کێشەکانی فێرکردنی زمانی دایک لە وڵاتانی دیاسپۆرادا

عەبدولوەهاب تاڵەبانی

ڕۆژنامەنووس- سیدنی

لەولای ماڵەکەمانەوە، بە مەودای نزیکەی کیلۆمەترێک لە سیدنیی ئوسترالیا، قوتابخانەیەکی خنجیلانە هەیە، لە کاتی  تەواوبوونی دەوام و دەرچوونی قوتابییەکان، لەبەر ئەو قەرەباڵغییەی ئۆتۆمۆبێلی کەسوکاری قوتابییەکان بۆ بردنەوەیان دروستی دەکەن، شەقامە سەرەکییەکە بۆ ماوەیەک دادەخرێ و دەبینم بە سەدان قوتابی لەو قوتابخانەیەوە دەردەچن. جارێکیان گوێم لێ بوو، کە بە زمانی خەڵکێکی نزیکی کوردستان قسە دەکەن، دوایی زانیم کە ئەو قوتابخانەیە تایبەتە  تەنیا بۆ قوتابییانی نەتەوەیەکی دیاریکراو، کە بە تەبیعەتی حاڵ خوێندن تیایدا بە زمانی ئینگلیزی و زمانی نەتەوەیی قوتابییەکانە. ئەم دیمەنانە، کە زۆر جار دەیانبینم، حەسرەتێکیان لەگەڵ پرسیارێکی تاڵ لا دروست کردم، کە بۆچی ئێمەی کورد لەم تاراوگایانەدا، توانای پێکەوەنانی چارەکێکی وەک ئەم جۆرە خوێندنگایانەمان نییە بۆ منداڵەکانمان؟!

    ئەزموونی زیاتر لە ٣٠  ساڵی کارکردنم لەناو کۆمەڵە کوردییەکانی ئوسترالیا، ڕایکێشامە ناو ئەو گرفت و ئاڵۆزییانەی کە لەم ڕووەوە هەمانە و وای لێ کردم، کە بەپێی تێگەیشتنم بۆ دۆخەکە، بیر و بۆچوونێک دەربارەی گەڵاڵە بکەم. لەم نووسینەدا، کە وا بزانم دەست دەدا بۆ ئەوەی ببێتە هەوڵێک لەپاڵ هەوڵەکانی دیکەی شارەزایانی بواری پەروەردە و مامۆستایان، بۆ لێکۆڵینەوەی مەسەلەکە لە دیدەنیگایەکی نەتەوەییەوە، کە ئەویش گەیشتنە بە گەڵاڵەکردنی میکانیزمی  سیستەمێکی کۆنکرێتیی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ منداڵانی ڕەوەندی کورد، کە پەیوەستە بە چارەنووسی نەوەکانی  ڕەوەندی کوردیی ئەمڕۆ و ساڵانی ئایندەمان و بە دەیان هەزار خێزانی کوردەوە، کە لەوانەیە سەدان هەزاریش بن و ساڵانێکی زۆرە لە تاراوگە دەژین و لەوانەیە ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین ببنە وڵاتی کۆتاییان و جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە کوردستان، بەڵام کێشەی زمانی کوردییان لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەیە، کە بە حوکمی چوونە قوتابخانە بیانییەکان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ منداڵانی دیکەی غەیرە کورددا، تا ڕادەیەکی زۆر لە زمانی دایک دابڕابن و بە کوردی قسە نەکەن، یان ئەگەر قسەش بکەن، ئەوا بە شێوەیەکی ناڕێک، یان بە کوردییەکی سەقەت قسە دەکەن و لەنێوان زمانی دایک و زمانی غەیرەکوردی مامۆستا و منداڵە هاوڕێکانیان دادەمێنن .

بە لەبیرکردنی کێشەی هەمەزاراوەیی زمانی کوردی و جیاوازیی ئەلفبێی نووسینی کوردی و تەسلیمبوون بەو ئەمری واقیعەی هەیە ، ئەم بابەتە دەمانباتەوە سەر سێ ڕێچکەی جیاواز :

یەکەمیان: دەستنیشانکردنی ستراتیج و مەبەستی کۆتایی لە ئاست خوێندن و پەروەردەی  کوردی لە وڵاتانی دیاسپۆرا.  

