ڕوسیا: بۆ یەکەم جار فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی بەڕێوە دەچێت

لە پارکی دیرۆکی «ڕووسیا- مێژوومە» لە شاری ئۆمسک، بۆ یەکەم جارە فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی بەڕێوە دەچێت.

فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی لە لایەن ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی- کولتووری کورد لە ئۆمسک ڕێکخراوە، موسا نەورۆزەڤیچی سەرۆکی ئۆتۆنۆمییەکە ئەوەی خستەڕوو، یەکەم جارە فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی لە هەرێمی ئۆمسک بەڕێوە دەبەن، نەورۆزەڤیچ ئەوەشی گوت: فێستیڤاڵەکە لە 2-ی ئابەوە دەستی پێ کردووە و تاوەکو 16-ی ئاب بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی- کولتووری کورد لە ئۆمسک، گوتیشی: بە ڕێگەی تابلۆ، وێنە و ڤیدیۆ، دەخوازن کولتوور و مێژوو و نەریتی نەتەوەیی بۆ میوانانی فێستیڤاڵ بخەنەڕوو، هەروەها دانیشتوان و میوانان لە ئۆمسک بە پرۆسەی هاوسەرگیری کوردان، جلی نەتەوەیی لە چی پێکدێت و ناوی چییە، کورد چ ئامێرێکی میوزیکی نەریتی دەژەنێت، خواردنە نەتەوەییەکانی چییە، ئاشنا بکەن.

بەشێکی فێستیڤاڵەکە تەرخان کراوە بۆ نیشاندانی مێژووی هاوچەرخی نیشتەجێبوونی کورد لە جیهاندا و کولتوور و داب و نەریتی کورد، مێژووی کورد لە ڕووسیا و هەرێمی ئۆمسک، ناودارانی کورد لەسەر ئاستی ڕووسیا و جیهان، کورد لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی و ململانێکانی دیکەدا.

فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی لە پارکی مێژوویی (ڕووسیا- دیرۆکمە) لە شاری ئۆمسکی، لە 2-ی ئابەوە دەستی پێ کردووە و تاوەکو 16-ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ڕەنگە بە دڵت بن