مێزۆپۆتامیا… كاریگەرترین ڕێكخراوی پزیشكیی كوردستانی 

پوختەیەك لە ژیانی ئەكادیمیی

 پ. د. هەندرێن جەمال سۆران

– د. هەندرێن پسپۆرە لە لپدۆلۆجى، نەخۆشیى بۆرییەكانى خوێن، پارا-تایڕۆید، کالسیۆم و ماتابۆلیزمەکانی ئێسک. سەرۆكی تیمی خزمەتگوزاریی تایبەتمەندە بە چەورییەكانى خوێن لە مانچێستەر (كە بە گەورەترین ناوەندی تایبەتمەند لە بەریتانیا دەژمێردرێت)، هەروەها پسپۆڕە لە بواری خزمەتگوزاری بۆ نەخۆشییەکانی کالسیۆم و ماتابۆلیزمەکانی ئێسک. 

– توێژینەوەکانی لەسەر هەڵسەنگاندنی مەترسیى نەخۆشییەكانى دڵ و خوێنبەرەكان و جۆری و کارکردنی لایپۆپڕۆتینەكان، پەیوەندیی لایپۆپڕۆتین بە نەخۆشیی دەمار و شەكرە و قەڵەوى و توێژینەوە  دەرمانسازییەکانە.

– پ.د. هەندرێن سۆران زیاتر لە ٢٣٥ وتاری توێژینەوەی لە ژۆرناڵە بەرزەكانی جیهانی بڵاو کردووەتەوە، لەگەڵ چەند ڕێنماییەکی پزیشکی و بەشداریشی لە نووسینی چەندین کتێبی كردووە.

– سەرپەرشتیاری تیمی توێژینەوەى خوێنبەرەكان و دڵە لە نەخۆشخانەکانی زانكۆى مانچێستەر و تیمى توێژینەوەی چەورییەكانى خوێنە لە زانكۆی مانچێستەر.

– لە بەریتانیا، سەرپەرشتیاری گشتیی (UK Chief Investigator) زیاتر لە ٢٠ توێژینەوەی نێودەوڵەتیی کردووە لە چەندان وڵات و ناوەند،  هەروەها بەڕێوەبەری سەرەکیی (Principal Investigator) بووە بۆ زیاتر لە ٦٠ توێژینەوەى ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

– بەشدار بووە لە کۆمیتەی سەرپەرشتیاریى چەند توێژینەوەیەكى گەورەی نێودەوڵەتی (Randomised Control Trials).

– سەرپەرشتیی پازدە خوێندكاری لە (PhD) و دوو خوێندکاری ماستەر (MSc) كردووە. هەروەها سەرپەرشتیی دەیان پزیشكى كردووە بۆ ڕاهێنانی پزیشكی لە بواری خۆیدا.

– سەرپەرشتیاری Course-ی ڕاهێنانی پسپۆرییە (SCE) لە كوێرەڕژێنەكان و شەكرە لە بەریتانیا، کە ساڵانە ژمارەیەكى زۆری پزیشكان لە بەریتانیا و جیهان ئامادە دەبن.

– فۆڕمی ساڵانەی لایپید و ئاتەروسکلێرۆسیس و سیمپۆزیۆمی نوورث وێست بۆ ئەندوکراینۆلۆجی و کاردیۆڤاسکولار ڕێک دەخات.

ڕۆڵی پ. د. هەندرێن سۆران لە ڕێکخراوە پزیشکییەکان:

– سەرۆکی کۆمیتەی پزیشکی و زانستیی HEART UKەیە.

– سەرپەرشتیارى سەرەكییە لە:

– تۆمارکردنی FCS لە بەریتانیا.

– تۆمارکردنی HoFH لە بەریتانیا.

– پڕۆژەی نێودەوڵەتیی FCS-IP.

– سەرپەرشتیاری چەند پڕۆژەیەكی توێژینەوەى دیكەی گەورە دەكات، وەك:

– قەبارەبوون (Obesity).

– کێشەکانی لایپۆپڕۆتین.

– کێشەکانی میکڕۆ و ماکڕۆ-وەسکولەری لە نەخۆشیى شەكرە و قەبارەبوون.

ئەندامە لە:

-کۆمیتەی لایپۆپڕۆتین ئەفەریسیس لە UK.

– کۆمیتەی FHSC لە جیهان.

– کۆمیتەی بەریتانیا بۆ توێژینەوەی EUROASPIRE VI.

– ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری Atherosclerisisە.

– هاوسەرۆک بووە بۆ تیمی خزمەتگوزاریی نەخۆشیى بەرزى كۆلیسترۆلی بۆماوە لە بەریتانیا.

* چەندین جار وەك پسپۆر بانگەیشت كراوە بۆ European medicine agency, Medicines and Healthcare products Regulatory Agency، National Institute for Health and Care Excellence.

