[1] له نێوان ئاڵۆزی دوو ناسنامه و دوو چاوهڕونی دا
جه‌وده‌ت سۆفی
(سنووری زمانەکەم بە واتای سنووری دونیای منە)
كوردانی تاراوگه هه‌ر له سه‌ره‌تای گه‌یشتنیان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تێیدا ده‌ژین هه‌وڵیان داوه كۆرسی زمانی كوردی بۆ منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن. ئه‌مه‌ش چ له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كولتووری و چ له ڕێگه‌ی هه‌وڵی كه‌سێتی و چ له چوارچێوه‌ی پرۆگرامی هاندانی زمانی دایك له‌لایه‌ن داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی وڵاته پێشوازیكه‌ره‌كانه‌وه. به‌ڵام ئه‌وا بۆ ماوه‌ی چوار ساڵه، خۆشبه‌ختانه، خه‌ریكه جموجۆڵێكی تر كه‌وتۆته نێو دیاسپۆرای كوردیه‌وه و چه‌مكی زمانی دایك خه‌ریكه ده‌چێته قۆناغ و ئاستێكی تر. ئه‌وه‌ی ڕه‌چاو ده‌كرێ ئه‌وه‌یه كه جگه له گرنگی دان و كار كردن بۆ بنیاتنان و به‌هێز كردنی لۆبی كوردی له دیاسپۆرا، كاربه‌ڕێكه‌رانی كۆنفێدێراسیۆنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی وادیاره كه هه‌ستیارن و دركیان به‌وه‌ش كردووه كه زمان ئامرازێکی بنەڕەتییە له كه‌ره‌سته‌كانی بنیاتنانی ناسنامه‌ی كوردی. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه، گرنگی به زمانی دایكی منداڵانی كوردی دیاسپۆرا ده‌ده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی زۆریان داوه بۆ ڕێكخستنی كۆرسی زمانی كوردی ڕاسته‌وخۆ و به ئۆنڵاین به هه‌ردوو زاره‌كانی كرمانجی و سۆرانی. چه‌ند مامۆستایه‌كی دڵسۆزیش به خۆشبه‌خشانه ئه‌و كاره گرنگ و پیرۆزه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆی خۆیان و ڕۆڵی پیرۆزی مامۆستایی خۆیان ده‌گێڕن.
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می زمانی دایك له تاراوگه
منداڵی كورد له تاراوگه له به‌یانی تاكو ئێواره به زمانی ئه‌و وڵاته په‌روه‌رده ده‌كرێن و هزریان به كولتووری ئه‌و وڵاته له قاڵب ده‌درێت: چونكه نه‌وه‌ك تانها فێر ده‌كرێن كه به زمانی ئه‌و وڵاته قسه بكه‌ن، به‌ڵكو واشیان لێ ده‌كه‌ن كه به ستراكته‌ری كولتووری زمانه‌وانی ئه‌و وڵاته بیر بكه‌نه‌وه و دنیا ببینن و هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. چونكه ئه‌وان ده‌زانن كه قوتابخانە ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە پەرەپێدانی بیرکردنەوەی منداڵان له ڕێگه‌ی زمانه‌وه. چونكه بەرەو وشە سازییەکی دەوڵەمەند و جۆراوجۆریان دەبات و کارلێککردن لەگەڵ مامۆستایان و هاوتەمەنەکانیان ڕێگەیان پێدەدات کە تواناکانی زمانیان پراکتیزە بکەن و بیركردنه‌وه‌یان باشتر بکەن. ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێت له بنیاتنانی ناسنامه‌یان. كه‌واته زمان و گوتار و زمانه‌وانی چه‌مكی دانه‌بڕاو و تێكه‌ڵن به چه‌مكی ناسنامه و كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه له‌سه‌ر بنیاتنانی ناسنامه‌ی منداڵ و لاوانی كورد له تاراوگه.
هه‌ڵبه‌ته وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد، ناسین و زانینی زمانێكی بێگانه به ته‌نها نابێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی تاك له تاراوگه. به‌ڵكو به‌هۆی ژیانیان له‌ناو جیهانه نامۆكه‌دا، كۆدی سیستێمی بیركردنه‌وه‌یه‌كی تریشیان له‌ناخا ده‌ڕوێ كه بریتیه له كۆده‌كانی بیر كردنه‌وه كولتووریه‌كانی ئه‌و وڵاته! دوای فراوانكردنی زانیاریه گشتیه‌كانیان، ئه‌وا منداڵان له ڕووی مەعریفیهوهش گەشە ده‌كه‌ن.
