کورتە باسێک لەسەر جێژنی نەتەوەیی بێڵن دانا

موحسین ئەڵڵاوەیسی ( ھەردەوان )
نووسەر .. ڕۆژھەڵاتی کوردستان – ئەڵمانیا

“بێڵن دانا” مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ دەوری پێنج ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا و تایبەتمەندییەکانی ئەو جێژنە زۆر پێشکەوتووانە بووە. بێڵن دانا ڕەگاژۆی کردووەتە ناو ھەناوی کۆمەڵگای گەلی کورد.‌ ئەو جێژنە ئێوارەی سێسەد و بیست‌و یەکەمین ڕۆژی ساڵ یان چل و پێنجەمین ڕۆژی وەرزی زستان (‌١٥ی ڕێبەندان)، بەڕێوە دەچێ.

بەم تێبینییانەوە بۆ “بێڵن دانا” بەش بە حاڵی خۆم ھەموو ھەوڵم ئەوەیە ئەو جێژنە جوانە دیسان بەو شێوەی کە لە ڕابردوودا بەڕێوە چووە، زیندوو ببێتەوە. دیارە سامانی سەرەکی ھەر نەتەوەیەک ئەو دابونەریتانەن کە لە ھەناوی مێژوو ھەڵقوڵیون و فەوتانی ھەر بەشێکی، بەگشتی فەوتان و تێداچوونی بەشێک لە کەلتووری مرۆڤ و ھەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتییە؛ کە وابوو، ‌پاراستنی ھەر بەشێکی، پارێزگارییە لە کەلتووری جیھانی.

مرۆڤ لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی “بێڵن دانا” ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشت دەگرێ و ئەو خاڵە دەکرێ وەکوو تایبەتمەندییەکی “بێڵن دانا” بێتە ئەژمار.

لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی “بێڵن دانا”، وەکوو بیروباوەڕێکی کەونار کە ئاوێتەی ئەوین، شادومانی، خێر و بەرەکەت و …، لە خوای مەزن داوا دەکرێ جەماوەرەکە لە پاڵ یەکتر بە خۆشی و شادی بژین.
زۆر جار کە نیازی ئیشێکی خێرخوازانەیان ھەبووە، تێکۆشاون تا ئەو ئیشە خێرخوازانەیان ڕاست لەو ڕۆژە تایبەتەدا بەڕێوە بچێ.

“بێڵن دانا” ئەو ڕۆژانەی وەرزی زستان بەڕێوە دەچێ کە سەرما پاشگەز دەبێتەوە. ‌”بێڵن دانا” دوو وشە لە خۆ دەگرێ: بێڵ + دانا=(دانان) و ئەو کاتە بەڕێوە دەچێ کە بە ڕواڵەت “شەختە و سەرمای زستان تەشقی شکاوە یان گەلاوێژی زستان ئەنگوتووە و زەوی بەرەو گەرم‌بوون ‌چووە؛ ھەر چەندی بەفر ببارێ تازە خۆ ناگرێ و پێویست بە ماشتن ناکا. بێڵ و وەروەرەی بەفر ماڵێن دەبێ بچنەوە قوژبنان و تەقەت بکرێن ھەتا ساڵی داھاتوو”.

“بێڵن دانا” لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ناوی گۆڕاوە و تووشی ئاڵوگۆڕ بووە. لە موکریان ناوی “بێڵن دانا”ی بە سەردا بڕاوە، لە باشوری کوردستان لای گۆران و کەڵھورەکان لە کرماشان ناوی بۆتە “وەھاری کورد” و لە شوێنەکانی تری کوردستان وەکوو بۆکان و سەقز بە “سورانەی سەتەی مەڕی” ناودێر کراوە یان لە ھەندێک شوێنی تر ناوی بووەتە “سەتانە سەتانە” واتە سەدەی کوردی یان بە “سوورە سەتەی کوردی” دەناسرێ.

مامۆستا ھێمن لە کتێبی “چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگیز”دا دەڵێ:
(… بەڵام زۆر دوور نییە ھەر بە بیری من، مەڕدار لە ئاخر و ئۆخری مانگی “مێھر” بەرانیان دە مەڕ کردووە و جێژنی مێھرەگانیان بۆ کردووە. دیارە ئەو جێژنە ئەوەندە گەورە بووە کە عەرەب وەریانگرتووە. بە زمانی خۆیان پێی دەڵێن میھرەجان و بە ھەموو ڕۆژی خۆش دەڵێن “میھرەجان” .
مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ، پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەردێ و مەترسی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جێژنی “سەدە” کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن “بێڵندانە” پێوەندیی دەگەڵ ئەم باسە ھەیە.
دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان، دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی ئەوەڵی بەھاردا کاتی زاو وزێی مەڕدێ و جێژنی ھەرەگەورەی مەڕدارە.
پێم وانییە پێویستیی بە ڕوون کردنەوە بێ، بەرخی مەستەشیر پاشی سێزدە ڕۆژ دەبێ لە کۆز دەرکرێ و بە زاوەماک بیبەیە لەوەڕ، ئەوەش سێزدەبەدەرەکەمان).

مامۆستا ھێمن ھەر لەم پەیوەندییەدا دەڵێ: “ئەم ڕۆژە پیرۆزە و ئەو جێژنە گەورەی زۆربەی گەلانی رۆژھەڵات پەیوەندی بە ئابورییەوە ھەیە“.

شەوی ١٤ی رێبەندان خەڵکی گەڕەکەکان لە مزگەوت یان ماڵی کاکانکۆ (پیری ژیر) کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی لە بارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی جێژنەکە و کەلوپەلی پێویست باس بکەن، ئەو ماڵانەی نیازیان بە یارمەتییە، ئاشتکردنەوەی ئەو بنەماڵانەی نێوانیان نییە، سەردانی ئەو بنەماڵانەی نەخۆشیان ھەیە و داوای چاکبوونەوەیان بۆ بکەن و زۆر کاروباری تایبەت بەم جێژنە و وێڕای ئەمانە، شەوچەرە دەخۆن و قسەی خۆش دەکەن و غەم و خەفەت لە دڵ دەرداوێژن.

جا ئەوجار کاکانکۆ (پیری ژیر) بۆ دەسپێکی ئەو شەوە خۆشە، ئەمر بە بەڕێوەبردنی کایەکانی تایبەت بەم شەوە دەکات. کایەکانی تایبەت بەم شەوە یەکجار زۆرن وەک : “گۆرێن یا جۆرابێن، پشکیلان، وزوزێن، دامە، میرمیرێن یان پاشا و وەزیرێن، جگێن، بازەڵێن، ئەسکەملە، تاقمانەجووت، قوماری مەزرەق، تەرکی بن بەڕە، حەلۆ حەلۆی بە شەقان، چاڵەھەرزن، شەیتانۆکە، شیعر شیعرێن، قسەی خۆش و مەتەڵۆکە، حەکایەت، گەڕەلاوژە و کەڵەمستێنە.
جاری وایە ھەتا زەردەی بەیانی پەیدا دەبێ ئەم بەزم و خۆشییە ھەروا بەردەوامە.

بەیانی زوو جموجۆڵێک دەکەوێتە نێو خەڵکەکە. ھەندێک بەدووی دار و چرپی و چاڵ دەکەونە بەندەنان و دەیھێننەوە یان ماڵودار دەکەن و ھەر کەس لە ماڵە خۆی ڕا بەشەداری خۆی دەھێنێ و دەیبەنە شوێنی جێژنی”بێڵن دانا”. بەو شێوە کۆمەڵێک دار کۆ دەبێتەوە، ئینجا دارێک لە ناوەڕاستی ئەو کۆمەڵە دارە و چوار داریش لە چوارگۆشەکەی دەچەقێنن، ھەرکام لە دارەکان شتێکی پێ‌ھەڵداوەسن کە ھەر کام و ھێمای بابەتێکە:
١ـ خیگەئاو: ھێمای تەڕەساڵی.
٢ـ گۆشت: زۆر بوونی ئاژەڵ.
٣ـ نان: زۆر بوونی ڕزق‌وڕۆزی.
٤ـ مازوو: بە نیشانەی بەروبۆی جەنگەڵ.

ئەوجار ئاگرەکە دادەگیرسێنن و کە گڕی ئاگرەکە خۆش بوو، دار‌ە چەقیوەکەی ناوەڕاستی کۆمەڵە دارەکە دەسووتێ و ھێورھێور بە لایەک‌دا دەکەوێ. خەڵکەکە تەواو چاەوڕوانن تا بزانن دارەکە بە کام لادا و بە سەر کام داردا دەکەوێ کە شتەکانی پێھەڵاوەسراوە. بەم شێوە دارە سووتاوەکە بەرەو ھەر ھێمایەکدا بشکێتەوە، دەڵێن ئەم ساڵ ئەو شتە زۆر دەبێ. بۆ وێنە ئەگەر دارە سووتاوەکە بەرەو نانە ھەڵواسراوەکەدا بکەوێ، دەڵێن ئەم ساڵ رزق‌ورۆزی و دەغڵ‌ودان زۆر دەبێ.

