چوارەمین وەشانی ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت

وا بڕیارە رۆژی 18 تاوەکو 22ی ئەیلولی 2024، چوارەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ، لە پایتەختی رووسیا بەڕێوەبچێت.
گولیزار گەردەنزەری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێ، بۆ چوارەمین خولی فێستیڤاڵ لە فیلمە درێژەکان، 7 فیلم و 8 بەڵگە فیلم هەڵبژێردراون، هەروەها لە کورتە فیلمیش، 14 فیلم 9 بەڵگە فیلم دەستنیشان کراون.

گەردەنزەری ئەوەشی خستەڕوو، کە فێستیڤاڵی ئەمساڵ سەرنج دەخاتە سەر گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ رووسیا.
بە درێژەدان بە نەریتی ساڵانی پێشوو، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی کولتوروی، فێستیڤاڵەکە جارێکی دیکە سینەماکاران و هەوادارانی سینەما لە تەواوی جیهانەوە کۆدەکاتەوە بۆ نمایشکردنی شاکارە راستەقینەکانی سینەمای کوردی.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ گوتیشی، فیلمەکان لە 12 وڵاتی جیهانەوە بەشدارن، لەوانە کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران، فەرەنسا، سوریا، کەنەدا، هۆڵەندا و هتد.
گولیزاری ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەم ساڵ سەرنجی وردی خستووەتە سەر فیلمەکانی تایبەت بە ئێزدییەکان و ئایینی دێرینی میزۆپۆتامیا.
ئەم چەمکە لە پۆستەری فێستیڤاڵ رەنگی داوەتەوە و ناوەڕاستی پۆستەرەکە، پەڕی تاوسە، کە هێمایەکی بەهێزە بۆ گەلی کورد، بە تایبەت لە چوارچێوەی ئێزدیزمدا. کە ئایینێکی دێرینی کوردە و ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرنگی پاراستن و پێشخستنی کولتووری کورد لە رێگەی سینەماوە. باکگراوندەکەی ئەو باڵاپۆشانە دەهێنتەوە یاد، کە ژنانی کورد بە شێوەیەکی نەریتی دەیپۆشن. ئەم توخمە جەخت لەسەر پەیوەندی لەگەڵ کولتوور و نەریتەکان دەکاتەوە، کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە، ئەمانەش قسەی گولیزار گەردەنزەری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکەیە.
یەکەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ، لە تەمموزی 2021 بەڕێوەچوو.
خولی دووەم لە ساڵی 2022 و وەشانی سێهەمیش لە ئۆکتۆبەری 2023 بەڕێوەچوو.
وا بڕیارە چوارەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە رۆژی 18 ئەیلول دەست پێ بکات و تاوەکو 22 هەمان مانگ بەردەوام بێت.

ڕەنگە بە دڵت بن