چاوپێکەوتن
د. فەریاد فازیل عومەر (لەدایكبووی ١١ی ئەیلوولی ١٩٥٠)ی سلێمانییە، ئەکادیمیکار، نووسەر و زمانناسێكی دیاری کوردە و دامەزرێنەری ئینستیتووتی خوێندنی کوردییە لە بەرلین. بەکالۆریۆسی لە زمانە ئێرانییەکان لە بەغدا بەدەست هێناوە، هەروەها دکتۆرای لە زمانی کوردیدا هەیە و تا ساڵی ١٩٧٨ لە زانکۆی سلێمانی وانەبێژ بووە. هەر لەو ساڵەدا چووەتە بەرلین بۆ توێژینەوە لە زمانی کوردی و لەوێش ماوەتەوە.
لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، وەک پێشەنگێک لە لێکۆڵینەوە و فێرکردنی زمان و کولتوور و مێژووی کوردی لە ئەڵمانیا، خەڵاتی سەرۆکی ئەڵمانیای پێ بەخشراوە، هەروەها لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دکتۆرای فەخریی پێ بەخشراوە.
هەر لە تەمەنی لاوییەوە كە قوتابیی قوتابخانەی ناوەندی بووە لە شاری سلێمانی، دەستی بە نووسینی هۆنراوە كردووە، پاشان چووەتە زانکۆی بەغدا و لەوێ یەکەم گۆڤاری قوتابییانی کوردی لە ساڵی (١٩٧٠) بە ناوی (نۆبەرە) بڵاو کردووەتەوە، هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە (١٠٠) نامیلکەی لە وتار و نووسینی نووسەران و زانایانی کورد بڵاو كردووەتەوە و یەکەم کتێبخانەی کوردیی بۆ قوتابییانی کورد لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا دامەزراندووە. دوای ئەوە گەڕاوەتەوە و لە زانکۆی سلێمانی لە ١٨ی ١٠ی ١٩٧٣ بووە بە مامۆستا و لەوێش بە پێشنیاری ئەو گۆڤاری (ئاسۆی زانکۆیی) بڵاو کراوەتەوە، بەرلەوەی لە زانکۆی ئازاد لە بەرلین ببێ بە مامۆستا، لە ساڵی (١٩٨١- ١٩٨٢) دوو دیوانی خۆی بڵاو کردوونەتەوە، ناوەرۆکی دیوانەکانی ھۆشیاری نەتەوەیی بوون و ئەوەیان دەگەیاند، کە ئەورووپا دەبێ لە كورد تێبگا. دەیویست ئەورووپا بزانێ كە گەنجی کورد چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن داوای مافی کورد دەکا. هەر لەو ساڵەش بووە بە مامۆستای وانەبێژ لە (زانکۆی ئازاد) لە بەرلین.
د. فەریاد لە ساڵی (١٩٨٦) لەگەڵ دەستەیەک ڕۆشنبیری کورد، لەوانە (حەمڕەش ڕەشۆ، ئیحسان ئاکسۆی، ئەحمەد جەلووسی، کەمال فوئاد، شەفیق قەزاز، پرۆفیسۆر موێنش- کە ئەڵمان بوو)،(ئەکادیمیای کوردی)یان دامەزراندووە. ئینجا لەگەڵ شەش ئەکادیمیکاری زانکۆی ئازاد لە بەرلین (ئینستیتووتی خوێندنی کوردی)یان دامەزراندووە و تا ئێستاش بەردەوامە لە خزمەتی کورد بە گشتی و منداڵانی تازە پێگەیشتووی کورد لە ئەورووپا بەتایبەتی.
