رەوەند
رێبین ڕەشید – فۆتۆگرافەر و فلیمساز . نەرویج
رێبین لە ساڵی ١٩٨٥، لە گەڕەکی سەرشەقام لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ٢٠٠٢ لەگەڵ خێزانەکەی رووی لە نەرویج کردووە و لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت گیرساوەتەوە. ئەو بڕوانامەی ئەندازیاریی ئۆتۆمبێلی هەیە و بە شەش بڕوانامەی دیکەوە، ماوەی ١١ ساڵ لە کۆمپانیای (بی ئێم دەبلیو) لە نەرویج، کاری کردووە.
رێبین لە لێدوانێکدا بۆ (رەوەند)، رایگەیاند، لە منداڵییەوە حەز و خولیای وێنەگرتنی هەبووە. تەمەنی ١٢ ساڵ بوو کە بۆ یەکەمجار بووە خاوەنی کامێرا و تا ساڵی ٢٠٠٢، لە هەموو بۆنە و گەشتەکاندا لە کوردستان بووەتە وێنەگری خێزانەکەی.
لە ٢٠١٩، رێبین بیرۆکە و حەزی دانانی براندێکی تایبەتی جلوبەرگی بۆ دروست بووە و دوای ساڵێک و هەشت مانگ هەوڵدان، توانیویەتی براندەکەی لە نەرویج بە فەرمی تۆمار بکات، بەڵام بە هۆکاری تایبەت نەیتوانیوە کار لەسەر براندەکەی بکات و کارەکەی بۆ ماوەیەک راگرت.
لە ساڵی ٢٠٢١ رێبین گەشتێک بۆ دوورگەی سڤاڵبار لە باکووری نەرویج (هەرە باکووری گۆی زەوی) دەکات و بیرۆکەی دروستکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاری بۆ دروست دەبێت، بۆیە لە مانگی ٤ی ٢٠٢٢ دەگەڕێتەوە دوورگەکە و بە هاوکاریی کامێرامانێکی ڤیدیۆیی، فیلمێکی دیکۆمێنتاری دروست کردووە. دواتر فیلمەکەی داوەتە کەناڵی رووداو و پەخش کراوە. دوای پەخشکردنی فیلمەکە، لەسەر بەرهەمهێنانی ١٢ فیلمی دیکۆمێنتاریی دیکە لەگەڵ رووداو، رێککەوتووە و بەرهەمی هێناون.
رێبین ئاماژەی بەوەش کرد، پێنج ساڵ بەر لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە، فیلمێکی لەسەر راو لە نەرویج دروست کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە فیلمەک ئاسکێکی کێوی راوکردووە، فیلمەکەی لە هیچ کوێ پەخش نەکردووە.
جگە لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکان، رێبین دوو فیلمی سینەماییشی بەرهەم هێناوە، کە هەردووکیان چیرۆکی راستەقینەن و بەر لە چەند دەیەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویان داوە. هەروەها شەش فیلمی دیکۆمێنتاریی دیکەی دروست کردووە و دوای ئیدیتکردن، ئامادە دەبن بۆ پەخشکردن.
زۆرترین وێنەکانی رێبین لەناو سروشتی کوردستان و وڵاتان گیراون، ئەو گوتی: ”زۆر حەز بە گەشتی ناو سروشت دەکەم. دوو هەزار وێنەم هەیە و بە نیازم لە ماڵپەڕی براندەکەم، بڵاویان بکەمەوە“.
بەهۆی سەرقاڵی و کەمیی کاتەوە، وێنەکانی رێبین تەنیا لە پێشانگایەکدا لە نەرویج نمایش کراون و وەک خۆیشی باسی کرد، تا ئێستا تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان و نەرویج وەک وێنەگر و بەرهەمهێنەری فیلم، ناسراوە.
رێبین باسی خۆشترین و تایبەتترین گەشتەکانی کرد، کە لە ویلایەتەکانی یوتا و ئەریزۆنا و سکوایەر ناشناڵ پارک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا بووە، چونکە سروشتەکەیان زۆر جوان بووە. جگە لەو سێ ناوچەیە، بە سروشتی دوورگەی سڤاڵباری نەرویجیش سەرسامە.
رێبین بە نیازە ئەمساڵ (٢٠٢٥) گەشە بە براندە بازرگانییەکەی بدا و بیکاتە سێ بەشی (فیلم پرۆدەکشن، جلوبەرگ و تراڤڵ ئەگێنسی) و بە تەواوی کاریان لەسەر بکات و گەشەیان پێبدات.
تێبینی: پەرەگرافی چوارەم باسی رێککەوتن لەگەڵ رووداو دەکات.