دووەمیان :لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی فەراهەمکردنی خوێندنی کوردی بۆ منداڵانی تاراوگە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەردەوام پشتیوانی کردنی.

سێیەمیشیان: چۆنیەتیی داڕشتنی پرۆگرام یان مەنهەجی خوێندن.

دەربارەی یەکەم ڕێچکەوە:

   بە بۆچوونی بەندە، ئەگەر ئامانجی کۆتایی لە فێرکردنی زمانی کوردی لە وڵاتانی دیاسپۆرا بۆ تەمەنێکی دیاریکراوی منداڵان بێت، دەبێ لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێ بکات تا تەمەنی ١٢ ساڵان، بەمەرجێ زمانی ناو ماڵی منداڵەکە بەزۆریی کوردی بێت، کە ئیتر منداڵان زمانی دایکیان بەتەواوەتی و بە باشی فێر دەبن و بە کوردییەکی رەوان قسەی پێ دەکەن و تا ئاستێکی باشیش فێری نووسین و خۆێندنەوەی زمانەکەیان دەبن، بەڵام ئەگەر مەبەست تەنیا فێرکردنی زانیارییە سەرەتاییەکانی زمانی دایک بێ، ئەوا لەوانەیە پێش دوازدە ساڵانیش کۆتایی بە مەنهەجەکە بهێنرێ و ئیتر منداڵان لەناو ماڵ  بە کوردییەکی ڕەوان قسە بکەن و بەردەوام بن .

دەربارەی دووەم ڕێچکە:

بە بۆچوونی بەندە، چوار لایەن لەتوانایاندا هەیە خوێندنی کوردی لە وڵاتانی دیاسپۆرا فەراهەم بکەن:

یەکەمیان خێزانی کورد:

پێویستە خێزانەکانی کورد لە ئاستێکی نەتەوەیی وادا بن، کە گرنگیی بە زمانی نەتەوەیی منداڵەکانیان بدەن و ئامادە بن منداڵەکانیان بنێرنە خولی فێرکردن، یان قوتابخانەی کوردی .

دووەمیان:

 خودی ڕەوەندی کوردانی دەرەوە لە ڕێگای کۆمەڵە و ناوەندەکانەوە، کە ئەمە  ئاسان نییە و لەوانەیە ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەی کوردیان تیادا کەمە، لە زۆر رووەوە نەتوانن ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدەن، وەک دابینکردنی کتێب و مامۆستا و جێگا و ڕێگا، هەندێک دەڵێن لە ڕێگەی خۆبەخشییەوە دەتوانرێ ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێ، بەڵام ئەو ئەزموونانەی خۆم بینیومە، ئەوانەیش کە بیستوومن، پێیان گوتووم ئەوە تەنیا خەیاڵە و بە خۆبەخشی هیچ ناکرێ، چونکە نە مامۆستا بەخۆڕایی دابین دەکرێ و نە کتێب و نە هۆڵی خوێندنیش.

دە پازدە ساڵێک بەر لە ئێستا، لە ئوسترالیا هەوڵێکی زۆر دڵسۆزانە درا، کە خولێک بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە خۆبەخشی بۆ منداڵانی کورد بکرێتەوە، بەڵام دوای ماوەیەک، لەبەر چەند هۆکارێک هەوڵەکە سەری نەگرت، لەنێویاندا کەمیی ئەو ژمارە منداڵە کوردانە بوو، کە نێردرانە خولەکە و نەبوونی پشتیوانیی دارایی. بۆ زانینیش، ژمارەی کورد لەو کاتانەدا لە ئوسترالیا هەر زۆر کەم بوو، ئێستاش لەچاو ڕەوەندی وڵاتانی دیکە ڕێژەی ڕەوەندی کورد لە ئوسترالیا هەر زۆر کەمە.