زمانی کوردی بە دوازدە زمانی جیهانی پێشکەش دەكات
د. فەریاد فازیل، كە خۆی بۆ خزمەتكردن بە زمانی كوردی و ناساندنی بە جیهانی دەرەوە تەرخان كردووە، بەلایەوە گرنگ بووە، كاتێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٣ فرمانێکی دەرکردووە و ئەو بە بڕیارێکی مێژوویی دەزانێ، كە دەبێ ئەو بیانییانەی دێنە کوردستان، بۆ ماوەیەک زمانی کوردی بخوێنن و تاقی بکرێنەوە، ئینجا لە شوێنی کارکردندا وەریانبگرن، بۆیە د. فەریاد بیری لە دانانی بەرنامەیەك کردووەتەوە، کە نەوەی داهاتووی کورد لە ئەورووپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، پێویستیان بەو بەرنامەیە دەبێ و پێویستیشە ئەو بەرنامەیە فرەلایەن بێ و هەردوولا بپێکێ، واتە ئەو بیانییانەی، کە دێنە کوردستانەوە لەو ڕێیەوە فێری زمانی کوردی ببن و ئەو منداڵە كوردانەی لەدەرەوەش لەدایک دەبن زمانی کوردی لێوە فێر ببن. بۆیە تازەترین بەرهەمی ئەوەیە، کە زمانی کوردی بە دوازدە زمانی جیهانی پێشکەش دەكات، بۆ ئەوەی هاوشانی زمانەکانی جیهان بێت، کە بریتین لە زمانەکانی (تورکی، عەرەبی، فارسی، چینی، کۆری، یابانی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئیسپانی و هۆڵەندی).
لە ماوەی (٤٧) ساڵ ژیان لە ئەورووپا بنچینەیەکی دامەزراندووە، کە ئینستیتووتی خوێندنی کوردییە و بە عەرەبی پێی دەگوترێ (دیراساتی کوردی). لەو ماوەیەدا لە زانکۆش هەموو وەرزێکی خوێندن جگە لە هەردوو شێوە سەرەکییەکەی زمانی کوردی (کوردیی ناوەڕاست و کوردیی سەروو)، کە ھەموو وەرزێک وەک وانەی سەرەکیی گوتوونەتەوە، ھەر دوو ساڵ جارێکیش بۆ ماوەی دوو وەرز (زازا)یی و (هەورامی)یشی بە قوتابییەکانی گوتووەتەوە، ئەمە جگە لە خوێندنی وانەی مێژووی کورد. بە دامەزراندنی ئینستیتووتی خوێندنی کوردیی لە ساڵی (١٩٨٨)، دامودەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە خۆیشیان دامەزراندووە، کە تا ئەمڕۆ زیاتر لە (٥٠) کتێبیان بڵاو کردووەتەوە، ئەو کارانەی جگەلەوەی کە خزمەتێکی گەورە بوون بە زمانی کوردی، خزمەتێکی گەورەشن بە نەوەکانی ڕەوەندی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات.
”لۆبیی دروست بكەن و كار بە دروشمی کوردایەتی بەر لە حزبایەتی بكەن“
ئەو نووسەر و زمانزانەی كورد، خۆشحاڵە بەوەی یەکێک لە ئەرکەسەرەکییەکانی كۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، پاراستنی کۆڵەکەی زمانی کوردییە، پێیشی وایە کارەکانی ڕەوەندی کوردستانی فرەلایەنە، ئەم فرەلایەنییە دەبێ لە لایەکەوە لا لە کوردانی دەرەوەی وڵات بکاتەوە و ئاوڕ لە پێداویستییەکانیان بداتەوە و بەپیریانەوە بچێ و داوای هاوکارییش لە ھەموو لایەک بکەن، تا کارەکان زیاتر بەرەوپێشەوە بچن.
هەروەها زۆر بە گرنگ و پێویستی دەزانێ، كۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەرەوەی کوردستان بناسێنێ، واتە لۆبییەکی ئەوتۆ دروست بکەن، کە دۆست و دوژمانیش لە ئاستیاندا سڵ بکەنەوە و مافەکانی کورد بە دنیا بگەیەنێ، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە، هەوڵ بدەن کورد لە یەکتر نزیک بکەنەوە. لەوبارەوە د. فەریاد فازیل پێی وایە ئەو دروشمەی كۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی هەڵیگرتووە (کوردایەتی بەر لە حزبایەتی) ئەمە دروشمێکی پیرۆزە و دەبێ لە ساڵانی داهاتوودا کارێکی یەگجار زۆر بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم دروشمە بکەن. ئەو کارەی كۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردستانیشی زۆر بەدڵ بوو، کە لە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرییەكەیدا پرەنسیپێکی وایان پەیڕەو کرد، کە نوێنەرانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان، تەنانەت کوردانی ناوچەی قەفقازیش بەشدار بن و کەسیان فەرامۆش نەکرد.
