دەژین.
تورکاشوەند لە ٤ خێڵ پێکدێت: ڕەحمەتی، مورشیدی، سولەیمانی و مالیجانی. هۆزی ڕەحمەتی گەورەترینی ئەم خێڵەیە. هەریەک لە خێڵەکان لە کۆمەڵێک هۆز پێکدێن. ئەم عەشیرە بە گشتی نزیکەی ١٢٠ تایفەی هەیە. هەروەها هەر هۆزێک دابەش بووە بەسەر چەند گروپێکی مەڕداردا کە هەریەکەیان بە “کۆرەنگ” ناودەبرێن.
بە پێی سەرژمێری ساڵی ۱۹٨۷، ژمارەی دانیشتووانی کۆچەری تورکاشوەند ٥٥۹ ماڵ و ٣٨٩٩ کەس بووە، کە لە نێوان پارێزگاکانی هەمەدان، کرماشان، لوڕستان، ئیلام و خوزستان گەرمێن و کوێستانیان کردوە. هەروەها لە ساڵی ۱۹۹٨ باس لەوەش کراوە کە ژمارەی دانیشتوانی کۆچەر ٩١٩ ماڵ و ٦٠٢٢ کەسە، کە لە نێوان پارێزگاکانی هەمەدان، کرماشان، لوڕستان، ئیلام و خوزستاندا بڵاوبوونەتەوە.
تورکاشوەندەکانی کۆچەر لە نێوان چیای ئەلوەندی هەمەدان و شاخەکانی باکووری لوڕستان کۆچ دەکەن.
ڕەشماڵی مووی بزن،
چادرێکی ڕەش یان دەوار کە لە ڕیشاڵی مووی بزن دروست دەکرێت. ئەو ڕیشاڵانەی کە بە دەستی ژنانی هونەرمەندی کۆچەری ئامادە دەکرێن و دەکرێنە داو و بەن. ڕیشاڵەکان بە هاوکاری ژنان و خزمانی دراوسێ وەکوو “دەوار یان ڕەشماڵ” لەسەر زەوی دەچندرێن. پانی هەر تەختە دەوارێک نزیکەی ٥٠ بۆ ٧٠ سانتیمەتر و درێژییەکەی لە نێوان حەوت بۆ ١٢ مەتردایە. هەر چادرێکی ڕەش لە تێکەڵەیەک لە هەشت بۆ ١٢ تەختە دەوار دروست دەکرێت.
لە ناو هەموو دەوری چادرەکە حەسیر هەیە. حەسیرێک کە هونەری دەستەکانی ژنانی کۆچەرە. قوماشی چیت وەک دیوار و سیاج بۆ خانووە کۆچەرییەکان بەکاردەهێنرێت بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، بۆ ئەوەی دیمەنی ناو ڕەشماڵەکە جوانو ڕازاوە بێت.
کۆچەرەکان مووی بزن دەخولێننەوە و دەیڕێسن و بەنی لێ دروست دەکەن. هەروەها لە کەنارەکانی ڕووبارەکانەوە قامیش کۆدەکەنەوە. دوای ڕستن، بەنەکان بە بەردی بچووکەوە دەیانبەستنەوە و بەپێی ئەو دیزاین و پلانەی کە لە مێشکیاندایە، ئەو بەرد و بەنە بەستراوانە بەسەر یەکتردا تێدەپەڕێنن (دەیچنن) بۆ تەواوکردنی دیزاینی قوماشە چیتەکە. واتە هەمان حەسییر بۆ چادر بەکاردەهێنرێت. خانمان دەبێت بۆ دروست کردنی هەر چیت یان حەسیرێک سێ بۆ چوار ڕۆژ کات تەرخان بکەن.
ناوەوەی ڕەشماڵەکان فێنکیەکی خۆشی هەیە لە گەرمادا بەهۆی ڕەنگی تۆخ و کونەکانی ناویەوە. لە کاتی باراندا ڕیشاڵی بزن بە هەڵمژینی ئاو ڕێگری دەکات لە ئەوەی کە ئاوی باران بچێتە ناو ڕەشماڵەکان و ئەمەش وایکردووە چادرە ڕەشەکە ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ کۆچەرییەکان.
لە هەموو خێڵەکاندا ژنان نەک هەر وەک پیاو، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە پیاوەکان کاردەکەن. کاری ڕۆژانەیان بریتیە لە دروستکردنی نانی ساجی، شیر دۆشین، دروستکردنی ماست، مەشکە ژاندن، دەرهێنانی کەرە، دەرهێنانی ڕۆن، مەڕ بڕینەوە (خوریچنین)، بونیاتنانی فەرش و هتد. ژنانی کۆچەری هەرگیز لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بێکار نین.
عەشیرەی گەورەی تورکاشوەند کە بە شێوەزاری لەکی (لە نێوان شێوەزاری لوڕی و کەڵهۆڕی) قسە دەکەن و لە ڕووی زاراوە و داب نەریت و بابەتی ئایینیەوە زۆر لە گەلی لوڕ دەچن. لە ڕابردوودا لەکەکان بە خێڵی “وەند” ناسراو بوون. خاکی لەک نەشین لە هێڵێکی کێشراو لە دۆڵەکانی ڕووباری سیمرێ لە نێوان بۆروجەرد، نەهاوەند، خورەماوا، مەلایر، تویسەرکان، کەنگاوەر، هەرسین و ئیلام هەڵکەوتووە.
بابەتی پێشتر
بابەتی داھاتوو
ڕەنگە بە دڵت بن