کتێبی لێکۆڵەرێکی کورد لە (١٨٠) وڵاتدا بەردەستە
بەهرۆز جەعفەر، دەربارەی جیهانێکی پۆست جەمسەر دەنووسێ
نووسەرو .. توێژەر
لە یەکێک لە دە بەهێزترین بڵاوکەرەوە زانستییەکانی جیهان کتێبی لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی کورد )بەهرۆز جەعفەر(ە بە زمانی ئینگلیزی، کە لە (٧٠٠٠) دامەزراوە و کتێبخانەدا بەردەستە. کتێبەکە بە ناونیشانی “جیۆپۆڵەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی فرەجەمسەری: وەرچەرخانی سیاسەتی جیهانی” لە (١٨٠) وڵات بەردەست دەبێت و لە پلاتفۆڕمە بەناوبانگەکانی فرۆشتن نرخەکەی بەپێی وڵاتان لەنێوان (١٣٠ بۆ ٣٠٧ یۆرۆدایە).
لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە، هەریەکە لە (سپرنگە، ئەمازۆن، بارنێس نۆبڵ، گۆگڵ بووک و بووک شۆپ) و دەیانی دیکە نووسیویانە؛ ئەم کتێبە بە قەبارەی (١٩٨) لاپەڕە لە وەرچەرخانی دەستەڵاتی جیهانی لە یەک تاکە زلهێزی باڵادەستەوە بۆ جیهانێک، کە چەندین یاریزانی کاریگەری تێدایە، دەکۆڵێتەوە. لەناو نەزمێکی نوێدا، کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد هاوشانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی دیکە سیستەمی جیهانیی لە قاڵب دەدەنەوە. کتێبەکە سەرەتا تیشک دەخاتە سەر جەمسەرگیریی لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. نووسەر چرکەساتێکی نوێ دەستنیشان دەکات، کە مرۆڤایەتی پێی تێخستووە، بەڵام ڕانەگەیەندراوە، ئەوەش لەنێوان جیهانێکی فرەجەمسەری و جیهانێکی بێ جەمسەردا دەبێت.
کتێبەکە سەراپا کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی نەرمەهێزی چین لە ڕێگەی پرۆژەی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگاوە پیشان دەدات. لەگەڵ ئەمەشدا سیمایەکی دیکە، کە لەو نەزمە نوێیە جیهانییەدا هەیە، سەرهەڵدان و زیادبوونی ژمارەی ‘هێزە مامناوەندەکان’ە، ئەمانە ئەو وڵاتانەن هێشتا زلهێز نین، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بڕیارە جیهانییەکان هەیە، وەکوو (هیندستان، سعوودییە، ئیسرائیل، تورکیا، یابان، ئێران، بەڕازیل و..تادوایی). ئەم گەلانە یارمەتیدەرن بۆ دیاریکردنی داهاتوو. لەناو پەرەسەندنی دابەشبوونەکانی نێوان هاوپەیمانییە جیهانییەکانی وەک ناتۆ و بریکس و دابەزینی بازرگانیی ئەمریکا و چین، جیهان دەچێتە سەردەمێکی نوێ، لەم سەردەمە نوێیەشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی گۆڕانکارییەکان دەبێت. ئەم کتێبە بە پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی بەنرخ سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، سەرنجی خوێندکاران و توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت ڕادەکێشێت، کە هەوڵدەدەن لەو دیمەنە ئاڵۆزە جیهانییەی ئەمڕۆکە تێبگەن.
جگە لە گرنگیی ناوەڕۆکی کتێبەکە بۆ بارودۆخی ناسەقامگیری ئێستای جیهان، لایەنێکی دیکە ئەوەیە، دوای پیاچوونەوە و گفتۆگۆیەکی زۆر، کتێبەکە لەلایەن “سپرینگە-Springer”وە وەرگیراوە و بڵاو کراوەتەوە؛ ئەم ناوەندە سەرەتا ساڵی (١٨٤٢) لە بەرلین دامەزراوە، ئیمڕۆکە لە (٤٠) پایتەختی گەورەی جیهان نووسینگەی هەیە و یەکێکە لە دە باشترین بڵاوکەرەوەی ئەکادیمیی جیهان لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان، بەهۆی کوالێتیی ئەکادیمی و داهێنان و کاریگەرییە جیهانییەکانییانەوە ناسراون.
بەهرۆز جەعفەر، گەنجێکی لەدایکبووی قەزای چەمچەماڵە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بڵاوکەرەوەکە لەبارەی ئەوەوە گوتوویەتی؛ بە شارەزایی زیاتر لە ١٨ ساڵ لە ئاسایشی وزە و جیۆپۆلەتیکی وزە و کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئامرازەکانی میدیا، گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوەدا دەنگێکی دانپیانراوە. کتێبی پێشووتری (بەهرۆز جەعفەر) ساڵی (٢٠٢٤) لەلایەن (گرووپی ئیمراڵد)ەوە بەناونیشانی “کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: هەڵدانەوەی وەرچەرخانێکی ناوچەیی” لە (١٤٠) وڵاتدا بڵاو کرایەوە و بەردەستە بۆ فرۆشتن.