د. فەریاد فازیل، وەک وەک زمانەوانێک، حەز دەکات كۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردی پەیڕەوی ئەو بەرنامە پەروەردەییە بکەن، کە ئەو گەشەی پێ داوە و یاسا و ڕێسای بنچینەیی بۆ داناوە. لەوبوارەدا كۆششی زۆری كردووە و کتێبی (ئەلفبێی کوردی) بە سیستێمێکی پەروەردەیی سەردەمیانەی وا داڕشتووە، کە هەموو منداڵێکی کورد بێ هاوکاریکردن لە توانایدا دەبێ فێری ئەلفبێی کوردی ببێ و ڕستە کوردییەکان بەسانایی بخوێنێتەوە. ئەمەش بەوەی کە پیتە عەرەبی- کوردییەکانی لە لای ڕاستەوە داناوە و پیتی لاتینی- کوردییەکانیشی لە لای چەپەوە داناوە. ئەپلیکەیشن و ئەنیمەیشنیشی بۆ دەقەکان داناوە.
لەپای خزمەت و تواناكانی، خەڵاتی سەرۆكی ئەڵمانیای پێ دراوە
د. فەریاد فازیل لە ساڵی (١٩٨٢)ەوە ئەندامی ڕێکخراوی (گەلانی هەڕەشەلێکراو)ە، کە دووەمین گەورەترین ڕێکخراوی مافی مرۆڤە لە ئەڵمانیا و سەرەتا لێپرسراوی (کارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی ئەو رێكخراوە بووە، پاشان لە ساڵی (٢٠١١) بە دەنگی زیاد لە (٣٥٠) ئەندام کۆنگرە بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێردراوە، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندام بوون و تا ساڵی (٢٠١٧) لەو ئەركەیدا مایەوە و خزمەتی كرد. لەو ماوەیەشدا لەلایەن سەرۆكی ئەڵمانیا خەڵاتێكی پێ بەخشراوە، ئەو خەڵاتەش بەو کەسانە دەبەخشرێ، کە لەناو سەدان کەس لە لایەن ڕێکخراوەکانی ئەڵمانیاوە بە بێ ئاگاداریی كەسەكان پێشنیاز دەکرێ، كە دەستنیشانیش دەکرێ لە لایەن سەدان ڕێکخراوی سەربەخۆوە دەنگی پێدەدرێ، خەڵاتەكە بەو كەسانە دەبەخشرێ، كە لە بوارێک یا کۆمەڵێک بواردا بە سەرکەوتوویی توانیویانە لە کۆمەڵگای ئەڵمانی و کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا ڕۆڵ ببینن.
لێرەدا سەرۆکی ئەڵمانیا هاتووە بە کۆی کاری زانستی و بەرهەمی ئەنجامی مافپەروەریی د. فەریاد، ئەو خەڵاتەی پێشکەش کردووە، بۆیە ئەو خەڵاتە خەڵاتێکە بە فرەلایەنیی خزمەت و توانستی د. فەریاد پێشکەش کراوە.
لە كاتی بەخشینی ئەو خەڵاتە پێی، وەزیری خوێندنی باڵای ئەڵمانی بەناوی سەرۆک کۆمارەوە وتارێكی پێشکەش کردووە و ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەو کارە زانستییانەی د. فەریاد بۆ خزمەتی زمان کردوویەتی (کە مەبەستی لە زمانی کوردی و ئەڵمانییە)، کاری سەد ساڵەن. واتە لە سەد ساڵدا دەتوانرێ کاری وا بەنرخ بە ئەنجام بگەیەنرێ.
وەزیر لەو وتارەكەیدا ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەو دیوانانەی د. فەریاد بە کوردی و بە ئەڵمانی بڵاوی کردوونەتەوە، هۆنراوەکانی دەنگی ئازادی کوردیان بە ئەورووپا و بە دنیا گەیاندووە.
رێزمانی كوردی بە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی
د. فەریاد فازیل پێی وایە، زمانی کوردی پێویستی بە پێناسەی زانستی هەیە و دەبێ بیر لەوە بکرێتەوە، جگە لەو فەرهەنگانەی ئەو بە زمانی ئەڵمانیی داناون، بە زمانی ئینگلیزییش بڵاو بکرێنەوە، یا فەرهەنگۆکێک کە نەخشەی بۆ کێشاوە و بە (ئینگلیزی- کوردی/ کوردی- ئینگلیزی/ بە ئیتالی و فەڕەنسی) دایڕشتوون، بڵاو بکرێنەوە.
