ههرمن ئهحمهد
ئایا ئێستا چی بۆ ئێمەی رەوەندی كوردستانی لە تاراوگە گرنگە؟ ئاخۆ بەردەوام بگەڕێینەوە بۆ سەربردە و مێژوو و هۆكاری كۆچكردنمان لە كوردستانەوە بۆ وڵاتێكی تر، یان وا باشترە خەمێك لە ئێستا و ئایندەمان بخۆین و بیرێك لە نەتوانەوەی كوردبوون و كوردستانیبوونی خۆمان و نەوەكانمان بكەینەوە و پلانێك بۆ یەكبوون و بەهێزبوون و بەگەڕخستنی نەرمەهێزی خۆمان دابڕێژین؟
جەنگی جیهانیی یەکەم، گۆڕانێکی زۆری بەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنا کە لەژێر دەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییدا بوو. مەخابن لەم گۆڕانکارییانەدا کورد حزوورێکی بەهێز و یەکگرتووی نەبوو، دەرەنجام خاکەکەی دابەش كرا، ئەم حیكایەتە هەموو كورد دەیزانن، بۆیە دەپرسین: دەبێ چ جەنگ و چ كاولكاری و چ وهچهرخانێكی تر روو بدات، تا كورد وەك یەك هێز و یەك دەنگ، ئامادەییەكی باشتری هەبێت و لەو گۆڕانكارییە بەشێكی دەست بكەوێت، هەر هیچ نەبێ ئەو مافەی خودای گەورە پێی رەوا بینیوە؟
لێرەدا گرنگی و پێویستبوونی نەرمەهێزی رەوەندی كورد و كوردستانی لە تاراوگە دێتە ئارا، ئاخر رەوەندی كوردستان، هەم وەك ژمارە یەكجار زۆرن و هەمیش لە ئاستی كوالێتی و بوونی توانای مرۆیی، هێزێكی كەم نییین، بە خۆشحاڵییەوە لە هەموو بوارەكانی (سیاسی، ئابووری و بزنس و سەرمایەكاری، ئەكادیمی، زانستی، كولتووری، كۆمەڵایەتی، چالاكیی مەدەنی، هونەری و وەرزشی و..هتد) خەڵكی كورد و كوردستانی لەنێو وڵاتە جیاوازەكانی دونیادا هەن كە جێدەستیان دیارە و كەسایەتیی گەورە و ناسراو و كاریگەرن و توانیویانە لەڕێی بوارەكانی خۆیانەوە، خزمەتێكی زۆری ئەو كۆمەڵگە و دەوڵەتانە بكەن كە تیایاندا دەژین و هەندێكیان بۆ كوردستانیش كاری زۆر گەورەیان كردووە.
بەڵام ئهم نهرمههێزه چۆن بكرێت به ئامرازێكی سووودبهخش و بچێتە سەر هێزی كورد و كوردستان و لە كاتی پێویستدا خۆی بخاتە گەڕ لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵكی كوردستاند؟
دەزانم لەكارەساتی 100 ساڵی دابەشکردنی خاکی کوردستانی گەورە بەسەر چوار وڵاتدا، چ گۆڕانکارییەک بەسەر خەیاڵ و هزر و بیركردنەوەی ئێمەدا هاتووە. دەشزانم شۆڕش و بزاڤی ئازادیخوازی هەر پارچەیەکی نیشتمان بە ئامرازی خۆی و بۆ قۆناغی خۆی بووە، ئێستاش كە لە سەدەی 21داین لە هەر پارچەیەک دەیان حزب هەن، ئەم حزبانەش لەمسەری چەپ بۆ ئەوسەری راست، نەتەوەیی و عەلمانی و دینی و تەنانەت مەزهەبییشیان تێدایە، رەنگە ئێمە هەر گرووپێكمان سەر بە یەکێک لەو حزبانە بین و هەوڵ بدەین لەوێوە خزمەت بە نیشتمان بکەین، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆرمان کۆدەنگین لەسەر کۆمەڵێک پرسی نیشتمانی.
جا بۆ ئەوەی ئەو نەرمەهێزە و ئەو توانا زۆرە مرۆییەی كوردستانیان كە لە تاراوگە هەیە، لەپێناو پرسی كورد و كوردستان و نیشتمانە دابەشكراوەكەماندا بخرێتە گەڕ، پێویستمان بە كۆبوونەوەیە لەژێر چەتری دەستەواژەیەكدا كە ئەویش (كوردستانی نیشتمان)ە. بەڵێ لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجەدا، دەبێ ئەوساتانەی كە نیشتمان و نەتەوە پێویستیان بە هێز و توانا و دەنگ و هەڵوێستی ئێمەیە، دەستبەرداری مشتومڕ و ئینتیمای حزبی و ئایدۆلۆژیی خۆمان بین و بەدەم نیشتمانەوە بچین.
– چۆن بتوانین وێڕای ئەو جیاوازییانە، ئەو هەستە هاوبەشەمان لا دروست بێت و چەتری نیشتمان كۆمان بكاتەوە؟
وەڵام: كورتترین رێگە ئەوەیە بایەخ بە خاڵ و بەها هاوبەشەكانمان بدەین. خاڵ و بەها هاوبەشەكانمان هەر ئەوانەن كە لە داگیركەران و دوژمنانمان جیا دەكەنەوە… سەرەتا هەستی كوردبوون و كوردستانیبوون. كە تۆ هەستت كرد كوردیت و كوردستانییت و شاناز بوویت بەو هەستەوە، ئیدی تۆ هێزێكی گەورەت خستە گەڕ هەم بۆ یەكبوونی زیاتر لە پەنجا ملیۆن كورد و هەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیاران و داگیركەران، واتە تۆ شوناسی خۆت پاراست ئەو شوناسەی كە داگیركەران نایانەوێ هەتبێت.
هەنگاوی دووەم ئەوەیە، تۆ و منداڵ و نەوەكانت، زمانی كوردی بزانن و پێی بدوێن و پێی بنووسن، گرنگ نیە خەڵكی كام بەشەن و بە چ شیوەزارێكی كوردی دەدوێن و دەنووسن و كام كۆمەڵە پیت بەكار دەهێنن، لاتینی یان ئارامی؟ گرنگ ئەوەیە ئێوە زمانی كوردی دەزانن.
هەنگاوی سێیەم: بایەخدانە بە لایەنە سیمبولی و كولتوورییەكانی كورد و كوردستان، لەوانە (ئاڵای كوردستان، جەژن و بۆنە كوردی و كوردستانیەكان، مێژووی كورد و كوردستان، گۆرانی، مۆزیك، هەڵپەڕكێ، شانۆ، سینەما، دراما، میدیا، ئەدەبیات، جلوبەرگ، خشڵ و ئیكسسوارات و خواردن… و هتد) هەموو ئەمانە بەشێكن لە سیمبول و ناسنامە و كولتووری كورد و كوردستان.
چوارەم هەنگاو: باوەڕبوون بەو نەخشەیەی كە پێی دەگوترێ (نەخشەی كوردستانی گەورە) دەبێ لە ماڵی هەمووماندا ئەو نەخشەیە هەبێت و هەڵواسرابێت، ئەمە بۆ منداڵ و نەوەكانیشمان زۆر زۆر گرنگە.