گرنگیی کتێبەکە بۆ ئێستای جیهان
بڵاوکەرەوە زانستییەکە، کە ئەرکی نرخدانان و بەبازاڕکردن و دابەشکردنی لەئەستۆدایە، نووسیویەتی: ئەم کتێبە زۆر لە کاتی خۆیدایە و ناوەڕۆکێکی بەهێزی هەیە، بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و دروستکەرانی بڕیاری جیهانی و ناوچەیی گرنگە بۆ:
- بریکس و داهاتووی دراوی جیهانی: ئەم کتێبە شیکارییەکی گشتگیر لە بریکس و دیمەنی دارایی جیهانی پەرەسەندوو پێشکەش دەکات، کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بۆچی هەوڵەکان بۆ داماڵینی دۆلار، لەکۆتاییدا ڕەنگە شکست بهێنن. سەرەڕای ئاستەنگەکان، دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی یەدەگی جیهانی باڵادەست دەمێنێتەوە. بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەریی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. کتێبەکە میکانیزمە ستراتیژییەکان دەخاتە ڕوو، کە دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جێبەجێی بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لەم سەردەمەی گۆڕانکاریی جیهانیدا.
- دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستەمی جەمسەری نێودەوڵەتی: ئەم کتێبە یەکەم هەوڵە بۆ لێکۆڵینەوە لە پۆتانسێلی گواستنەوە بۆ جیهانێکی پۆست جەمسەر (جیهانێک نە تاک جەمسەرییە، نە جووت جەمسەر، نە فرە جەمسەر). بابەتێکی داهێنەرانە، یان ناوازەیە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها توێژینەوەکە سەرچاوەی جەمسەرگیریی جیهانیی تاوتوێ کردووە، لەوانە چەمکەکانی یەکجەمسەری، دووجەمسەری و فرەجەمسەری. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە بەرفراوانەکانی هێزی نەرمی چینی لەسەر جیهان بەگشتی دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
- تێگەیشتن لە داینامیکی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کتێبەکە یەکەم کتێبە، کە داینامیکی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ڕۆشنایی دەرەنجامەکانی شەڕی غەززە لەدوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ پیشان دەدات، تیشک خستنە سەر ناوچەکە لە چەند گۆشەیەکی جیاوازەوە، لەوانە کۆنتێکستی مێژوویی (وەک میراتی کۆلۆنیالیزم و سەردەمی دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی)، ڕکابەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان و هۆکارە ئابوورییەکان. ئاماژە بۆ پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی کەنداوی عەرەبی دەکات، بەتایبەتی سعوودییە، وەک زلهێزێکی ناوەند لە ئاستی جیهانیدا و زلهێزێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر دەکات. سەرەڕای ئەوەش، تەحەدداکانی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان دەکات، وەک؛ نەبوونی دامەزراوەی بەهێز، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قەیرانی کەمیی ئاو، ئاسایشی وزە.
- تیشک خستنە سەر خاڵی وەرچەرخانی جیهانی: ئەم لێکۆڵینەوەیە یەکەم کتێبە، کە بەدواداچوون بۆ ئەو خاڵە وەرچەرخانە جیهانییە دەکات، کە بەهۆی حەتمییەتی تەکنەلۆژی (Technological Determinism) و زیرەکی دەستکرد (AI ) و دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگای چینەوە هاتووەتە ئاراوە؛ ڕۆڵی یەکلاکەرەوانەی زلهێزە مامناوەندییەکان (هێزە مامناوەندییەکان) لە گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا، زیادبوونی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (بەتایبەت کۆمپانیا تەکنەلۆژی و سۆشیال میدیاییەکان). بەگشتی، کتێبەکە تێڕوانینێکی تیۆریی جەوهەریی سەبارەت بە داینامیکە ناوچەیی و جیهانییە پەرەسەندووەکان دەخاتە ڕوو.
- ڕۆڵی چارەنووسی زلهێزە ناوەندەکان لە دیمەنێکی جیهانی گۆڕاودا: ئەم هەوڵەی (د. بەهرۆز جەعفەر) تیشک دەخاتە سەر سەرهەڵدانی زلهێزە مامناوەندییەکان و ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە داڕشتنی فرەلایەنییەکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان. چیتر هاوپەیمانییە درێژخایەنەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کاڵ دەبنەوە، چونکە زلهێزە ناوەندەکان تادێت بەرژەوەندییەکانیان لە گۆڕانی دیمەنی جیهانیدا لەپێشینەدا دادەنێن، ئەمەش دیاردەیەکە، کە لە کاروباری نێودەوڵەتیدا وێنەی نەبووە. لە بەهاری عەرەبییەوە تا دوای ململانێی غەززە، کاریگەریی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمریکاوە بۆ یاریزانە ناوچەییەکانی وەک قەتەڕ و سعوودییە و ئیمارات گواستراوەتەوە. لەم نێوەندەدا ئەمریکا هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ هیندستان لە ئاسیادا لە باوەش دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیندستان وەک ئەندامی بریکس و کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێران و تا شەڕی ئۆکراینا، وەک خوازیارێکی سەرەکیی چەکی ڕووسیا دەمێنێتەوە.
لەم لینکانەی خوارەوە کتێبەکە بەردەستن: