خانمێکی کوردی باشوور دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی وزەی ئۆنتاریۆ

گۆنا جاف هاووڵاتییەکی کەنەدییە و خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە. یەکێکە لە کەسە دیار و سەرکەوتووەکانی هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا.

گۆنا ماجید عیزەت بەگی جاف، لە بنەماڵەی بەگزادەکانی ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجەیە، تا قۆناغی ئامادەیی لە شاری سلێمانی خوێندویەتی، دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدایە. دوای تەواوکردنی زانکۆ لە ١٩٩٣، رووی کردووەتە کەنەدا و لەوێ هەم یاسای خوێندۆتەوە و هەم دەستی بە کارکردن کردووە.

ئەو ژنە کوردە، لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی دیپلۆمی لە یاسا لە زانکۆی هامبەر لە تۆرنتۆی کەنەدا بە پلەی شەرەفی بەدەست هێناوە و زانکۆکەی پێشنیاری کردووە پۆستێک لە دادگای تێهەڵچوونەوەی مۆڵەتدان وەربگرێ. ئەو دادگایە دەزگایەکی دادوەرییە لە ئۆنتاریۆ و بەرپرسیارە لە بڕیاردان و تێهەڵچوونەوە لەسەر ئەو تانەدانانەی کە لەلایەن دەزگا جیاوازەکانی مۆڵەتدانەوە دراون. ئەو کارە بووە دەستپێکی کارە پیشەیی و ئەکادیمییەکانی لە رێکخستن و سیاسەت  لە ئەنجومەنی وزەی ئۆنتاریۆ.

گۆنا جاف لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی وزەی ئۆنتاریۆ (OEB)یە، کە دەزگایەکی تایبەتە بە کەرتی وزە لە ئۆنتاریۆ و کارەبا و غاز بۆ ماڵان دابین دەکات. بەرپرسیارێتیی سەرەکیی OEB سەرپەرشتیکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و غازی سروشتییە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و متمانەپێکراو و گونجاو بۆ بەکارهێنەران. گۆنا بە درێژایی ماوەی کارکردنی لە OEB، پۆستی باڵای ڕاوێژکاری و بەڕێوەبەرایەتی وەرگرتووە.

گۆنا ئێستا سەرکردایەتیی تیمێک دەکات کە پێکهاتووە لە ١١ کەسی پیشەیی لە بواری وزە و سیاسەت کە سەرنجیان لەسەر پاراستنی بەکاربەر و پابەندبوون بە ڕێکخراوەیی و بەڕێوەبردنی بەرنامەی یارمەتیە داراییەکانە. لەنێو بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانیدا سەرپەرشتیکردنی پرۆگرامی پشتگیریی کارەبای ئۆنتاریۆیە، کە هاوکاریی دارایی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار ماڵی کەمداهات لە سەرانسەری پارێزگاکەدا، دەکات.

لە ساڵی ٢٠٢٢،  گۆنا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە میوانداریکردنی شاندێکی باڵا لە ئەبوزەبیەوە بە سەرۆکایەتیی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە کەنەدا، لەم سەردانەدا گۆنا چوارچێوەی پاراستنی بەکاربەر و ستراتیژیەتی داهێنانی وزەی (OEB) پێشکەش کرد،  بەمە توانی شارەزایی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی نیشان بدات.

لە بەرامبەر کارە بەردەوام و سەرکەوتووەکان و دروستکردنی گیانی پێکەوە کارکردنی، گۆنا لە ساڵی ٢٠٢٤ خەڵاتی پاڵەوانانی OEBی بەدەست هێناوە، ئەو خەڵاتەشی لەبەرامبەر سەرکەوتنەکانی لە رێکخراوەکە، پێدراوە.

گۆنا جاف هۆکاری سەرکەوتنەکانی بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی هاوسەرەکەی دەگەڕێنێتەوە، کە هەردووکیان بەردەوام هاوکاریی یەکتر دەکەن و دایبابی سێ منداڵن بەناوەکانی ئارا، رۆزی و ئادەم ..

ڕەنگە بە دڵت بن