رەوەند
“کە ئاوڕ لە ژیانم دەدەمەوە، دەزانم لەو کاتەی لەدایکبووم ژیانم بە هێلێکی راستدا نەڕۆیشتووە. بۆ پێشەوە هەنگاوم ناوە، بۆ دواوە گەڕامەتەوە! داگیرکەران نەیانهێشتووە لە زێدی خۆم بە ئارامی جێگیر بم، ئەمەشە وایکردووە چیرۆکەکانم وەک ژیانم پارچە پارچە بن و نزیک بم لەوەی گۆڕ غەریبیش بم!”. جەلال بەرزنجی وەها باسی ژیانی خۆی دەکات.
ئەو؛ لە گوندێک لە دایکبووە کە شەش سەت ساڵ تەمەنیەتی، کەچی تا ئەو کاتەی جەلال بەرزنجی شاعیر تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵان هێشتا قوتابخانەی لێ نەبووە، تەنانەت یەک دانە کتێبیش لەو گوندە نەبووە جگە لە کۆپی قورئان کە ئەویش لە مزگەوتی گوندەکەدا بووە، ئەمەش بە دیوەکەی دیکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە هەموو گوندێکی کوردستان ئەگەر تەنیا سێ ماڵ بوو بێت ئەوا مزگەوتێکی لێ بووە و، حوجرەی مزگەوتەکانیش یەکەمین قوتابخانە بوونە!
کاتێک دەزانێت لەگەڵ براکەی جمک نین، بەڵام لەسەر دەفتەر نفووسی هەردووکیان نووسراوە (١/٧) رۆژی لەدایک بوونیەتی تێدەگات ئەو رۆژە تەواو نییە، بۆیە لە دایکی دەپرسێت: کەی من لە دایک بووم؟
“گیا شین ببوو، مەڕوماڵات لێیان تێر دەخوارد و گوڵ دەستی بە خونچە کردن کردبوو”. دایکی وەها بەرسڤ دەداتەوە کە نە رۆژ، نە ساڵی تێدا نییە، بەڵکو ئەمە (سناپ شۆت)ـی وەرزێکە، یان روونتر بڵێین سناپ شۆتی زۆرینەی ئەوانەن کە لە تەسکەرەکەیان نووسراوە (١/٧).
“با تۆش ئەزموونی من دووبارە نەکەیتەوە”
“لە رێگای چوون بۆ ناونووسین باوکم گوتی: دەچین تا ناوت بۆ گەشتی فێر بوون بنووسین. خێراکە کوڕم با تۆش ئەزموونی من دووبارە نەکەیتەوە”. جەلال بەرزنجی وادەڵێت.
بێگومان ئەمە یەکەمین وێستگەی ژیانی جەلال بەرزنجی بووە کە ئێستا یەکێکە لە شاعیر و ئەدیبە هەرە بەناوبانگەکانی کوردستانە.
بەرزنجی، وەها باسی کەشی ناو قوتابخانەکە دەکات و دەڵێت؛ قوتابیەکان لە کورسیەکان زۆرتر بوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بچووکی قوتابخانەکە و گەورەیی و ئاوەدانی گوندەکە.
بەڵام هێرشی سوپای عێراق نەیهێشت ژمارەی کورسییەکانی قوتابخانەکە زۆر بن و، هەر ئەم هێرشە وایکرد گوندنشینان هەر یەک بەلایەکدا بڕوات و نەگەڕێنەوە.
بەرزنجی هەر لەو گوندە ئاشنایەتی لەگەڵ کتێب پەیدا دەکات و کتێبخانەیەکی چکۆڵانە لەناو دەلاقە گەورەکانی ماڵەکەی دروستدەکات، لێ وەک خۆی دەڵێت؛ هەر گوندەکەمان و قوتابخانەکەمان نا، بەڵکو کتێبەکانم و خەونەکانمیشم سووتان!
شار و قۆناغێکی نوێ!
وەک زۆرینەی هاوگوندییەکان ماڵباتی جەلال بەرزنجی شاعیریش بەناچاری بنەوبارگەیان بۆ هەولێر گواستەوە ، ئەمەش یەکەمین بەرکەوتنی شاعیر دەبێت بە شارێکی گەورە و جەنجاڵ کە ئەو تێیدا نامۆیە و هیچ شارەزای کوچە و کۆڵانەکانی نییە.
“لە هەولێر ، نۆستالیژیا لە دایک وباوکم نەدەگەڕا ببنە شاریی، بەڵام منداڵ زوو لە گەڵ دەوروبەری دەگونجێت و دەبێتە بەشەک لێیان. من زوو خۆشیم لەو شتانە دەبینی کە لە شار هەبوون و لە گوندەکامان نەبوون. لە شار دەستم بە گەشتی فێربوون، دۆزینەوە و خۆ پێگەیاندن کرد”. جەلال بەرزنجی لەبارەی دەستپێکی ژیانی شار وادەڵێت.