پێیشی وایە، دەبێ کتێبی ڕێزمانی کوردی بەو زمانە ئەوروپییانە بڵاو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی فێرخوازان لەگەڵ زمان، دەستوورەکەش فێر ببن. هەروەها لە ساڵی (٢٠٢١) ڕێزمانی کوردیی بە زمانی ئەڵمانی بڵاو کردووەتەوە، كۆششیش ئەكات لە داهاتووی نزیك بتوانێ بە زمانی ئینگلیزییش بڵاوی بکاتەوە، ئەمە ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ شارەزایی لە زمانی کوردیدا پەیدا بکەن، هەروەها بۆ ئەو نەوە نوێیە و ئەو مامۆستایانەش، كە لە ئەورووپا دەیانەوێ بەوردی شارەزای زمانەکە ببن.

مەم و زین، لە دەلاقەی ماڵە كوردان بۆ كتێبخانەكانی ئەڵمان
د. فەریاد فازیل (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و (عەبدوڵا گۆران) و (فەرهەنگۆکی کوردیی ناوەڕاست)ی بە زمانە جیاوازەکانی دنیا پێشكەش كردووە. بڵاوکردنەوەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بە زمانێکی باڵای (ئەڵمانی) واتە بە زمانی (گوێتە و شیلەر) بە شیعر پێشکەش کردووە، بۆ ئەوەی تاموچێژی ئەدەبیی سەدەی حەڤدەیەمی زایینی پێ بدات، تا هەرکەسێک ئەم بەرهەمە بخوێنێتەوە، بزانێ، کە ئەم بەرهەمە لە سەدەی حەڤدەیەمی زایینیدا لەلایەن زانا، بلیمەت، شاعیر و فەیلەسووفێکی گەورەی کوردەوە نووسراوە. د. فەریاد هەوڵی داوە ئەم بەرهەمە نایابەی ئەحمەدی خانی ببێ بە بەرهەمێکی نێونەتەوەیی. بۆ ئەمەش شاعیرێکی باشی ئینگلیز زمانی دۆزیوەتەوە و مەم و زینی ئەحمەدی خانی بە ئینگلیزییش پێشکەش کردووە، مەرجیشی بۆ ئەمە ئەوە بووە، کە بە ئینگلیزییش دەبێ ئەم بەرهەمە بە شیعر بڵاو بکرێتەوە و بڵاویان کردووەتەوە. بەرھەمەکە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبووە، لەم کارەشدا پەیڕەوەی ئەو یاسایە کراوە، کە ئەدەبییاتی فارسی بە وێنەی شانامەی فیردەوسی و هۆنراوەکانی سەعدی شیرازی و جامی، کە لە سەدەی نۆزدەمدا وەرگێڕدراون و لە ئەورووپا بڵاو کراونەتەوە، تاوەكوو لە ماوەیەكی دوور یا نزیک، مەم و زینی ئەحمەدی خانییش بە وێنەی شانامە جێی خۆی بکاتەوە و ببێ بەو بەرهەمە نێونەتەوەییەی کورد، کە لە سەدەی حەڤدەمدا نووسیویەتی. هەرچی سەبارەت بە ئەدەبی (عەبدوڵا گۆران)ە، کە لەگەڵ ئەو شاعیرە ئینگلیزەدا وەری گێڕاوە و بڵاوی کردووەتەوە، هەمان ڕێگەی گرتووەتە بەر، تا خەڵکی دنیا بەرهەمێکی شیعری نوێی سەردەمی عەبدوڵا گۆرانیش بە چاوی خۆیان ببینن، ئەم بەرهەمە بە پیتی لاتینی و عەرەبییەکەش بڵاو کراوەتەوە، وەرگێڕانە ئەڵمانییەکەیشی لەگەڵدایە، تا خەڵکی لەوە تێبگا، کە ئەم شاعیرە بلیمەتە لە سەردەمی خۆیدا چ ڕۆڵێکی گەورەی بەرانبەر بە زمانی کوردی بینیوە. (نالی)یشی بە هەمان شێوە وەک نموونەیەک بۆ ئەدەبییاتی کلاسیکی کوردیی ئامادە کردووە و كۆشش ئەكا لە داهاتوویەکی نزیکدا (نالی) و (مەلای جزیری)یش بە کرمانجی بڵاو بکاتەوە، ئەمە جگەلەوەی کە تا ئێستا هەشت دیوانی خۆی بە زمانی کوردی و ئەڵمانی لە ئەورووپا بڵاو کردوونەتەوە.