بیری ڕه‌خنه‌یی
ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌بێ زۆرسهرنجمان له‌سه‌ری بێ و ئاگارداری بین ئه‌وه‌یه كه سیسته‌می پەروەردەی ڕۆژاوا هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیه. منداڵان فێری شیکردنەوەی زانیاری و داڕشتنی ئارگیومێنت و پەرەپێدانی بیرۆکەکان دەبن، كه ئەمەش توانای بیرکردنەوەیان بەهێز دەکات. به‌ڵام ئه‌مه واش ده‌كات كه منداڵه‌كان بۆچوون و كولتوور (داب‌و نه‌ریت)ی دایك‌و باوكیشیان بخه‌نه‌وه ژێر پرسیار و به دوا كه‌وتوویان بزانن. چونكه ئه‌م منداڵانه به بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گری به بیر كردنه‌وه و ده‌ربڕینی ڕاو بۆچوونی كه‌سی وه‌كو تاك په‌روه‌رده‌ی ده‌كرێن، نه‌وه‌ك سه‌ردانه‌واندن و گوێڕایه‌ڵی به‌بێ بیر كردنه‌وه به ناوی ڕێز گرتن له‌گه‌وره (دایك‌و باوك و مامۆستا).
سه‌باره‌ت به جۆری په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌وره له ڕۆژئاوا، ژان پۆڵ گایارد، ده‌روونناس و پێداگۆگی فه‌ره‌نسی له ڕێگه‌ی دوو كتیب دا چه‌ند خاڵێكی گرنگمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه له گۆڕانكاریه‌كانی جۆر و ناوه‌رۆكی په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌وره له ڕۆژائاوا، كه زۆر به كورتی ئه‌مانه‌ن؛
۱- جاران په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌وره جۆری ستوونی بوو؛ واته گه‌وره، وه‌كو بریارده‌ر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه، منداڵیش له خواره‌وه گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چ بوو بۆ ده‌سه‌ڵات و ڕاوێژ و بۆچوون و چاوه‌ڕوانیه‌كانی گه‌وره. به‌ڵام ئێستا جۆری په‌یوه‌ندیه‌كه گۆڕاوه بۆ ئاسۆیی: واته منداڵ خۆی به هاوته‌ریب و هاوئاست و هاومافی گه‌وره ده‌زانێ.
۲- جاران قوتابخانه و مامۆستا وه‌كو كه‌نیسه و قه‌شه، وه‌كو خێزان و دایك‌و باوك، كاراكته‌ری پیرۆزیان هه‌بوو. ئه‌مڕۆكه هیچیان كاراكته‌ری پیرۆزیان نه‌ماوه.
۳- خاڵێكی تری زۆر گرنگ و هه‌ستیار ئه‌وه‌یه كه له ڕۆژئاوا، لە ڕێگەی ئەو بابەتانەی کە فێردەکرێن، منداڵان و لاوان، له ڕێگه‌ی گێرانه‌وه‌ی داستان و ئه‌فسانه‌و چیرۆکهكانهوه كه گوێیان لێ ده‌بێت، بیرۆکەی جیاواز وێنا ده‌كه‌ن كه ئاسۆی بینین و تێگەیشتنیان لە جیهان فراوانتر دەکات و خۆیانی تێدا ده‌دۆزنه‌وه و به ناوه‌وه‌ی خۆیانی ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌روه‌كو بینیمان له تاراوگه دا زۆر جار له‌وانه‌یه دووریشیان بكاته‌وه له كولتووری دایك‌و باوكیان. چونكه له قوتابخانه مێژوو و چیرۆك و به‌سه‌رهات و داستان و ئه‌فسانه كوردیه‌كان ناخوێنن و له ماڵیشه‌وه كه‌م گوێیان لێ ده‌بێ، كه ڕۆڵی گرنگیان هه‌یه له بنیاتنانی ناسنامه‌ی كولتووری منداڵ و هه‌رزه‌كار.
