کوردیپێدیا… پڕۆژەیەك لەسەر كورد و كوردستان

هاوڕێ باخەوان

کوردیپێدیا، پڕۆژەیەکە بۆ کۆکردنەوەی هەر زانیارییەکی پەیوەست بە کورد و کوردستان و بەهیوایە لەپاشەڕۆژدا ببێتە پڕ زانیاریترین سەرچاوەی کوردی و بەهۆیەوە بەئاسانی بزانرێت کێ، کێیە؟! و کوێ، کوێیە؟! و چی، چییە؟!. ڕێکخراوی کودیپێدیا ساڵی 2008 لەلایەن (هاوڕێ باخەوان)ەوە دامەزراوە.

کوردیپێدیا وشەیەکی لێکدراوە و لە (کوردی) و (پێدیا) پێکهاتووە. وشەی پێدیا، وشەی دووەمی وشەی لێکدراوی گریکیی ئەنسیکلۆپێدیایە (encyclopedia)، کە بەواتای ناسین، یان زانینی، یاخود زانیاریی گشتی دێت. وشەی کوردیپێدیاش لەوەوە داتاشراوە و دەکرێت واتای کوردناسی، کوردیناسی، یان کوردزانین، یاخود زانیاریی کوردی بدات. بۆ یەکەمجار وشەی کوردیپێدیا لەلایەن دامەزرێنەری کوردیپێدیاوە ئافرێندراوە.

سەرچاوەکانی زانیاریی نێو کوردیپێدیا بریتین لە:

– ئەو تۆمارانەی، کە هاوکارانی کوردیپێدیا لەنێو ماڵپەڕەکانی ئنتەرنێت دەیدۆزنەوە و لە یەکێک لە پۆلەکانی کوردیپێدیادا چڕ و پڕی دەکەنەوە و هەندێک جاریش هەوڵی گۆڕینی ڕێنووسە هەڵەکانی دەدرێت و بەشێوەیەکی دروست تۆماری دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاریی ناوەرۆکی بابەتەکان بکرێت. هەر بابەتێک لە هەر ماڵپەڕێکەوە وەربگیرێت، وەک ئەمانەتێکی زانستی، ناوی ماڵپەڕەکە لە لیستی سەرچاوەکەدا تۆمار دەکرێت.

– ئەو بابەتانەی، کە میوانانی کوردیپێدیا بۆمان دەنێرن و لە ڕێی فۆڕمی تۆمارکردنی بابەتێکەوە ئامادەی دەکەن. هەر بابەتێک لەلایەن هەر میوانێکەوە بەدەستمان بگات، ناوی ئەو میوانە دەبێتە سەرچاوەی ئەو بابەتە. (تکایە هەر کەسێک نایەوێت ناوی لە لیستی سەرچاوەکانی کوردیپێدیادا ببێت، با ئاگادارمان بکاتەوە).

– ئەو نامە تایبەتییانەی، کە بەدەست کوردیپێدیا دەگەن و پەیوەستن بە ژیان و کارنامەی ئەو کەسانەی، کە دەخوازن وەک بابەتێک بێنە نێو ئەم کوردیپێدیایەوە.

– ئەو بابەتانەی، کە هاوکارانی کوردیپێدیا لە دووتوێی بڵاوکراوەکاندا ئامادەی دەکەن و چڕ و پڕی دەکەنەوە و پۆلێنی دەکەن.

– ئەو دیمانانەی، کە هاوکارانی کوردیپێدیا لەگەڵ کەسانێکدا سازی دەكەن، بە مەبەستی نووسینەوەی بیۆگرافیی کەسێک، شوێنێک، ڕێکخراوێک، بڵاوکراوەیەک، یان هەر شتێکی دیكەی پەیوەست بە کوردستان و کورد.

– تەواوی بابەتەکانی پۆلی ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا) تا ساڵی 2010ز، لە داتابەیسی هاوڕێنامەوە وەرگیراونز بڕوانە: هاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد. دانانی: هاوڕێ باخەوان. چاپی یەکەم- بنکەی چاپ و پەخشی سەردەم- زنجیرە (16)- چاپخانەی ڕوون- سلێمانی- 1999ز.