تیمەكەی پ. د. هەندرێن سۆران یەكێكە لە پێشڕەوەكان لە ئاستی جیهان

میوانی ئەمجارەی گۆڤاری (ڕەوەند)، (پ. د. هەندرێن جەمال سۆران)، پزیشكى ڕاوێژكار لە نەخۆشییەکانى ئەندوکراینۆلۆجیا و شەكرەیە، كە پرۆفیسۆرە لە ناوەندی ئەكادیمیى پزیشكیی زانکۆی مانچێستەر. سەرەتا سەبارەت بەو تیمە كوردی- بیانییەی پێكیان هێناوە و خۆی سەرۆكی تیمەكەیە و چەندیین توێژینەوەیان بڵاو كردووەتەوە، گوتی: ”تیمەكەی من گەورەترین تیمى توێژینەوەى زانستییە لە بواری قەڵەوی، چەورییەكانی خوێن و نەخۆشیى خوێنبەرەكان لە بەریتانیا و یەكێك لە گرووپە ناسراو و پێشڕەوەكانە لەسەر ئاستی جیهان. زۆربەی كارەكانمان سەركەوتوو بوون و بەشدار و ڕێگەخۆشكەر بووین بۆ داهێنانی تازە و دەرمانی تازە و بەرەوپێشچوون و باشتركردنی چارەسەری نەخۆش. توێژینەوەكانمان سەبارەت بە خانەكان لە تاقیگەوە دەست پێ دەكات لەسەر ئاژەڵ، دواتر قۆناغى یەك، دوو، سێ و چوارى توێژینەوەی نەخۆش لە بواری پسپۆریی خۆمدا. هەرچەندە توێژینەوە كلینیكییەكانی نەخۆش بەشی سەرەكیی كارەكانمانە. لە ئاستى بەریتانیا و جیهان سەرۆكایەتی و ڕێكخەری چەندین پڕۆژەی گرنگین و بەشداریی زۆری دیكەیشین. هەروەها خاوەنی تۆڕێكی فراوانی كاری هاوبەشین لەگەڵ چەندین گرووپی دیكەی ناسراو لە سەرانسەری جیهان. 

تا ئێستا سێ خوێندكاری كورد دكتۆرا و خوێندكارێكی ماستەریش لەژێر سەرپەرشتیى من خوێندنیان تەواو كردووە، هەروەها چوار خوێندكاری كۆلێژی پزیشكیش لە كوردستانەوە هاتوون بۆ لامان و لێرە لەژێر سەرپەرشتیی من هەریەكەی شەش هەفتە ڕاهێنانیان كردووە. هەروەك ئەوانی دی، هەموو ئەو خوێندكارە كوردانەی بەشدار بوون لە كاری توێژینەوەدا ناویان لە بڵاوكراوەكاندا هاتووە، كە جێگەی خۆشحاڵیمە. 

توێژینەوەكانمان لە گۆڤارە پزیشكییە هەرە بەرزەكان بڵاو دەكرێنەوە و ساڵانە لە کۆنفرانسەکانی بەریتانیا و جیهان تیمەكەم چەندین جار خەڵات کراون. 

بە پێویستیشی دەزانم باسی ئەوەش بكەم تا لەتوانامدا بووبێت بەشداری و پشتگیریی زانكۆكان و ڕێكخراوە پزیشكییەكانی كوردستانم كردووە و تا ئێستا چوار كۆڕبەندی پزیشكییم بە ئاستێكی بەرزی جیهانی و دانپێدانان و پشتگیریی كۆلێژی شاهانەی بەریتانیا لە دهۆك بە هاوكاریی پرۆفیسۆر جەمال بەشیر ڕێك خستووە.“ 

مێزۆپۆتامیا… كاریگەرترین ڕێكخراوی پزیشكیی كوردستانی 

سەبارەت بە بوونی ڕێكخراوێكی كوردستانی بۆ پزیشكان و پسپۆرانی كورد لە تاراوگە، پ. د. هەندرێن جەمال سۆران گوتی: ”مێزۆپۆتامیا ڕێکخراوێکی ئەکادیمییە لە بواری پسپۆرییەکی دیاریکراو، ئەم ڕێكخراوە لە بواری پزیشكیدا بەربڵاوترین و گەورەترین و كاریگەرترین ڕێكخراوی گشتگیرى پزیشكیی كوردستانییە لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە تاراوگەش.   

دەکرێ بگوترێ د. حوسێن بەکتاش دامەزرێنەری ئەم ڕێکخراوەیە، هەرچەندە چەند پزیشکێکی دیکەیش وەک د. فریاد حەوێزی، د. شوکور گولنەر، … لە دەسپێکەوە لەگەڵ دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە هاوکار بوون و ماندوو بوون. ئێستاش د. حوسێن بەکتاش سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە و د. باساك بەرزنجی نەقیبی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و سکرتێری ڕێكخراوی مێزۆپۆتامیایە.

