وتار
بۆچی لۆبیکردن لە دیاسپۆرا بۆ کورد گرنگە؟
تەحسین وسو عەبدوڵڵا*
بابەتی لۆبیکردن یەكێکە لە پرسە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان لە جیهانی ئەمڕۆ و چۆنیەتیی تێکەڵبوون لەگەڵ سیستەم و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی دیکە. دوای بڵاوبوونەوەی پرۆسەی جیهانگیری و پێشکەوتنی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زانیاری، نەتەوەکان زیاتر لەیەکتر نزیک بوونەوە و تێکەڵاوی یەکتر بوون. تێکەڵاوبوون و لەیەکتر نزیکبوونەوەی نەتەوە و دەوڵەتانیش بەرژەوەندییەکانی بەیەکەوە بەستووەتەوە، ئەم بەیەکەوە بەستنەوەیەی بەرژەوەندییەکان یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی کار و کارلێکردن لەنێوانیاندا بێتە کایەوە.
کورد وەك گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، نەك بەتەنیا لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهان، زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی دیکە پێویستی بە کاری لۆبیکردن هەیە، چونكە لە ڕێگەی لۆبیکردنەوە دەتوانێت دۆزە ڕەواکەی زیاتر بە دونیای دەرەوە بناسێنێت و پڕۆسەی سەرخستنی دۆزەکە بباتە پێشەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، فاکتەری یارمەتیدەر بۆ کاری لۆبیکردنی کورد لە دیاسپۆرا، بوونی ژمارەیەکی زۆری کوردە لەدەرەوە، بەجۆرێک، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا ڕەوەندی کوردی بەشێوەیەکی بەرچاو بەدی دەکرێت.
چەمکی لۆبیکردن مانای کارێک دەگەیەنێت، کە کەسێک یان گرووپێک کاریگەری بخاتە سەر ناوەندی بڕیار و سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەی، کە دەتوانن کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی خزمەتکردن بە بەرژەوەندی و دۆزی ئەو لایەن و گرووپانە دروست بکەن، كە کار بۆ سەرخستنی پرسێك دەکەن. ئەوەی لێرەدا دەتوانێت زیاتر ئەم ئەرکە ئەنجام بدات، گرووپ، ڕێکخراو، کۆمەڵە و کەسایەتییەکانی دەرەوەی دەوڵەتن، کە لە دیاسپۆرادا دەژین، چونکە لە ڕێگەی دروستکردنی فشار لەسەر حکوومەت و دەوڵەتانەوە دەتوانن دۆزی ڕەوای خۆیان، یان ئەو پرسە لەسەر ئاستی دونیای دەرەوە ببەنە قۆناغێكی گرنگ.
کەوایە، چەمکی دیاسپۆرا تەنیا ئاماژە نییە بە کۆچێكی سادە، وەك ڕۆیشتن لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دی، یان لە دۆخێك بۆ دۆخێكی دیکە، بەڵکوو کۆمەڵێك تایبەتمەندیی کولتووری، مێژوویی و سۆزدارییش لەخۆ دەگرێت، وەک یادەوەریی ھاوبەش، ھەستی نامۆیی لە وڵاتی خانەخوێ و پەیوەندییەکی بەردەوام (جا خەیاڵی بێت یان ڕاستەقینە) لەگەڵ نیشتمانی ڕەسەن (دایك)دا. ئەم چەمکە لەڕووی گوزارشتییەوە سەرەتا بۆ پێناسەی بڵاوبوونەوەی جووەکان لەدەرەوەی خاکی ئیسرائیل بەکار هاتووە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو کەس، گرووپ و کۆمەڵانەی لەدەرەوەی خاكی ئیسرائیلدا دەژیان، بەڵام لەسەردەمی ئەمڕۆماندا، بۆ دۆخ و پێناسی چەندین نەتەوە و گەلی دیکەی وەك ئەرمەنەکان، فەلەستینییەکان و کوردەکان بەکار دەهێنرێت، کە هەمان ڕامان و گوزارشت دەگەیەنێت.
