ڤلادیمێر پوتین خانمە هونەرمەندێکی کورد خەڵات دەکات

خانمە هونەرمەندی کوردی رووسیا زارا پاشا مەحۆی، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان 24 ی را گەیاند، رۆژی 7-11-2024 لە هۆڵی ئاهەنگەکانی یەکەترینای کۆشکی کرێمل، خەڵاتی باڵا “مەدالیای دۆستایەتی” دیاریی تایبەتی ڤڵادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیای پێ بەخشراوە.

زارا گوتیشی، خەڵاتەکە لە لایەن سێرگی کریێنکەی جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی رووسیاوە پێشکەشی کراوە.
زارا ئەوەی خستە روو، کە دڵخۆشە بەو خەڵاتە و سوپاسی سەرۆکی رووسیا دەکات، کە کار و خەباتی هونەری ئەو بەرز دەنرخێنێت.

هەروەها زارا ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو لە لێنینگرادی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوودا لە دایک بووە، بە نەریتی ڕۆژهەڵاتی گۆش و پەروەردە کراوە و بە دەیان کولتوور، نەریت، گەل و نەتەوە، کە بەشێکی دانەبڕاوی وڵاتە گەورە و رەسەنەکەیانە.
زارا دەڵێت، لای من مۆسیقا – زمانێکی گەردوونی هەیە، سنوور و نەتەوە ناناسێت. کار و چالاکییەکانی من بۆ هەمیشە لە خزمەت یەکگرتنی خەڵکیدا دەبن. هەمیشە باوەڕم وا بووە، کە کولتوور خەڵکی لەیەک نزیکدەکاتەوە و لە ساتە سەخت و دژوارەکاندا یەک دەگرێت. جارێکی تر سوپاسگوزارم لەپای ئەو هەڵسەنگاندنە باڵایەی بۆ کار و چالاکییەکانم کراوە. من هەموو هەوڵێکی خۆم داوە بۆ گەشەپێدانی گفتوگۆی کولتووری و دۆستایەتیی گەلان لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی ڕووسیدا.

لەپای ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی كه ‌زارا پێشكه‌ش به‌ هونه‌ری كردووه‌، له 27-1-2017 لە مه‌راسیمێكی شایسته‌دا له ‌كۆشكی كریمل لە لایه‌ن ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیاوە نازناو و خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی ئه‌مه‌كداری رووسیای فیدراڵی پێ به‌خشرا.

بۆ جاری دووەم لە رۆژی 4-4-2019 لەپای ئەو خزمەتە هونەرییەی پێشکەش بە وڵاتەکەی کردووە، ڤلادیمێر پوتین مەدالیای رێزلێنانی پلە 2-ی بە زارا مەحۆی بەخشی.
دوێنێش بۆ سێیەم جار خەڵات و مەدالیای ڤلادیمێر پوتینی پێشکەش کرا.
زارا پاشا مەحۆی، تەنیا هونەرمەندی کوردە، کە بە درێژایی مێژوو ئەو ناوبانگ و خەڵاتانەی لە رووسیا بەدەست هێناوە.
زارا به‌ زیاتر له‌ 10 زمان گۆرانی دەڵێت، لە سەرانسەری جیهان هه‌وادارێكی بەرچاوی هه‌یه‌.
ئه‌و له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆ و كۆنسێرته‌ نێوده‌وڵه‌تیيه‌كان، هیچ جارێ نه‌ژادی خۆی له‌بیر ناكات و به‌ شانازییەوه‌ ده‌ڵێ كوردم.
زارا به‌ هۆی كاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی له‌ کانوونی یەکەمی 2016 له‌ لایه‌ن رێكخراوی یونێسكۆ وه‌ك باڵیۆزی ئاشتی ناسێندرا.
زارا ساڵی رابردوو ئەلبومێکی گۆرانی کوردی بە ناوی ‘کلاما دڵێ من’ بڵاو کردەوە، کە لە 10 تراک پێک هاتووە، بە ناوەکانی ( کەچا کوردم Keça Kurdim ئەمانێ Emanê , دایێ Dayê , ئەز کەڤۆکم Ez Kevokim, ئەز بەرفم Ez Berfim, وەلاتێ من Welatê min “Feat. Şivan Perwer ” دوێت لەگەڵ شڤان پەروەر” لێ لێ رحێ Lê Lê Rihê، گرێ سرا Girê Sîra دوێت لەگەل تارا مەمێدەڤە Feat.Tara Mamêdova, کەینێ Keynê , نەورۆز Newro)

ڕەنگە بە دڵت بن