خەڵکەکە بەگشتی وێڕای چنینی دارەکان، کۆ دەبنەوە و لە پاشان بە پێکەنین و خۆشی وە سەربانی ماڵان دەکەون و لە خاوەن‌ماڵەکانیان دەوێ چێژنانەیان بداتێ و دەڵێن: “ھەتەرێ و مەتەرێ، یاخودا دوور بن لە شەڕێ، شتێکمان بۆ باوێژنە پشت چەپەرێ”. کوردەکانی کرماشان و لۆرستان ناوی ئەم جێژنەیان بە “بەھارا کورد” ناودێر کردووە و لەو ڕۆژەدا ئەم ھەڵبەستە دەڵێنەوە: “ئوساخویی و چە گوژی، خودا کوری نەکوژی، ئیمشەو سەرەو وەھارە، شادی وە ماڵتان بوارە.” عێلات و کوردەکانی ئیلام، دەڵێن: “ھیلی مەلی دەستی کەیوانووە زیر و پلی، تیمشەو سەرەو وەھارە، ئییەوە ھونەت بوارە. یانی ئەی کوڕان و کچانی کابانی دەست‌وپەنجە زێرین، ئەم شەو سەرەو بەھارە، خێر لە ماڵتان ببارێ.

لاوەکان ھەرکە وە سەربانی کەوتن، خاوەنماڵ بە ئەر‌کی خۆی دەزانێ ھەرچی بۆی بووز دەخوا و لە دەستی دێ بیدا بەو لا‌وانە. وەک پووڵ، زێر، گێوژ، مێوژ، بادام یان ھەر چی ھەیانبێ.
لاوەکان پاش کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە، جا ھەر گرووپەی کەلوپەلێکی زۆرتری کۆ کردبێتەوە لە لایەن کاکانکۆ (پیری ژیر) بە سەرکەوتو دەناسرێ. کۆی ئەو کەل‌وپەلانەی لە ھەتەرێ مەتەرێ‌دا کۆ بوونەتەوە بە سەر ئەو بنەماڵانەدا دابەش دەکرێن کە ھەژار و دەست‌بەتاڵن.

ئەوە چەند نموونەیەک بوو لە بەڕێوەبردنی ئەو بابەتە لە چەند ناوچەی کوردنشین بە ھەندێک جیاوازییەوە.

دیارە ھەنووکەش ئاسەواری ئەم جەژنە لە ناوچەکانی جۆراوجۆری کوردستان نەبڕاوەتەوە و ھەر دەڤەرێک بە زاراوەی خۆی ئەم ھەڵبەستانە دەڵێتەوە.

بە فەرمانی کاکانکۆ (پیری ژیر) لە پاش ئەوەی کە کۆلکەدارەکان لە سەریەک ھەڵچندران، سوارچاکێک بە ئەسپێکی ڕازاوەی پڕخوێنی کوردی دێتە مەیدان و ئەو جار کاکانکۆ (پیری ژیر) مەشخەڵەکە دەداتە دەستی سوارچاک و ئەمر دەکا ئاگری “بێڵن دانا” داگیرسێنێ. پاش ئەوەی ئاگرەکە داگیرسا، ئەوجار کاکانکۆ (پیری ژیر) ئەمر دەکا گەڕی ھەڵپەرکێ دەست پێ بکا. کیژ و کوڕەجحێڵەکان جل‌وبەرگی تازەیان پۆشیوە، کیژەکان گوڵی بۆن‌خۆش وەکوو ڕیحانە و ئەسپەندەر لەگەڵ خۆیان دێنن و تێکڕا لەو شادییەدا بەشداری دەکەن و مێوژ، گوێز و زۆر شتی خۆش و بەتام لە نێو خەڵکەکەدا دابەش دەکرێ.

لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی “بێڵن دانا” ھەموو جارێ کە دوو نەفەر دەگەنە یەکتر، دەڵێن: “بێڵن دانەت لە بەر بێ” یان “بێڵن دانەت لێ بێ” یان “بێڵن دانەت لە لا بێ” بە واتایەک مەبەست ئەوەیە بڵێ ئەو ڕۆژە خۆش و پیرۆزە بە ھەموو تایبەتمەندییەکانییەوە پێشکەش بە تۆ بێ. ئەو کەسەی خیراتر و زووتر ئەو بابەتە دەربڕێ و بڵێ “بێڵن دانەت لە بەر بێ” دەبێتە ساحەب حەق و بەردەنگ و کەسی بەرامبەر دەڵێ: “لە خۆش‌بێڵن دانان بی” یان “خۆش بێڵن دانەت بێ” و دەبێ بڵێ بخوازە؛ جا ئەگەر خواست و دڵخوازییەکی بەجێی ھەبێ، دەبێ جێبەجێ بکرێ و ھەر ئەو خاڵە دەبێتە ھەوڵ و ھەنگاوێک بۆ دۆستایەتی و یەک‌دڵ بوون. ھەر بەم پێیە ئەم جێژنە بە ڕۆژی لێک‌خۆش‌بوون و خۆشەویستی ناودێر کراوە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ لێک‌تر نیزیک بووونەوە و چێ‌کردنی پردی پێوەندی و خۆشەویستی.