کتێبخانە یان هەستی ئازادی!
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خێزانی کوردەواری لە کۆندا، گەورەیی خێزان بووە لەڕووی ژمارەوە کە کەم خێزان هەبوون لە کوردەواریدا زیاتر لە هەشت منداڵیان نەبێت!
خانەوادەکەی بەرزنجیش لەمەدا بێبەش نەبوون، وەک خۆی دەڵێت؛ کاتێک لە قۆناغی ئامادەیی دەیخوێند لەبەر قەرەباڵغی نەیتوانیوە سەعی بکات بۆیە بە ناچاری رووی لە کتێبخانەی گشتی کردووە کە ئەو دەم شوێنەکەی لە جێگەی ئێستای ئەنجومەنی وەزیران بووە.
“کتێبی کوردی کەم بوون، بەڵام عەرەبییەکان زۆر بوون.. لە کتێبە عەرەبییەکان بە تایبەتی وەرگێڕدراوەکانم دەخوێندەوە”. بەرزنجی وادەڵێت، باس لەوەش دەکات کە هەر لەم تەمەنە بچووکەدا کتێبە ئەدەبییەکان زاڵ بوون بەسەر خوێندنەوەی کتێبەکانی قوتابخانە، ئەمەش وایکردووە هەم لە قوتابخانە نمرەکانی دابەزێت و مامۆستاکان لێی بدەن، هەمیش دایکیشی نیگەران بووە لەوەی هاموشۆی کتێبخانەی کردووە و کەچی برادەرەکانی بەشتی ترەوە خەریک بوون.
کتێبخانە و خوێندنەوەی کتێب دیدی بەرزنجی فراوانتر دەکەن و، وەک زۆرێک لە شاعیران و نووسەرانی کورد وایکردووە حەزی بچێتەسەر نووسین و بکەوێتە ژێر کاریگەری شیعری نوێی ئەوروپی کە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی عەرەبی.
“دایکم نەیدەزانی هەست بە ئازادی دەکەم و لەڕێگەی وشەوە دونیا دەدۆزمەوە، ژیان ئاوایە زۆرجار کەسە نزیکەکانیشت لێت تێناگەن!”.

زەمینەی سیاسی یان زەمینەی لەدایکبوونی یەکەم پەخشانە شیعر!
بەرزنجی، لە لەڕێگەی وشەوە ئاشنای شاعیری فەرەنسی پۆل ڤالێری دەبێت و کاریگەر دەبێت بە قسەیەکی ئەو کە دەڵێت؛ “پەخشان شیعری بردە سەما”، هاودەم زەمینە سیاسییەکەی ئەتمۆسفیری بەیانی ١١ـی ئازاری ١٩٧٠، بۆ بەرزنجی کە هێشتا قوتابی قۆناغی ئامادەییە لە ئامادەیی کوردستان لە هەولێر، دەبێتە دەرگایەک بۆ بزوتنەوەیەکی ئەدەبی و رۆشنبیری لە کوردستان، دەبێتە ژانی لەدایکبوونی یەکەم پەخشانە شیعری بەناوی (گۆڕستانی قلیشاوە) و لە گۆڤاری چوارچرا بڵاوی دەکاتەوە.
سەنسەر، یان دێوەزمەی ئەدیب و نووسەران
مخابن هەناسەی ئازادی زۆری نەخایەند و رێککەوتنی ١١ـی ئازار لەلایەن رژێمی بەعس پشتی تێکرا، ئەگەر ئەمە لەدیوە سیاسییەکەی بۆ قەزیەی کوردی رۆژگارێکی سەختی هێنایە پێشەوە، ئەوا بۆ نووسەرانیش لە دیوە ئەدەبییەکەی سەنسەری (رەقابە)ـی هێنایە ناو کایەی نووسین.
بەرزنجی، هاوشانی زۆرێک لە نووسەران ئەو سەنسەرە بۆی دەبێتە دێوەزمەیەک و ناهێڵێت بە دڵی خۆی وەک بولبولێک لەناو بەهار و گوڵزاری وشەدا بخوێنێت و، سەرئەنجام دوای دووجار رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی یەکەمین کۆرپەی شیعرەکانی بەناوی سەمای بەفرینی ئێواران لە ساڵی ١٩٧٩، لە جاری سێیەمدا بە کۆمەڵێک مۆری سووری مەمنوعەوە یەکەم دیوانی چاپ دەکات.
“هەر مۆرێکی پۆلیسی ئەدەب و لابردنی چەند بڕگە و پەرەگرافێک، لای من بڕینی بەشێک بوون لە هەست و دزینی خەونەکانم”. بەرزنجی وادەڵێت.
