لونە: بە گۆرانییەکانی بۆتە ئەستێرەی گەشی پڕ ھیوا بۆ گەنجان!

رەوەند :

لە خانەوادەیەکی کوردی باشووری کوردستان لەدایک بووە و لە ئەڵمانیاش، بووەتە هونەرمەندێکی ناسراوی ئەو وڵاتە.

لۆنە (مەیلان غەفوری)، لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٠٦ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، لە شاری هایدلبێرگ دەژی. ئەو کەسێکی کۆمەڵایەتییە و چێژ لە کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانی، وەردەگرێ و بەردەوامیش سەردانی مۆزەخانە و گەلەرییەکان دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام لەگەڵ نوێگەری و داهێنانەکان بژی.

دایک و باوکی لۆنە خەڵکی شارۆچکەی کۆیەن لە پارێزگای هەولێر، لە ساڵی ١٩٩٥ وەک پەنابەر روویان لە ئەڵمانیا کردووە و تا ئێستا لەو وڵاتە دەژین.

لۆنە لە منداڵییەوە خولیای گورانی و نووسینی تێکستی گۆرانی بە زمانەکانی ئەڵمانی و فەرەنسی هەبووە. سەرەتا گۆرانییەکانی بۆ خۆی دەگوت و دوای ئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی بەهرەیەکی هونەری هەیە، بڕیاری بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی لە سۆشیال میدیا داوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە یەکەم بەرهەمی لە تەمەنی ١٤ ساڵی بەشێوەی دوێت لەگەڵ هونەرمەندێک بە ناوی (سامرە) بڵاوکردووەتەوە و گۆرانییەکەش بەناوی (Cr1minel) بوو. هەر لەو تەمەندا بەرهەمێکی دیکەی هونەری بەناوی (Gebe auf) کە یەکەم گۆرانیی ئەو بوو بە تەنیا، بڵاوکردووەتەوە.

ئەو گۆرانییەی لۆنە بە تەنیا بڵاوی کردەوە، گەیشتە پلەی دووەمی ریزبەندیی گۆرانییەکان لە ئەڵمانیا و بەهۆیەوە خەڵاتی زێڕینی وەرگرت. هەروەها هەوادارانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد.

بە ناسراوبوونی، چەندین ئۆفەر بۆ لۆنە هاتن و بە هاوکاریی (وارنەر میوزیک)، دەستی بە کاری پرۆفیشناڵی کرد. دواتر لەگەڵ (سۆنی) گرێبەستێکی واژۆ کرد و تا ئێستا دوو ئەلبووم و (EP) بڵاوکردووەتەوە.

لۆنە لە لێدوانێکدا بۆ (رەوەند)، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لە کوردستان بە گۆرانیی “Alles verdient” ناسرا، کلیپی گۆرانییەکە لە کوردستان وێنەی گیرا و باسی لە مێژووی کوردستانیان دەکرد. ئەو گۆرانییە دەنگدانەوەیەکی فراوانی لێکەوتەوە و ”زۆر پێی دڵخۆشبووم“.

دایک و باوکی لۆنە بەردەوام جەختیان لە پاراستنی شوناس و کولتوری نەتەوەیی خۆیان کردووەتەوە و منداڵەکانیشیان بەو شێوەیە پەروەردە کردووە. ئەوان لەماڵەوە زۆرتر بە زمانی کوردی قسە دەکەن و بەردەوامیش لە پشووەکاندا، سەردانی کوردستانیان کردووە، ”من و خوشک و براکانم هەستێکی بەهێز و باوەڕ بەخۆبوونمان بۆ دروست بوو. ئەو هەستە خۆشەی لە کوردستان هەمانە لە ئەڵمانیا نەمانبووە“.

ئەو پەروەردە کوردانەیە، بووەتە هاندەری ئەوەی لۆنە گۆرانییەک بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی تۆمار بکات، تا لەڕێیەوە رەگ و ریشەی خۆی نیشان بدات و نوێنەرایەتیی نەتەوەکەی بکات لە هونەری ئەڵمانیا.

کلیپی گۆرانییە کوردی – ئەڵمانییەکەی لۆنە، کە لە کوردستان وێنەی گیرابوو، دەنگدانەوەیەکی باشی لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بەدوای خۆیدا هێنا. لۆنە باسی ئەوەی کرد، زۆر کەس بە جوانیی کوردستان سەرسام بوون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەرۆشیی خۆیان بۆ گەشتکردن بۆ کوردستان، نیشان داوە.

لۆنە کلیپێکی زۆر جوانی لە چەند ناوچەیەکی مێژوویی و شوێنەواریی کوردستان تۆمار کردووە. ئەو لەو کلیپەیدا، کە لە هەولێر، رواندز و ئاکرێ وێنەی گیراوە، ویستوویەتی شوێنەوارە جوان و مێژووییەکانی کوردستان نیشانی ئەوروپییەکان بدات. ئەو گوتی، ”هەولێرم وەک پایتەختەکەمان نیشان دا، کە نوێنەرایەتیی نەتەوەکەم دەکات و تێکەڵەیەکی جوانی نەریت و مۆدێرنە“.

لۆنە وێڕای ستایشی هاوکاریی هاوڕێ کوردەکانی، جەخی لەوە کردەوە، کە زۆر گرنگە مرۆڤ باوەڕی بەخۆی هەبێت بۆ هێنانەدی خەونەکانی و لەبیرنەکردنی رەگ و ریشەی خۆی. هاوکات داواش لە گەنجانی کوردی ئەوروپا دەکات، بەردەوام بە هەر رێگەیەکی وەک هونەر، وەرزش، پەروەردە و هەر هۆکارێکەوە بێ، پشتیوانیی کوردستان بکەن، چونکە خزمەتکردن و پشتیوانیی کوردستان و پاراستنی شوناسی کوردبوون، ”ئەرکی هەموومانە و هیواداریشم پرۆژەی سەرکەوتووتر لە کوردستان ئەنجام بدەم“.

ڕەنگە بە دڵت بن