ئامانج لە دروستکردنی گرووپی لۆبیی کوردی بۆ ئەو مەبەستەیە، کە کورد وەک وڵاتانی دیکەی دونیا ببێتە خاوەن گرووپی لۆبیی خۆی؛ ئەو کەلێنەیش پڕ بکاتەوە، کە هەمیشە بازی بەسەردا داوه. دەکرێت بە سادەیی ئامانج له دروستکردنی لۆبیی کوردی بۆ ئەوە بێت، لە ڕێگەی لۆبییەوە شان به شانی حزبە کوردی و کوردستانییەکان لەناوەوه قەناعەت بە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاربەدەستان لە ئەوروپا و جیهان و ناوچەکە بکات، تا کوردیش وەک وڵاتانی دیکە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، یانیش بە لایەنی کەمەوە کۆدەنگییەکی گەورەی جیهانیی بێتە ئاراوە، کە ئیدی کوردیش وەك نەتەوە دەتوانێت خۆی بڕیار لە دۆزی خۆی بدات، نەك نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بڕیار لە دۆزەکەی بدەن، چونکە هیچ گەلێك نییە ئەوەندەی کورد قۆناغی سەخت و دژوار و جەنگی مانەوەی بەرامبەر تورک و فارس و عەرەب و وڵاتانی زلهێز بینیبێت. بەشێک لە نەتەوە و گەلانی دیكە، بەرگەی زۆرداریی ئیمپراتۆرەکانیان نەگرت و بەیەکجاری لەنێو گەلانی دیكەدا توانەوه، بەڵام بەپێچەوانەوە، کورد تا ئێستا، سەرەڕای ئەو سیاسەتە توندوتیژەی لەبەرامبەری بەکار هێنراوە بۆ سڕینەوە و توانەوەی (Assimilation) لە ڕووی شوناسییەوە، کەچی توانیویەتی بەردەوامیی بە مانەوەی خۆی بدات، وەك نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەی سەردەست، یان ئەو نەتەوانەی، کە خۆیان وەك نەتەوەی سەردەست و کوردیان وەك نەتەوەیەکی ژێردەست سەیر کردووە.
ئێستایش سەردەمی گلۆبالیزم و پۆستمۆدێرنیزم و فەیسبووک و میدیایه، جیهان وەک گوندێکی بچووک سەیر دەکرێت، هەواڵ و ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبنەوه، کوردیش تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیوه، پشتگیریی نێودەوڵەتییشی تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەیه. بۆیە ئەستەمە گەلی کورد لەنێو نەتەوەکانی دیكەدا بتوێتەوه؛ واتا قۆناغی توانەوەی لەنێو عەرەب و فارس و تورک و عەجەم تێپەڕاندووه. بۆیە لەم کات و ساتە هەستیار و مێژووییەدا، ئەرکی سەرشانی حکوومەت و سەرجەم حزبە سیاسییەکان و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان و ڕەوەندەکانی کوردییه، هەوڵی جددی بدەن لە دروستکردنی لۆبیی کوردی لەسەر بنەمایەکی نەتەوایەتی، تاکوو بەم هۆیەوە ئەو کەلێنە پڕ بکەینەوە کەوا هەمیشە لە مێژووی گەلی کورددا پشتگوێ خراوە و بازی بەسەردا دراوه. لە ڕێگەی لۆبیی کوردییەوە بەردەوام کێشه و گرفت و زانیارییەکان بگەیەنینە سیاسییەکان بەتایبەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، تاوەکوو گوشارێکی گەورە لەسەر وڵاتانی سەردەستەی کوردستان دروست بکەین و دان بە مافی ڕەوای گەلەکەماندا بنێن. بۆیە دەکرێت لە ئاستی جۆراوجۆر دانیشتن لەگەڵ لۆبیی وڵاتاندا بکرێت و داوای هاوکارییان لێ بکەین.

کاری لۆبیی کوردییش سەرەنجام لەسەر حزبە کوردی و کوردستانییەکان وەستاوه. ئەگەر حزبە کوردی و کوردستانییەکان لە ڕۆڵ و گرنگیی لۆبیی کوردی تێ بگەن و کەسانی دڵسۆز و نەتەوایەتیمان هەبێت، ئەوا لەمڕۆ بەدواوە لەسەر ئاستی نەتەوایەتی کار بۆ دروستکردن و بەگەڕخستنی دەکەین، چونکە کاری لۆبیی کوردی هەر بە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان کۆتایی نایەت، بەڵکوو دوای سەربەخۆیی کوردستانیش پێویستیی زۆرمان پێیەتی. گونجاوترین پێشنیاری خێرایش لەمبارەیەوە ئەوەیە، کە:
– دروستکردنی گوشاری بەردەوام لەسەر دامودەزگەکانی حکوومەت تاوەکوو بە بەردەوامی بڕیاری ڕاست و دروست دەربکەن.