كۆمیتەی زانستی و بەڕێوەبردنی مێزۆپۆتامیا بریتییە لە ژمارەیەک پزیشکی کوردستانی بە پسپۆریی جیاواز و هەوڵ دراوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ئەندام لەم كۆمیتەیەدا هەبن. 

دەیەمین کۆنفرانسی مێزۆپۆتامیا بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لە هەولێر بەڕێوە چوو. ساڵی ٢.٢٤یش هەر لە هەولێر بە سەرپەرشتیی د. باساك بەرزنجی کۆنفرانسمان ساز دا. 

لە ڕۆژانی ٥ و ٦ى مانگى ٢ى ٢.٢٦ پازدەمین كۆنفرانسی مێزۆپۆتامیا لە هەولێری پایتەختی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

شایەنی باسە چواردەمین کۆنفرانسی مێزۆپۆتامیا لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی سەرکەوتووترین کۆنفرانسی مێزۆپۆتامیا بووە. هەروەها پێویستە ئەوە باس بکرێ، كە کۆنفرانسی چواردەى مێزۆپۆتامیا دانپێدانان و پێزانینی کۆلێژی شاهانەی بەریتانى وەرگرتووە.“

”بۆ چەوریی خوێن و قەڵەوی و شەكرە، خۆپارێزی ئینجا چارەسەركردن“

سەبارەت بە نەخۆشییەكانی چەوریی خوێن، ئەم پزیشكە پسپۆرە دەڵێت: ”زانستی پزیشكی لە بواری چارەسەركردنی چەوریی خوێن، قەڵەوی، شەكرە و نەخۆشیی بۆرییەكانی خوێن، زۆر بەرەوپێش چووە، بەڵام زۆر گرنگە پێش هەموو شتێك خۆپارێزی بكەین، بۆ نموونە خواردنی گونجاو و دروست و دووركەوتنەوە لە چەوری و شەكر، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، لەجیاتی ئەوە وەرزش بكەین. ئەوجا ئەگەر كێشەیەك هەبێت تا زوو چارەسەر بكرێت باشترە، بۆ نموونە ئەگەر كۆلیسترۆڵ یان چەوریی خوێنی سیانی بەرز بوو، تا زووتر لەژێر چاودێریی پزیشك چارەسەر بكرێت باشترە.“ 

لەبەرامبەر بە توێژینەوە و خزمەتەكانیشی، دكتۆر هەندرێن و تیمەكەی چەندیین خەڵاتیان وەرگرتووە و لەمبارەوە گوتی: ”لە ساڵی ٢.٢١ لە ئەكادیمیای پزیشكیی زانكۆی مانچێستەر پلەی پرۆفیسۆرم وەرگرتووە. خۆم و تیمەکەیشم چەندین خەڵاتمان لە كۆنفرانسەكانی بەریتانیا و جیهان وەرگرتووە، بۆ نموونە، لە ٢.٢٥ و ٢.٢٤ لە كۆنفرانسى HEART UK خەڵاتمان بەدەست وەرگرت، هەروەها لە ڕێكخراوی ئەوروپای ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و ڕێكخراوی جیهانیی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان خەڵات كراوین.“

”لە هەر كوێ كارم كردبێ كوردبوونی خۆم ڕاگەیاندووە“

لەكۆتایی دیمانەكەیدا، پ. د. هەندرێن جەمال سۆران، پزیشكى ڕاوێژكار لە نەخۆشییەکانى ئەندوکراینۆلۆجیا و شەكرە، پێداگریی لەسەر ڕۆحی كوردانەی خۆی كردووە و ئاماژە بەوە دەكات: ”لە هەر شوێنێك كارێكی باشمان كردبێت، یان خەڵاتێكمان وەرگرتبێت، بە هەمووانم ڕاگەیاندووە، كە كوردم. كوردبوون و خاك و نەتەوە و شوناس بەشێكە لە كەسایەتیم. هەموو تاكێكى كورد بەپێى توانا لە بواری خۆیدا و لەو شوێنەی كاری تیادا دەكات پێوستە كوردایەتی بكات. تاكی كورد لێهاتووە و هیچمان لە كەسان و گەلانی دیكە كەمتر نییە و ئەگەر دەرفەتمان بۆ بڕەخسێت وەك ئەوان و زیاتریشمان پێ دەكرێت. بۆ گەنجەكانیش، پێویستە بزانن هیچ شتیك مەحاڵ نییە و هەوڵی بەردەوام و بێوچان سەركەوتنی بەدواوەیە.“

ڕەنگە بە دڵت بن