ئەو نووسەر و شارەزای زمانە، سەرەتا مەم و زینی ئەحمەدی خانی لە ساڵی (١٩٩٥) بە شێوەی (پەخشان) وەرگێڕابوو، بەڵام دوای ئەوەی راوێژ لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکەیدا دەكات، بەتایبەت ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەی شارەزاییان لە زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی و زمانەکانی دیكەدا هەبووە، بۆچوونیان وا بووە، كە ئەم بەرهەمە بە شیعر وەربگێڕدرێ و پێشكەش بكرێ، بۆیە ساڵی (١٩٨٨) سەرلەنوێ دەستی بە وەرگێڕانی مەم و زین بە شیعر کردووە و لە ساڵی (٢٠٠٨) کۆتایی پێ هێناوە و ئێستا جیهان بە ناوی مەم و زینی ئەحمەدی خانییەوە دەیناسێ. بۆ ڕەونەقدان بە بەرهەمەكەش، پەنای بردووەتە بەر هونەرمەندێکی شاری مهاباد بەناوی (حەسەنی بیهروزی)، تا کۆمەڵێ وێنەی (مینیاتوری) بۆ بەرهەمەکە بكێشێ، لە ساڵی (٢٠١٢)شدا پەیوەندیی بە شاعیری ئەمریکی (میچ کۆون) کردووە و تا ساڵی (٢٠١٦) بەیەکەوە کاریان لە بەرھەمە ئینگلیزییەکەدا کردووە و سەرەنجام لە (٢٠١٨) مەم و زینی ئەحمەدی خانی بە هەردوو زمان چاپ کراوە.
”ڕووی گەشی بەرهەمەکان بە خەڵکی ئەورووپا بگەیەنن“
لە هەمبەر ئەوەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بیری لەوە كردووەتەوە فیدراسیۆنی تایبەتی بۆ زمانی کوردی و بۆ نووسەرانیش پێکبھێنێ، د. فەریاد فازیل پیرۆزبایی لەو هەنگاوە دەكات و دەڵێت پێویستە یەکێک لە کارەکانیان ئەوەبێ، ئەو کارانەی ئەو بیگەیەنن بە نەوەی تازەپێگەیشتووی کورد لە ئەورووپا و هەوڵ بدەن ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە و بەرنامەی تایبەتی خۆیان هەبێ بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی لەدەرەوەی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کتێبی ئەلفبێیەی، کە ئەو نوێی کردووەتەوە، بۆ ئەو منداڵانە بە گونجاو دەزانێ، بەتایبەتیش، کە ئێستا لە چاپی نوێیدا (ئەلفبێی لاتینی)شی بۆ زیاد کردووە.
لەبارەی نووسەرانیشەوە، رای وایە، دەبێ زۆر ئاگاداری ئەوە بن، کە چ بەرهەمێک بۆ زمانە ئەورووپییەکان وەردەگێڕن و چ پەیام و ئامانجێکیان هەیە، نابێ بە بەرهەمەکانیان ختووکەی خەڵکی ئەورووپا بدەن، بەڵکوو دەبێ ڕووی گەشی بەرهەمەکانی خۆیان بە خەڵکی ئەورووپا بگەیەنن.
د. فەریاد فازیل لە بەخششەكانی خۆی بەردەوامە و ئێستا خەریكی (کۆبەرهەمی شیعرییە بە کوردی، ئەڵمانی و ئینگلیزی)، تا لەزووترین كاتدا بڵاوی بكاتەوە. زۆریش شانازە بەو چوار فەرهەنگەی بە کوردی- ئەڵمانی، بە کرمانجی- ئەڵمانی، بە کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی)- ئەڵمانی، کە نزیکەی (٣٥٠) هەزار وشە دەبن، بڵاوی کردوونەتەوە، تاوەكوو بکرێن بە سەرچاوەیەکی دیجیتاڵی بۆ ھەڵەبژێرکردنی نووسینی کوردی. ئەم کارەیان سپێڵ- چێکەر (Spell-checker و لە مایکڕۆ ئۆفیسدا (Microsoft Offis)دا بۆ جاری یەکەم بۆ زمانی کوردی تۆمار کردووە و دانپێدانراوە و دەبێتە بناغەی ژیریی دەستکرد (AI) بۆ زمانی کوردی.