سەرباز بەرزنجی: وەک شانازی بە کولتوری گەلەکەمان بە جلی کوردی و زمانی کوردی سوێندی یاساییم خوارد

سەرباز بەرزنجی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنێکی بچوکەوە لە بەریتانیا دەژی. ھەموو قۆناغەکانی خوێندنی تا بەدەستھێنانی پلەی دکتۆرا، لە بەریتانیا تەواو کردووە. ئەو وەک توێژەر سەرقاڵی توێژینەوەبووە لەبواری نانۆفایبەر و ئەندازیاری تایبەت بە بواری وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی، ھاوکاتیش مامۆستای وانەبێژ بووە لە زانکۆی لەندەن و ‎چالاکیی بەردەوامی لەبواری مرۆیی، زانستی و مافەکانی مرۆڤ ھەبووە.

دکتۆر سەرباز بەرزنجی لە لێدوانێکدا بۆ (رەوەند)، رایگەیاند: ‏‎بەدرێژایی ساڵانی ژیانی لە بەریتانیا، لەپاڵ کارکردن و کایە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکانی تری، بە بەردەوامی لە پارتی لەیبەر (پارتی کرێکاران) چالاک بووە و پلە بە پلە لە کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکانی حیزبدا سەرکەوتووە.

بەرزنجی رۆژی ٢٦ی ٤ی ٢٠٢٣ بە پارێزگاری ناوچەی لامبێسی لەندەن ھەڵبژێردرا. لەو بارەیەوە رایگەیاند: پێشتریش چەند جارێک بۆ پلە و پۆستی حکومی تەکلیفکراوە، بەڵام بەھۆی سەرقاڵی بەخوێندن و ژیان، تا ئەو کاتە دەرفەتی نەبوو، ”سوپاس بۆخوا لە ھەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیادا بە دەنگی راستەوخۆی ھاووڵاتییان ھەڵبژێردراین بۆ ئەندامی ئەنجومەنی لەندەن لامبیس و وەک ئەندامی ئەنجومەنی لەندەن“.

ھەروەک سەرباز بەرزنجی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی لەندەن لامبێس وەک جێگری پارێزگاری لەندەن لامبێس ھەڵبژێردراوە و دواتر لە مانگی ٤ی ٢٠٢٣ بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەک پارێزگاری لەندەن لامبێس، ھەڵبژێردرا.

سەرباز بەرزنجی رۆژی سوێندخواردنی وەک پارێزگاری ناوچەی لامبێس لە لەندەن، جلی کوردی پۆشی و لەبەردەم سیاسەتمەداران و نوێنەری شای بەریتانیا، بە ھەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی، سوێندی یاسایی خوارد، ئەو ئەم کارەی بۆ نیشاندانی ”رێزێک بۆ رەگوڕیشەی مێژووییمان و شانازیکردن بەکەلتور و مێژووی گەلەکەمان و سەلماندنی فراوانی پانتایی ئازادی و دیموکراسی لە شانشینی بەریتانیا“، گەڕاندەوە.

پارتەکەی سەرباز بەرزنجی (پارتی کریکاران) رێکخراوێکی فەرمی بەناوی (کورد بۆ لەیبە) دامەزراندووە و بەرزنجیش وەک سەرۆکی ئەو رێکخراوە دەستبەکار بووە، ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە وەک سەرباز بەرزنجی رایگەیاند، خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی بەریتانیا و بەتایبەت بە رەچەڵەک کوردەکان، پاڵپشتیی کاندیدەکان و ھەوڵدان بۆ سەرخستنیان لە ھەڵبژاردنەکان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی ھەردوو گەلی کورد و بەریتانیایە.

سەرباز بەرزنجی لەبارەی کاری رێکخراوەکەی، رایگەیاند: کورد بۆ لەیبە بەردەوام کار دەکات بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی بەریتانیا لە ژێر فەرمانڕەوایی حزبی لەیبە و ڕەخساندنی ھەلی یەکسان بۆ سەرجەم ھاووڵاتییانی بەریتانیا بەتایبەت پاڵپشتی و دەستگیرۆیی ئەو ھاووڵاتییانەی بە رەچەڵەک کوردن، لەتێکڕای کایە جیاوازەکانی کار و خزمەتی گشتی لەبوارە سیاسی، ئەکادیمی، بازرگانی، پزیشکی و پەروەردەییەکان، ”تا لەم رێگەیەوە بتوانین خزمەتی بەریتانیا و ھاووڵاتییانی بەریتانیا بکەین و پەیوەندییەکان بەھێز بکەین و سەرچاوەیەک بین بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ھەردوو کورد و بەریتانیا“.

لەو کاتەوەی بەرزنجی سەرۆکایەتیی کورد بۆ لەیبەی وەرگرتووە، ھەوڵ دەدات بە ھاوکاریی دۆستانی کورد لەناو پارتی کرێکاران و بە بەپلان و بەرنامەی تۆکمە، رۆڵی کاریگەرتر بگێڕێت بەمەبەستی دەستخستنی پشتیوانیی زیاتر بۆ کوردان لە بەریتانیا و تێکڕای جیھانیش. ھەروەھا کاریگەری دروست بکات لەسەر شوێنکردنەوەی کورد لەسیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا.

سەرباز بەرزنجی وەک پارێزگاری ناوچەی لامبێسی لەندەن، سەرۆکی دادگای باڵای بەریتانیا و وڵاتانی کۆمۆنوێڵسی خەڵات کرد. خەڵاتکردنەوەکەش وەک بەرزنجی رایگەیاند، لە پای تێگەیشتنی باشی سەبارەت بە دۆسیەی کورد بووە و جگە لەوەش، ئەو دادوەرە یەکێک بووە لەو دادوەرانەی کە رۆڵێکی گرنگی بینی لە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ رواندا، ”‏‎بەگرنگییەوە گرفتی پەنابەران و بارودۆخ و گوزەرانیانمان لەگەڵ باسکرد، ھاوکات لەمەترسیی ناردنەوە یاخود ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتی سێیەم ئاگادارمان کردەوە و بە وردی بابەتەکەمان بۆ شی کردەوە“.

ئەو دادوەرەی بەرزنجی خەڵاتی کرد، جگە لە تێگەیشتنی لە دۆسیەی کوردان لە بەریتانیا، ئاگاییەکی باشی لەسەر دۆسییەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە ھەبووە، ھەروەھا وەک ئەندامی لێژنەی یاسایی بۆ تاوتوێکردنی شیاوبوونی تورکیا بۆ ئەندامیەتیی یەکێتیی ئەوروپا، لەسەر پرسی کورد ومافی کەمینەکان، سەردانی باکووری کوردستانی کردووە، ”لەو بارەیەشەوە گفتوگۆی زۆرمان کرد ھەروەھا ئێمەش سەبارەت بەو پرسانە و پرسی تری تایبەت بە جینۆسایدی سەر گەلی کورد و دۆزی رەوای کورد زانیاری زیاترمان پێشکەش بەبەڕێزیان کرد“.

ڕەنگە بە دڵت بن