سێیەمیان :

حکوومەتی ئەو وڵاتانەی ڕەوەندی کورد تیایدا دەژی، ئەرکی جێبەجێکردنی هەموو پێویستییەکانی کردنەوەی پۆلی زمانی کوردی لەو شوێنانە ڕایی دەکا، کە ژمارەیەکی گونجاوی قوتابیی کوردی تیادایە و ئەوی من ئاگاداری بم تا ئێستا لە سوید ئەم بەرنامەیه هەیە و کاری پێ دەکرێ، بۆیە ڕەوەندی کوردی لە سوید لەم کێشەیە ڕزگاری بووە.

چوارەمیان:

کاتێک کە حکوومەتی وڵاتەکە «گرانت»، واتا هەندێ پارە وەکوو یارمەتییەک بۆ کردنەوەی خولی زمانی کوردی بۆ منداڵەکانیان بە ڕێکخراوەکانی ڕەوەندی کوردی دەدا، بێگومان ئەمە شتێکی باشە، ئەگەر بێتو کۆمەڵگای ڕەوەندی کوردییش هاوکار بێ لە هەوڵەکەدا و پیتاک بۆ کردنەوەی پۆلی فێرکردنی زمانی کوردی کۆ بکەنەوە و پێکەوە لەگەڵ ئەو پارەیەی حکوومەت دەیدا، کارەکە بخەنە سەر پێ، بەڵام لێرەدا لەوانەیە کێشەیەک پەیدا بێ، ئەویش ئەوەیە، کە مەرج نییە حکوومەت هەموو ساڵێ ئەو بودجەیەی هەبێ و پارە بۆ ئەو کارە خەرج بکات. 

دەربارەی  ڕێچکەی سێیەم :

ئەمەیان تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە و مەنهجی خوێندن لە وڵاتانی دیاسپۆرا پەیوەستە بە عەقڵ و کولتوور و شێوەی پەروەردەی هەر وڵاتێک لەو وڵاتانە، ڕاستە لە هەرێمی کوردستان مەنهەجێکی دامەزراوی خوێندن هەیە و ساڵانێکی دوورودرێژە پەیڕەو دەکرێ، بەڵام تایبەتە بە کوردستان و کولتووری کوردستان، هیچ مەرجیش نییە، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکوو سوید یان ئەڵمانیا، ڕێگا بە هەمان شێوازی عەقڵیەت بدا، کە لە کتێبی قوتابخانەکانی کوردستاندا هەیە، بۆیە دەبێ کتێبی خوێندنی کوردی لەلایەن مامۆستایانی کوردی شارەزای وڵاتانی دیاسپۆراوە دابنرێن و بنووسرێن و ڕێگاپێدراو بێت لەلایەن دەستەڵاتی خوێندن و فێرکردنی ئەو وڵاتانەوە .

بەگشتی، دەردەکەوێ ئەم مەسەلەیە تاک لایەنە نییە و یەک لایەن پێی ناکرێ ئەم پڕۆژەیە جێبەبەجێ بکات، بەڵکوو پێویستی تەواوی بە هاوکاریی هەر چوار لایەنەکە هەیە، کە پێک دێت لە خودی خێزانی کورد، کە هاوکار بن و ئامادەیی  تەواویان تێدا بێ بۆ ناردنی منداڵانیان بۆ فێربوونی زمانی دایک، ئینجا ڕۆڵی ڕيکخراوەکانی ڕەوەندی کوردی دێتەپێش، کە دەبێ لێرەدا کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی ڕۆڵێکی زۆر دیار ببینێت. سێیەم لایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەی ڕەوەندی کوردی تیادا دەژی. دواییش رۆڵی حکوومەتی کوردستان  دێت، کە دەبێ لە هەموو قۆناغەکاندا و لە زۆر ڕووەوە کاریگەریی هەبێ و ئامادەکردنی کتێب لەسەرووی هەموویانەوەیە، کە ئەوەش تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە .

ڕەنگە بە دڵت بن