– هەر تۆمارێک بێتە نێو کوردیپێدیاوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی بە کوردستان و کوردستانییانەوە هەیە، هیچ بابەتێک لەدەرەوەی ئەو تەوەرانە تۆمار ناکرێت. لەو تێڕوانینەوە، هەندێک جار ژیان و کارنامەی کەسێکی ناکورد دەبینیت، ئەو کەسە یان کوردناسە و خاوەنی باسێکە لەسەر کورد، یان کوردستانییە، یاخود پەیوەندیی بە ڕووداوێکی کوردستانییەوە هەیە.

(کوردیپێدیا) هیچ پەیوەندییەکی بە (ویکیپێدیا) و هەر ڕێکخراوێکی دیكەوە نییە، پڕۆژەیەکی سەربەخۆیە و ئەرکێکی تایبەتیی ڕێکخراوی کوردیپێدیایە.

تکایە ئەگەر هەر زانیارییەک لەم داتابەیسەدا بۆ بەڕێزتان گونجاو نییە و ناخوازن لێرەدا ببێت، ئەوا کوردیپێدیای لێ ئاگادار بکەنەوە.

کوردیپێدیا هەر زانیاری و وێنەیەک لە هەر سەرچاوەیەکەوە وەربگرێت، بۆ مەبەستێکی بازرگانی بەکاری ناهێنێت.

کوردیپێدیا بەردەوامە لەسەر پاکژکردنی بابەتەکان و وەرگێڕانی ساڵە کۆچی و هەتاوییەکان بۆ ساڵی زایینی بەشێوەیەکی دروست، تکایە لە هەڵە و کەموکورتییەکانمان ببوورن.

هەر زانیارییەک لە کوردیپێدیاوە وەربگیرێت، پێویستە ناوی سەرچاوەکەی و ناوی کوردپێدیای لەسەر بنووسرێت.

ماڵپەڕ و داتابەیسی کوردیپێدیا بە دۆت نێت- C شاڕپ و SQL بەتایبەت بۆ ڕێکخراوی کوردیپێدیا ئامادە و بەرنامە کراوە، بەردەوامیش لە باشکردن و گەشەکردندایە. ڕۆژانە لەسەر دوو سێرڤەری جودا بەکئەپی داتا و وێنەکان دەکرێت، تاوەکوو پارێزراوبن لە هێرشی هاککەرەکان!.

ماڵپەڕی (کوردیپێدیا) لەسەر براوسەرەکانی ئنتەرنێت (ئێکسپلۆرەر، فایەر فۆکس، سەفاری، ئۆپێرا و گووگڵ کرۆم) بەتەواوەتی تێست کراوە و بە بێ کێشە کار دەکات، تکایە ئەگەر هەر کێشەیەکتان بوو ئەوا ئاگادارمان بکەنەوە.

بەهۆی هەوڵەکانی هاوکارمان کاک (هەڤاڵ نەژاد)ەوە، کوردیپێدیا لە ڕۆژی 11-11-2013 بوو بە ڕێکخراوێکی فەرمی و لە هەولێر لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان تۆمار کرا.

لۆگۆی کوردیپێدیا بەتایبەتیی بۆ کوردیپێدیا لەلایەن کۆمپانیای (لۆگۆ-لەڤ)ەوە دروست کراوە. کۆپی ڕایتی فەرمیی هەیە و جگە لە کوردیپێدیا، یان ئاماژە بۆ کوردیپێدیا، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەکاری بهێنێت.

بەهیوای ئەوەی کوردیپێدیا بکەینە پڕ زانیاریترین سەرچاوەی کوردی و بانکی زانیاریی نەتەوەیی کورد!

ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا:

هەموو ئەمانەی لەخوارەوەدا ناویان دەهێنن، بەشدارن لە خزمەت و ئەرشیڤكردنی پرۆژەی کوردیپێدیا: (ئاراس ئیلنجاغی، ئاراس حەسۆ، ئەسعەد ڕەشید، ئەمیر سیراجەددین، ئەڤین تەیفوور، بەناز جۆڵا، زریان سەرچناری، زریان عەلی، سارا سەردار، سارا ک، سروشت بەکر، سەریاس ئەحمەد، شادی ئاکۆیی، شەنە بەکر، میلانۆ محەمەد ساڵح، هاوڕێ باخەوان، هومام تاهیر، هەژار کامەلا، ڕۆژ هەژار، ڕۆژگار کەرکووکی، ڤەژەن کشتۆ، کاروان م. ئاکرەیی، کاکۆ پیران، کشمیر کەریم).

ڕەنگە بە دڵت بن