- كچە كورد شیوا ڕەحمانی، ناسراو بە چریكە هەورامی.
- ڕۆژی نەورۆز ٢١ی ٣ی ١٩٩٠ لە گوندی دزڵی (دەروازەی هەورامان) لەدایك بووە و تا تەمەنی ٣٠ ساڵی هەر لەوێ ژیاوە.
- خوێندنی سەرەتایی تا ناوەندی لە دزڵیی خوێندووە و پاشان بۆ زانكۆ چووەتە مەریوان و دوو ساڵ لەوێ ژیاوە، بەشی فێركردن و پەروەردەی مامۆستای سەرەتایی تەواو كردووە.
- لە منداڵییەوە چووەتە نێو دنیای هونەر و لە بواری بێژەری و پێشكەشكاری و نووسین چالاك بووە.
- بەڕێوەبەری بەرنامە هونەرییەكانی قوتابخانەكەیان بووە و هاندەری كچان بووە بۆ بەشداریی لە پرۆگرامەكانی.
- حەز و خولیای لە هونەر بووە و سەرەڕای ڕێگرییەكان كۆڵی نەداوە و كچێكی یاخی و چوست و چالاك بووە.
- ئەگەرچی گۆرانیگوتن بە تاك بۆ ژنان لە ئێران قەدەغەیە، بەڵام چریكە گۆرانیی گوتووە.
- ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ دوازدە گۆرانیی منداڵانی لە سنە ڕیكۆرد كردووە و لە كۆنسێرتێكدا بۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵان لە عیمارەتی خوسراوای سنە پێشكەشیان كردووە.

- لە دوو كاری شانۆیی بەشداریی كردووە، یەكیان شانۆیەكی موزیكاڵ بووە بۆ منداڵان، دووەمیان شانۆیەك بووە و وەك گۆرانیبێژ تیایدا بەشدار بووە.
- یەكەم كچ بووە لە ناوچەی هەورامان بۆ كونسێرت چووەتە سەر ستەیج، یەكەمین كۆنسێرتی لەگەڵ گرووپی زایەڵەی مەریوان بووە لە ٢٠١٨.
- لە ساڵی ٢٠١٩ وەك گۆرانیبێژ داوەت كراوە بۆ فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی دەربەندیخان.
- دوای ئەوە دوو ساڵ و نیو لە كۆمپانیایەك كاری كردووە و ئەو ماوەیە دوور كەوتووەتەوە لە كاری هونەری.
- ساڵی ٢٠٢١ چووەتە ئەڵمانیا و ئێستا لە شاری بەرلین دەژیت و لە چالاكییەكانی بەردەوامە.
- یەكەم كونسێرتی لە ئەوروپا لەگەڵ گرووپی كابووك بوو بە سەرپەرشتیی مامۆستا فەرهاد ئەمینی لە وڵاتی بەلجیكا و چەندین كونسێرتی دیكەیان هەبووە لە بەرلین.
- چەند كونسێرتی دیكەی لەگەڵ گرووپی نیوەشەو پێشكەش كردووە.
- ساڵی ٢٠٢٣ بۆ فێستیڤاڵی كوردستان لە فەنلاند داوەت كراوە و بەشداریی كردووە.
- ساڵی ٢٠٢٤ داوەت كراوە بۆ پرۆژەی ئەنفال لە وڵاتی پوڵەندا.
- حاڵی حازر لەگەڵ گرووپی پرۆفێشناڵی ساماڵ كار دەكات.
- دوایین كونسێرتی بۆ فێستیڤاڵی میتانی لە بەرلین بووە لە ٦ی ٦ی ٢٠٢٥.