٤- تاكگه‌رایی : وانه و چالاکییەکانی قوتابخانەی ڕۆژئاوایی، وەک دیبەیت و پێشکەشکردن و ئەرکی نووسراو، هانی منداڵان دەدەن بۆ دەربڕینی بیرکردنەوە و بۆچوونەکانیان وه‌كو تاك. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌مانه هۆكارن بۆ درووست بوون و به‌هێزكردنی متمانە بەخۆبوون و توانای خستنەڕووی بیرۆکەکانیان، له هه‌مان كاتدا ده‌بنه هۆی بنیاتنان و به‌هێز كردنی هه‌ستی تاكگه‌رایی. بۆیه بە شێوه‌یه‌كی گشتی تاکگەرایی بە پرۆسەیەک پێناسە دەکرێت کە تاک زیاتر و زیاتر خۆی لە یاسا و بەها كۆمهڵیهكان ڕزگار دەکات کە لە ئاگایی بەکۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرن. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌یه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی، و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی و باری ده‌روونی.
له‌به‌ر ئه‌و هۆێانهی سه‌ره‌وه، ده‌توانین بڵێین كهههرزهكاری كورد له تاراوگه، له نێو ئاڵۆزی دوو جیهان دا، كه هه‌ندێ جار به‌هاكان دژ به‌یه‌كن، ده‌بێت ناسنامه‌ی خۆی بنیات بنێت: ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه. له ماڵه‌وه، دایك‌و باوكی كورد پێویستیان به‌وه‌یه كه منداڵه‌كانیان هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له كوردستان بن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و بیر بكه‌نه‌وه. منداڵانیش له سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری دا پێویستیان به كه‌ره‌سته‌ی ده‌ره‌كی هه‌یه بۆ به‌رده‌وامی دان به بنیاتنانی ساختمانی ناسنامه‌ی كه‌سی و كولتووریان. بۆیه به‌ریه‌ك كه‌وتنی جیاوازیه كولتووریه‌كان لێره‌دا ڕوو ده‌دات.
كه‌واته به‌رپرسیاران و مامۆستایانی كورد، بۆ پرۆژه‌ی بنیاتنانی لۆبی كوردی ده‌بێت ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی سه‌ره‌وه پشتگوێ نه‌خه‌ن و به پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێ زۆر به ئه‌وله‌ویه‌ته‌وه له به‌رچاوی بگرن و گرنگی زۆریشی پێ بده‌ن. بۆیه، له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و زانیارانه‌ی سه‌ره‌وه [1]، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتووی كورد له دیاسپۆرا ببن به‌و لۆبیه‌ی كه ئێمه چاوه‌ڕوانین، ده‌بێت وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك بده‌ینه‌وه كه به ناچاری دێنه‌به‌رده‌م مامۆستاس كورد له تاراوگه، وه‌كو؛
– ئایا بۆ فێركردنی زمانی دایك له تاراوگه، ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه له ڕۆڵی ته‌نها فێركهرێك نه‌مێنێته‌وه و ڕۆڵی په‌روه‌رده‌ییش بگرێته ئه‌ستۆی خۆی؟
– ئایا ، سه‌ره‌ڕای ئه‌زموونه‌كانی مامۆستایی له كوردستان، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ گونجاوه و ئاماده‌یه هه‌موو ئه‌و لایه‌نه ئاڵۆزانه‌ی سیسته‌مه‌كه كه پێشتر باسمان كردن له‌به‌رچاو بگرێت له كاتی وانه گوتنه‌وه‌ی زمانی دایك بۆ منداڵه‌كانمان؟
– ئایا مامۆستا به‌ڕێزه‌كان كامه مێتۆدی پێداگۆگی به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی له پشت و ته‌نیشت و ژێری وشه‌و ڕسته كوردیه‌كانه‌وه له كاتی وانه گوتنه‌وه‌دا په‌یامێكی جیاواز بگه‌یه‌نن به منداڵان؟ مه‌به‌ستم له‌و په‌یامه‌یه كه ده‌توانێ وێنه‌یه‌كی پۆزیتیڤی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و وڵاته‌كه‌یان له ناخیاندا بكێشیت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به سه‌ربه‌رزی و شانازی بكه‌ن به‌وه‌ی كه كوردن!
– ئایا كامه گێڕانه‌وه و كامه مێتۆدی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌فسانه و به‌سه‌رهاتی مێژووی و كولتووری كوردی هه‌ڵده‌بژێرن بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌ستانه‌ی سه‌ره‌وه؟
له یادمان نه‌چێ، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كورد له تاراوگه بزانن به‌ره‌و كوێ بڕۆن، ده‌بێ بزانن له كوێوه هاتوون.