هونەرمەندێکی کورد عەرەب بە کارە هونەرییەکانی سەرسام دەکات

سەباح ئەربیلی، ناوبانگ و بەرهەمەکانی لە هەولێرەوە گەیشتوونەتە رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهان و چەندین کەسایەتیی باڵای وڵاتانی، بە کارە هونەرییەکانی سەرسام کردووە.

ئەربیلی، کە نازناوەکەی زادەی زێدی لەدایکبوونیەتی، لە ساڵی ۱۹۷۷ لەدایک بووە. ئەو لە تەمەنی ۱۰ ساڵیدا هەستی بە بوونی بەهرەی خۆشنووسی کردووە. پۆلی پێنجی سەرەتایی بووە کە دەستی بە نووسین بەشێوازی هونەری کردووە.

سەباح ئەربیلی وەک هەموو بەهرەدارەکانی جیهان، سەرەتا زۆر گرنگی بە پێشبڕکێکان داوە و خەڵاتی یەکەمی له دەیان پێشبڕکێی خۆشنووسی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و بیانی، وەرگرتووە. لە ساڵی ۲۰۱۲شەوە سەرقاڵی پێشانگا تایبەتیەکان و پرۆژە هونەرییەکانییەتی.

ئەو هونەرمەندە هەولێرییە، سەرەڕای خۆشنووسییەکەی، کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین/ هەولێر تەواو کردووە و لە لێدوانێکیشدا بۆ (رەوەند)، ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەندازیاری و خۆشنووسیدا هەیە و لە کارە هونەرییەکانیشیدا، سوودێکی زۆری لە زانستە ئەندازیارییەکەی وەرگرتووە.

سەباح ئەربیلی خاوەنی سەدان تابلۆی هونەری و خۆشنووسییە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی، کە هەر یەکەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت، هێشتا بەرهەمێکی وای دروست نەکردووە، کە وەک شاکارێکی ئەو بناسرێ.

نمایشی زۆربەی کارە هونەرییەکانی سەباح ئەربیلی لە وڵاتانی کوێت، سعودیە، قەتەر و ئیمارات بووە، بەڵام بۆ جاری داهاتوو، بە نیازە پێشانگایەک لە ئوردن بکاتەوە، ئەو گوتی: ”خەریکی دروستکردنی کۆمەڵێک کاری گەورەم“.

یەکێکی دیکە لە بەهرەکانی سەباح ئەربیلی، پەیکەرتاشییە و ئێستا کار لەسەر سێ پەیکەر دەکات، کە وەک خۆی گوتی، ”یەکێکیان پەیکەرێکی گەورەیە، حەوت مەترە“، بەڵام ناوی شوێنەکەی ئاشکرا نەکرد.

ڕەنگە بە دڵت بن