گەڕانەوەی دووەم بۆ کتێبخانە و دیلی وشە
دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ، بینای کتێبخانەی گشتی هەولێر دەکرێت بە باڵەخانەی دایرەی ئەمن، ئەمجارەیان بەرزنجی وەک خۆی باسی دەکات لەسەر وشە کەلەپچە دەکرێت و، بە چاو بەستراوەیی راپێچی یەکێک لە ژوورەکانی کتێبخانەی دەکەنەوە.
بەرزنجی، دیمەنەکانی زیندان و چیرۆکی ژیانکردنی ناچاری لە ژوورێکدا کە شوێنی تەنیا پانزە کەسی تێدا دەبووە و دەسەڵاتی بەعس شەست کەسیان تێپەستاوە کە هەر زیندانییەک تەنیا ٣٥ سانتیمەری بەردەکەوێت، لە شیعرێکدا تۆمار کردووە و، دەڵێت؛ تەنیا خەونەکانم و بڕوا بوون بەوەی رۆژێک دێت دیوارەکانی زیندان دەڕوخێن، هێزیان پێدام کە نزیکەی ئەو دوو ساڵەی جاری دووەمم لە ماڵی دووەمم کە کتێبخانە بوو کرابووە زیندان، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دیمەنێکی تراژیدی و کۆمێدییە، بمێنم و نەکەوم!
هەناسەیەکی دیکەی ئازادی بە تامی دەربەدەری!
رۆژگار تێپەڕین.. راپەڕینی بەهاری ئازادی ١٩٩١ـی باشووری کوردستان بۆ بەرزنجی و زۆرێکی دیکەی نووسەران دووجار ئازادی بوو، ئازادییەک رزگاربوون بوو لە رژێمێکی دیکتاتۆری و ئازادییەک نەجاتبوون بوو لە سەنسەر، بەڵام وەک خۆی دەڵێت؛ بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لە شەڕی کورد لەگەڵ کورد، “گەشتێکی دوور و درێژ و هەستیارم کرد”.
بەرزنجی، چارەنووسی خۆی و هاوژین و سێ منداڵەکەی دەداتە دەستی قاچاخچی بۆ ئەوەی بگات بە ئەوروپا، بەڵام فێڵی لێدەکرێت. ئەگەرچی ئەمجارەیان نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا دەرگای بەختی بۆ دەکەنەوە لە ئەمریکا، بەڵام دارستانە گەورەکانی کەندا بیروهۆشی داگیر دەکەن و، ئەمریکا رەت دەکاتەوە و داوای چوون بۆ کەندا دەکات.
دوای ١١ مانگ لە ژیانێکی سەخت و گیرفانێکی نیمچە بەتاڵ، دواجار وەک خۆی دەڵێت؛ پەنابەرێکی بە چانس بووم، کەندا دەرگای لێکردینەوە و لە رۆژە ساردەکانی مانگی بەفرانبار لەگەڵ هاوسەر و سێ منداڵەکەم گەیشتینە شاری ئیدمنتۆن لە کەندا. دوای گەشتێکی درێژ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، دووبارە ژیانمان لە سفرەوە دەستپێ کردەوە.
کەندا.. لوتکەی گەیشتن بە ئەدەبی جیهانی!
“قسەکەی مامۆستای جوگرافیا راست دەرچوو، خۆ لە کەنەدا دارەکان لە مرۆڤەکان زیاترن”. جەلال بەرزنجی وادەڵێت، زیاتر دەشڵێت ئەوە خۆشەویستی بوو بۆ ژیان وایکرد هەم بسازێ لەگەڵ کلتووری نوێی کەندا و رۆژئاوا، هەمیش لەگەڵ کەشە ساردەکەی کە هەندێکجار پلەکانی گەرما بۆ ٤٠ پلەی ژێر سفر دادەبەزن.
کەنەدا بۆ بەرزنجی تەنیا ئەزموونێکی نوێی ژیان نییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینیش دەبێت بۆ نووسینەوەی رۆژگارە رەشەکانی سەردەمی حوکمڕانی بەعس و، دەرگایەکی گەورەش دەبێت بۆ چوونەناو دونیای ئەدەبی جیهانی و بەدەستهێنانی دەیان خەڵاتی جیاواز و، بوون بە ئەندام لە چەندان رێکخراوی ئەدەبی جیهانی و کەنەدایی، لەوانە خەڵاتی نووسەری یەکەمی تاراوگە لە ٢٠٠٧، ئەندامبوون لە رێکخراوی نووسەرانی جیهانی، سەندیکای نووسەرانی ئەلبێرتا، کۆمەڵەی شاعیرانی کەنەدا، بوون بە خاوەنی پڕفرۆشترین کتێب.