– گەیاندنی زانیارییەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پاراستنی پێوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستان و سیاسەتوان و پەرلەمانتاران و ئەندامانی حکوومەت و ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومییەکان.
ئەگەر لەڕابردوودا هەوڵێک بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی درابێت، ئەوا هەڕەمەکی بووه و جێگەی سەرنجی زۆر نەبووە. بۆ نموونه، هەرچەندە بۆ سەرخستنی لۆبیی کورد لە واشنتۆن کاری باش کراوە، بەڵام ئەو نووسینگەیەی لۆبیی کوردی لە واشنتۆن نەکراوە بە پڕۆژەیەکی گەورەی نەتەوایەتی. ئەوەی لەناوەڕاستی هەشتاکان لە بەریتانیا دروست بوو، لۆبیی کوردی نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی. هۆکارەکانیش ڕوون و ئاشکران: گرنگترینیان بەهێزیی دەزگای سیخوڕیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بوو لە وڵاتانی ئەوروپا و پشتگیریی بەردەوامی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەکە بوو بۆ ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیان. هۆکاری دووەمیش نەبوونی ڕەوەندی بەهێز لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەمیی سەرمایەداری کورد و نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز و کەمتەرخەمیی حزبه سیاسییە کوردییەکان بووە لە بواری لۆبیدا.
دوای نەوەدەکان و ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەرامبەر ئەمەریکا و کۆچی لاوانی کورد بۆ ئەوروپا و جیهان و ڕزگاربوونی باشووری کوردستان له دەست داگیرکەران و کرانەوەی جیهان بەڕووی گەلەکەمان و شۆڕشی ڕاگەیاندن و گلۆبالیزم و بوونی سەدان کۆمەڵه و ڕێکخراوی کوردی لە ئەوروپا و جیهان، ڕێگەخۆشکەرن بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێزی کوردی. بێ گومان، لۆبیی کوردی بە شەو و ڕۆژێک، بە حزب و ڕێکخراوێک بەتەنیا دروست نابێت و کاری لۆبییش دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان هەرگیزاوهەرگیز کۆتایی نایەت.
ئەمانەو چەندین خاڵی دیکه، کۆمەڵە هەنگاوێکن بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی؛ هەموو هەنگاوەکانیش لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێ دەکەن. هیوادارین ڕۆژێک بێت بتوانین پێکەوە لۆبیی کوردی لەسەر ئاستی نەتەوایەتی دروست بکەین.
کورد بە شێوەیەکی گشتی، هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پێویستییەکی زۆریان بە کاری کۆبیکردن هەیە، لەپێناو سەرخستینی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش. کورد وەك هەر نەتەوەیەکی دیکە لە جیهان، خاوەن هێزی مرۆیی زۆرە بۆ برەودان بە پڕۆسەی لۆبیکردن، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە، کە دەبێت ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئاست و شێوازی کاریگەرییەکەی زیاتر بێت.
لۆبیی کوردی زەمینەسازیی باش و پلانی تۆکمەی دەوێت، بەتایبەت لەلایەن حزبە کوردی و کوردستانییەکانەوه، چونکە هەموو حزبە کوردی و کوردستانییەکان دەتوانن لە هەموو کاتێکدا سوود لە وزه و توانای لۆبیی کوردی وەربگرن و له کاتی خۆشی و ناخۆشیدا پاڵپشتی گەورەی حزبەکان و گەلی کورد بن. زۆر گرنگە بەلایەنی کەمەوە هەوڵی ئەوە بدەین، زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەکان و ئەکادیمییەکان و خاوەن توانا و لێهاتووەکان و خاوەن سەرمایەکان و پسپۆرانی وڵاتانی خانەخوێ و کوردستان کۆ بکەینەوه.
* مامۆستای زانكۆ و قوتابیی دكتۆرا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین- هەولێر.