دکتۆر سامان سۆرانی
دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا
ناوەندەکانی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن ڕۆژی 22ی نیسانی هەموو ساڵێك بە یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ساڵی 1898لە قاهیرە وەکوو ڕۆژنامەگەری کوردی بەرز ڕادەگرن.
ڕۆژنامەی “کوردستان”، کە پلاتفۆرمێکی میدیایی بوو، بوو بە نوێنەری ساتێکی بنچینەیی لە مێژووی هۆشیاری نەتەوەیی کورد. كوردستان تەنها ئامرازێکی ڕاگەیاندن نەبوو، بەڵکوو توانی ببێت بە فاکتەرێکی کاریگەر لە داڕشتنەوەی ناسنامەی گەلی کورد.
قاهیرەی ئەو سەردەمە فەزایەکی کراوە بوو، تێیدا پرۆژەی هزری نەتەوەیی کوردی دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخسا، تا بتوانێت لە ڕێگەی میدیاوە سەرهەڵبداتەوە.
بە دامەزراندنی چاپخانەیەکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی کوردستان پڕۆژەیەکی گشتگیر درووست بوو، تێیدا هۆشیارییەکی ستراتیژی لە پەیوەندی ڕۆڵی میدیا بە بنیاتنانی نەتەوە ڕەنگی دایەوە.
ئەزمونی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەکرێ لە ژێر ڕۆشنایی تیۆری ” (Imagined Communities)”ی مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کۆرنێلی ئەمریکی، بینێدکت ئەندەرسۆن، لێکبدرێتەوە کە گریمانەی ئەوە دەکات، نەتەوە ئەوەندە بوونێکی فیزیکی نییە، بەڵکو بنیاتێکی دەروونییە، کە لە ڕێگەی زمان و میدیاوە چوارچێوە دەگرێت. بە گوتەی ئەندەرسۆن، ڕۆژنامەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دروستکردنی هەستێکی هاوبەشی سەربەخۆیی لە نێوان ئەو تاکانەی، کە هەرگیز یەکتریان نەبینیوە، بەڵام بە گێڕانەوەیەکی هاوبەشەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ڕۆژنامەی “کوردستان” بەشداری کرد لە یەکخستنی گوتاری کوردی و بەستنەوەی نوخبە کولتوورییەکان لە سەرانسەری ناوچە پەرشوبڵاوەکانی جوگرافیاوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی بیرۆکەی “نەتەوەی کورد” وەکوو قەوارەیەکی وێناکراو، کە دەکرێت لە ڕووی سیاسییەوە دەستەبەر بکرێت.
دەکرێت ئەم ئەزموونە لە چوارچێوەیەکی تردا، لە ڕێگەی چەمکی (Cultural Hegemony) “هەژموونی کولتووری”ی بیرمەندی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی بخوێندرێتەوە، کە دەڵێت کۆنتڕۆڵ نەك هەر تەنها لە ڕێگەی هێزەوە، بەڵکو لە ڕێگەی داڕشتنی هۆشیاریشەوە ئەنجام دەدرێت. بەم شیوەیە ڕۆژنامەگەری چەند ئامرازێکی کاریگەرە، ئەوەندەش ئامرازێکی بەرخۆدانە، وەکوو چۆن گەلی کورد بۆ پێناسەکردن بەکاری هێنا وەکوو دژە گوتار لە بەرامبەر گێڕانەوەی نەرێنی زاڵ.
ڕۆژنامەی “کوردستان” هەوڵێك بوو بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی سیمبۆلی و پێدانی شوێنی شیاو بە زمانی کوردی وەکوو ئامرازێکی بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی زانیاری، پاش تێپەڕاندنی فەزا لۆکاڵییەکەی.
هەروەها دەتوانرێت ئەم ئەزموونە ببەسترێتەوە بە تیۆری (Public Sphere)”کایەی گشتی”ی فەیلەسوفی ئەڵمانی یورگن هابەرماس، کە جەخت لەوە دەکاتەوە، مشتومڕی ئازاد لە کایەی گشتی بەشدارە لە داڕشتنی بیروڕای گشتی. ڕۆژنامەی “کوردستان” سەکۆیەکی بۆ ئەم مشتومڕە ڕەخساند، پرسەکانی پەروەردە و زمان و مافەکانی وروژاند، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ پەرەپێدانی هۆشیارییەکی سیاسی بەکۆمەڵ.
سەرەڕای ئەم گرنگییە، ئەزموونەکە لەبەر چەند هۆکارێك لە قاهیرە زۆری نەخایاند، لەوانە نەبوونی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوی کوردی، کە توانای پاڵپشتیکردنی پڕۆژەیەکی میدیایی بەردەوامی هەبێت، جگە لەو فشارە سیاسیانەی، کە ڕۆژنامەیەکی نیشتمانی ڕووبەڕووی بووەوە، هەروەها پەیوەستبوونی ئەو پڕۆژەیە بە دەستپێشخەری تاکەکەسی بنەماڵەی بەدرخان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئەزموونە شکستی نەخوارد، بتوانی پێش سەردەمی خۆی بکەوێت و پریشکی ڕۆژنامەگەریی کوردیی هەڵگیرسێنێ و ڕێگا بۆ هەوڵەکانی دواتر، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان، خۆش بکات.
ڕۆژنامەکە سەرەڕای ئالنگارییەکان هەوڵی دا وەکوو خۆڕاگرییەك لە نێوان قاهیرە و جنێڤ جوڵە بکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکی بەرچاو بوو بۆ زیندوو ڕاگرتنی دەنگی کورد.
لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە میدیای سیاسی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ڕۆژنامەگەری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازی، ئەوەش لە ڕێگەی بنیاتنانی گوتارێکی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی جەماوەر و دروستکردنی گێڕانەوەی هاوبەش لە دەوری “مافی چارەنووس”.
لە حاڵەتی ئێمەدا ڕۆژنامەی “کوردستان” لە یەکەم پلاتفۆرمەکان بوو، کە بە شێوەیەکی عەقڵانی و ئاگادارانە لە ڕووی کەلتووری و لە ڕووی دوورکەوتنەوە لە ڕیتۆریکی پۆپۆلیستی، قسەی لەسەر پرسی مافی چارەنووس دەکرد.
بۆیە یادکردنەوەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی “کوردستان” تەنها یادکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەی پڕۆژەی هۆشیاری نەتەوەیی گەلی کوردستانە، کە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەیەکی قاهیرە دەستی پێکرد و هێشتا بەردەوامە و لەگەڵ هەر نەوەیەکی کوردستانی نوێ دەبێتەوە و بەدوای ئاسۆی نوێدا دەگەڕێت بۆ گەیشتن بە خواستەکانی کورد و کوردستان.