پەیکەرەکانی پەیکەرسازێکی کورد لە پارک و شوێنە گشتییەکانی ئەوروپا نمایش کراون

ئاشتی گەرمیانی

هونەرمەند و پەیکەرسازێکی کورد، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ی سلێمانییە و دەیان پەیکەر و کاری هونەریشی لە پارک و شوێنە گشتییەکانی ئەوروپا دانراون.

شوان کەمال، ئەزموون و مێژووێکی ٤٢ ساڵەی لە بواری دروستکردنی پەیکەر و داتاشین هەیە، ساڵانێکی زۆرە بێ دابڕان خەریکی ئەزمون و توێژینەوە و رۆچوونە بەناو دونیای فراوانی وردەکاری و میتۆدەکانی تەکنیکی پەیکەرسازی.

ئەو کە سەلیقە و توانا و بیرێکی تیژی لە پەیکەرسازیدا هەیە. پرۆژە و کارەکانی جگە لە کوردستان، لە چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی (بە تایبەت ئەڵمانیا و سوید)دا دیارن، لە ساڵی ١٩٩٤ رووی کردووەتە ئەڵمانیا و ئێستاش لە سوید دەژی.

شوان کەمال لە سەرەتای خوێندنی لە بەشی پەیکەرسازیی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٣ـوە، بەردەوامە لە هونەری پەیکەرسازی. ئەو دیبلۆم، بەکالۆریۆس و ماستەریشی لەو هونەرەدا بەدەست هێناوە، جگە لە چەندین بڕوانامەی پیشەیی لە تەکنیکەکانی پەیکەرسازی لە ئەڵمانیا و سوید.

ئەو هونەرمەندە، چەندین پێشانگای بۆ نمایشکردنی کارەکانی لە کوردستان، عێراق وئەوروپا کردووەتەوە. ئەو بە هەوڵی ماددی و مەعنەویی خۆی، ریلیڤ و مەدالیای بە ماددەکانی برۆنز، ئەلەمنیۆم و ئاسن بۆ ئەو کەسایەتییانە دروست کردووە کە خۆی هەڵی بژاردوون، لەوانە بۆ دارا حەمەسەعید پەیکەرساز.

شوان کەمال پێیوایە لە ئەوروپا هونەرمەند دەتوانێ بە هونەرەکەی بژی و ئەمەش وادەکات دەرفەتی پێشکەوتن و داهێنانی زیاتر هەبێ، بەپێچەوانەی کوردستان، کە هونەر زۆرتر کاری لاوەکیانە و کاری سەرەکییان مامۆستایەتی یان فەرمانبەرییە.

ئەو هونەرمەندە بە گۆڤاری (رەوەند)ی راگەیان، کە پلانی هەیە ”پرۆژەی گەورە“ لە کوردستان بکات. ئەو بەبێ ئاشکراکردنی پرۆژەکە، باسی لە پرۆژەیەکی مێژوویی کرد، بەڵام چاوەڕێی سپۆنسەر دەکات، لەگەڵ ڕێکخراوێکی ئەڵمانی ماوەی چەند ساڵێکە پڕۆژەی هاوبەش بۆ ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان هەیە، ”هەموو شتێکمان تەواو کردووە، تەنیا لەسەر پارە و تێچووی پرۆژەکە وەستاوین“.

شوان کەمال ساڵی ١٩٨٧ دیبلۆمی لە پەیکەرسازی لە سلێمانی بەدەست هێناوە، چوار ساڵ دواتر بووە خاوەنی بەکالۆریۆس لە هەمان رشتە لە بەغدا و ساڵی ٢٠١٩ش بڕوانامەی ماستەری لە پەیکەرسازی لە ستۆکھۆڵم بەدەست هێناوە.

کارە هونەرییەکانی شوان کەمال لە کوردستان:

پەیکەری تۆفیقی کارەبا لە شاری ھەڵەبجە کە بە کارەساتی کیمابارانەکەی ھەڵەبجە شەھید بوو، پەیکەری حەمەسەعیدی ئەندازیار لەبەردەم بنکەی کارەبای سلێمانی، پەیکەری شەھیدانی چیمەن لە فلکەی خانەقای سلێمانی. پەیکەری ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی، گادگروس، کە لە ساڵی ١٩٩١ لەکاتی ڕوماڵکردنی ڕووداوەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە گولەباران کرا، پەیکەری خاڵە حاجی لە فلکەی خاڵە حاجی لە سلێمانی، پەیکەری بەختیار عەسکەری لە ھەولێر، پەیکەری عەدالەت لەبەردەم باڵەخانەی داد لە هەولێر، پەیکەری شێرکۆ بێکەس لە شەقامی سالم لە سلێمانی، مۆنۆمینت و پەیکەری شێرکۆ بێکەس لەسەر ئارامگەکەی لە پارکی ئازادیی سلێمانی.

جگە لەم پەیکەرانە، شوان کەمال چەند خەڵاتێکی بۆ بۆنە جیاوازەکانی کوردستان دروست کردووە، لەوانە، خەڵاتی فۆتۆگرافی بە ناوی خەڵاتی کامەران لەسەر داواکاریی سەنتەری میتۆگرافی، خەڵاتی دانا رەئوف بۆ دەقی شانۆیی، خەڵاتی ئەدەبیی کارۆ بۆ نوسەر و ئەدیبی گەورەی کورد حوسێن عارف و خەڵاتی هونەریی کارۆ بۆ شانۆکار خاتو گەزیزە.

کارە هونەرییەکانی شوان کەمال لە ئەڵمانیا:

شاری فوپەرتاڵ، ئەڵمانیا

پەیکەری گوستاڤ ئەدلۆف براونی مۆسیقار و ئاوازدانەری ئەڵمانی لە پارکی سەروو، پەیکەری شاسوار ئەرنۆڵد رۆس لە تاقێکی باڵەخانەی شارەوانی، پەیکەری یوستیسیا لە بەردەرگای شارەوانی، پەیکەری ڕاستی بەردەرگای باڵەخانەی شارەوانی، پەیکەری مێژوویی یارمەتیی ھەژاران لە پارکی کەنیسەکان لە سەنتەری شار، پەیکەری فوارەی دادپەروەری لە پارکی کۆماری و پەیکەری پیتەر ھێڵد ناسراو بە ھۆش ھۆش (کەسایەتیی ئەڵمانی) لە بازاڕێکی شار.

شاری دۆسڵدۆرڤ، ئەڵمانیا

پەیکەری فیلکس میندلسۆنی مۆسیقاری جیھانی لەبەردەم ئۆپێرا و پەیکەری پەری بۆ گۆڕستانی سەروو.

کارە هونەرییەکانی شوان کەمال لە سوید:

پەیەکەرێکی ئەبستراک بۆ نەخۆشخانەی مالمۆ، پەیکەری مریەم کچێکی زنجیە بۆ کتێبخانەی یۆتۆبۆری، پەیکەری کۆچبەر بۆ پارکی ئێکەبێری لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەسەر داوای کارگەی رۆسنگرێنس لە شاری مالمۆی سوید، پەیکەری شاری ئاھۆس لەسەر شێوەی ریلیف لەبەردەم مۆزەخانەی شاری ئاھۆس، دروستکردنی مۆدێلی پەیکەری فیل و مۆسیقییەکە بۆ پارکی گەل شاری مالمۆ و دروستکردنی پەیکەریپێڵاوی یاری بۆ مارکۆس رۆسنبێریی یاریزانی ناسراوی تۆپی پێی سویدی لە یاریگای شاری مالمۆ .

ڕەنگە بە دڵت بن