پاش ھەڵپەڕکێ و گۆرانی و بەزم و شادی لە دەوری ئاگر، دارە چەقاوەکەی نێوەڕاست ئاگرەکە، دوای سووتان و بەربوونەوەی، لە ھەر کام لەو شتانەی ھەڵاوەسراون نزیک‌تر بێ، ئەوە دەبێتە دەرکەوتنی ڕەمزێک کە ئەو ساڵە ئەو بابەتە بەرەکەتی تێدەکەوێ.

ھاوڕێ دەگەڵ پاڕانەوەی پیری ژیر بۆ زۆربوونی ڕزق‌وڕۆزی، ئەو جار پیری ژیر ئەمر دەکاتە لاوەکان و بەگشتی بەشداران کە “بزووت” (ئەو دارەی سەرێکی باش سووتاوە و سەرەکەی دیکەی بۆ ئەوەی دەبێ دەستی دەیەی) پڕ دەنێ و بیفڕێنن و بۆ ئاغەڵی بەرن و دووکەڵەکەی دە ئاغەڵی گێرن تا بزنەکانیان بەر نەھاوێن. لاوەکان و بەگشتی ھەر کام لە بەشداران ھەموو حەوڵیان ئەوەیە خێرا پڕ داتە بزووت و خۆ بگەیەنێتە ئاغەڵ و لە ئاغەڵی بگێڕێ. بەشدارانی تر کەسی بزووت‌بەدەست وەبەر تۆپەڵەبەفران دەدەن تاکوو بتوانن بزووتەکەی لێ بڕفێنن و لە دەستی دەرھێنن. لاوەکە تێدەکۆشێ تا ئەو جێیەی تاقەتی لە ‌بەردایە ڕا بکا و کێ‌بەرکێیەکە بەرێتەوە.

لە خەڵکی ئاوایییەکانم بیستووە: ئەو بزووتە و لە ئاغەڵ‌گێڕانی تا بزنەکان بەر نەھاوێن ئەوەیە: ١ـ بە پێی ئەوەی ماڵات دووگیان دەبن ماسوولکەکانیان شل دەبنەوە و مەترسی بەرھاویشتنیان زۆردەبێ.

ئەو دووکەڵە، چاوترسێنیان دەکا تا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ھەناسەی قووڵ ھەڵنھاکێشن و ماسوولکەکانیان وێک دەھێننەوە و ئەو ماوەیە بە سڵامەت تێپەڕ دەکەن و تووشی بەرھاویشتن نایەن.
٢ـ بە ‌گشتی لەم وەرزەدا میکڕۆبەکانیش دەژینەوە؛ ئەو دووکەڵە دەبێتە ھۆکارێک بۆ لە نێوچوونی میکرۆبەکان و کەش‌وھەوایەکی پاقژ بۆ ئەو مەڕوماڵاتە.

پاش تێپەڕکردنی ھەموو ئەو قۆناغانە، ئەو جار خەڵکەکە بەشێک لە ئاسەواری ئەم ئاگرە (پۆلوو و پشکۆ) وەک شتێکی پیرۆز و متفەڕک ھەڵدەگرێ و دەیباتەوە ماڵێ و تێدەکۆشێ تا دوایین ڕۆژی زستان، ئەم پۆلوو و پشکۆیە نەکووژێتەوە.

پاشی ئەوەی ئەستونە دادەکەوێ چەند یاری دەکردرێ و براوەی یارییەکە خەڵاتی پێدەدرێ و بە پاڵەوانی بێڵن دانا ناوزەد دەکرێ.

لە کۆتایی ئەو ڕۆژە تایبەتەدا، کاکانکۆ (پیری ژیر) و ھەموو خەڵک دەست دەکەن بە نزا و پاڕانەوە بۆ زێدەبوونی ڕزق‌وڕۆزی، شیفای نەخۆشەکان، شادبوونی ڕووحی کۆچ‌کردووەکان، دۆستایەتیی بەردەوام، دووربوون لە بەڵا و موسیبەت و داھاتوویەکی پڕ لە خۆشی و شادومانی.

لێکۆڵەر موحسین ئەڵاوەیسی( ھەردەوان )
بێرلین

ئەو کەسایەتی و سەرچاوانەی یارمەتیم لێ وەرگرتوون:
١ـ خوالێخۆشبوو ئوستاد سەید عوبەیدوڵڵا ئەییووبیان مەرکەزی
٢ـ کتێبی زمستان در فرھنگ مردم کرد، ھاشم سەلیمی
بە سپاس لە بەڕێزان:
کاک عەلی ئیسماعیل زادە (ڕێبوار)
کاک سوارە فتۆحی
مامۆستا ھێدی ( جەعفەر حوسێن پوور )
استاد رحمت نادری مێژوناس.

ڕەنگە بە دڵت بن